منداڵان بە ناوی یارییەوە دەستدرێژییان دەکرێتەسەر

منداڵانیش بەدەر نین لەو عەقڵیەتەی هەمیشە دەستدرێژی و هەرانسانکردنی دەوروبەر دەخوازێت، زۆرینەی کات بەناوی یاریکردنەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەر منداڵان و منداڵانی ئاوارە و ناو کامپەکان قوربانی سەرەکی ئەم دیاردە قێزەونەن.

لاڤە کوردە

 

سلێمانی- زۆر لە دایكان و باوكان، تەنیا ئەو كاتەی كە باسی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵ دەكەیت هۆشیار دەبنەوە و ترس دایاندەگرێت، بەڵام زۆرینەی کات ناهۆشیارن بەرامبەر ئەوەی کە ڕەنگە منداڵەکانیان هەراسان بکرێن و دەستدرێژی ڕۆحی و جەستەیی بکرێتە سەریان، دەستدرێژی زیان بە رۆحی منداڵ دەگەیەنێت و دەبێتە سەرەتایەك بۆ ژیانی ڕەشی منداڵ.


دەستدرێژی، بە پێناسەیەكی گشتی، واتە ئەنجامدانی هەر شتێك بەرامبەر بە منداڵ كە پەیوەندی بە لاشە و ئەندامی زاوزێی هەبێت و خۆی قبووڵی نەبێت، یاخود فیزیكی لە ڕێگەی قسە و ئاماژەوەیە، ئەگەر ئامارێك بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕێژەی دەستدرێژی بكرێت، ئەوا دەردەكەوێت كە ئەمە بابەتێك نییە پشتگوێ بخرێت.
 

ڕۆژێک بۆ هۆشیارکردنەوە دیاری کرا

ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرەتای ئەم مانگە بڕیارێکی دەرکرد کە ١٨ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژی دژ بە منداڵان بناسرێت، ڕەشنووسی بڕیارەکە کە ڕۆژی ٧ی تشرینی دووەم لەلایەن ئەنجومەنەکەوە پەسەند کراوە، ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەم ڕۆژە جیهانییە لەمساڵەوە پیرۆز دەکرێت.

 

بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان هانی پابەندبوون دەدات بە بەرزکردنەوەی هۆشیاری گشتی بەرامبەر ئەوانەی کە بەهۆی دەستدرێژی سێکسی منداڵانەوە زیانیان بەرکەوتووە، پێویستی ڕێگرتن و بەرەنگاربوونەوەی ناچارکردنی سێکسی و دەستدرێژی و توندوتیژی دژ بە منداڵان دەخاتەڕوو و تاوانباران بەرپرسیار دەکات، بڕیارەکە بانگهێشتی هەموو وڵاتانی ئەندام و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی سیستمی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تر و سەرکردەکانی جیهان و کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دەکات کە هەموو ساڵێک هەریەکەیان بە گونجاوترین شێوە بە جۆرێک چاودێری ئەم ڕۆژە جیهانییە بکەن.

 

 

"هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا، دەستدرێژییە"

کۆماری سیرالیۆن کە بەشداری لە داڕشتنی ڕەشنووسی بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و دوای وەرگرتنی ڕەشنووسی بڕیارەکە لەلایەن ئەنجومەنی گشتیەوە، فاتمە مادا بایۆ، خانمی یەکەمی کۆمارەکە بڕیارەکەی ناساند و دەستدرێژی سێکسی منداڵانی بە "تاوانێکی قێزەون" ناوبرد، کە بە تایبەت کار دەکاتە سەر ئەو منداڵە کچانەی مەترسی زیاتریان هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سێکسی زۆرەملێ و ئیستغلالکردن، وتیشی: "نازانم لە جیهاندا دەتوانین دەست لە دەستدرێژی سێکسی هەڵگرین یان نا، بەڵام دەنگ بەرزتر دەکەینەوە، بە بڕوای من ژمارەی قوربانییەکان کەم دەکاتەوە، من قوربانی دەستدرێژی سێکسی نیم، بەڵام من قوربانی هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدام، من دەڵێم هاوسەرگیری پێشوەختە جۆرێکی یاساییە لە دەستدرێژی سێکسی، بۆیە پێموایە قوربانییەکان هەموویان هەمان چیرۆکیان هەیە، چونکە کاتێک کەسێک بەبێ ڕەزامەندی تۆ جەستەی تۆ پێشێل دەکات، تاوانێکە و مافی مرۆڤت تاڵان دەکات، بۆیە ١٨ی تشرینی دووەم ئەو ڕۆژە دەبێت کە پێکەوە کۆدەبینەوە، پێکەوە هاوار دەکەین و دەڵێین ئێمە هێشتا زیندووین، ئێمە دەژین ئەگەر پێتوایە ئێمەتان لابردووە، ئێوە هەڵەن، ئەوە ڕووینەداوە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە خەڵک نایانەوێت باس لە دەستدرێژی سێکسی بکەن کە کێشەیەکی زۆر جدییە، بۆیە ئەگەر ڕۆژێکی لەم شێوەیەت هەبێت و خەڵکێکی زۆر ئامادەبن شایەتی بدەن گرنگە.

 

 

منداڵانی ئاوارە و کۆچبەر قوربانی سەرەکین

منداڵانی کۆچبەر و ئاوارە هەمیشە مەترسیان لەسەرە بۆ دەستدرێژی کردنەسەریان و دوای ئەو دیاردە قێزەونە هەڕەشەیان لیدەکرێت بەوەی بێدەنگ بن و هیچ شتێک نەدرکێنن، سەرچاوەیەک کە نەیویست ناوی بهێندرێت ئاماژەی بەوەکرد کە لە کامپی ئاوارەکانی باشووری کوردستان بە سەدان منداڵی کچ و کوڕ هەن دەستدرێژییان کراوەتە سەر و هەندێک لەو منداڵانە بێئاگان لەوەی کە ئەوە دەستدرێژییە، بەڵام کاتێک دەکەونە قسە دەردەکەوێت کە دەستدرێژی کراوەتە سەریان.

 

ئەو سەرچاوەیە وتی: لە کامپەکاندا منداڵان فریو دەدرێن لە بەرامبەر بڕێک پارەی زۆر کەمداو ئەو کارە نامرۆڤانەیەیان بەرامبەر دەکرێت، ئەو شتە قێزەونە لای منداڵان کراوە بەجۆرێک لە یاریکردن و کەسانی گەورە بە منداڵەکان دەڵێن با یاری بکەین، بەڵام دەستدرێژییان دەکەنە سەر.

 

ئەوەشی خستەڕوو کاتێک منداڵان دەدوێن لە بارەی ئەوەی یارییەکان چییە کە دەیکەن؟ لە وەڵامدا دەردەکەوێت کە ئەوە یاری نییە بەڵکو دەستدرێژییان کراوەتەسەر، وتیشی: منداڵان کاتێک لەبارەی یارییەکانەوە قسە دەکەن ئەوە ئاشکرا دەبێت کە لەلایەن کەسانی گەنجەوە دەستدرێژییان کراوەتە سەر، چونکە ئەو منداڵانە هەستیان بە ئازار کردووە و لە قسەکانیاندا هەستی پێدەکرێت.

 

ئامارەکان مەترسیدارن و دەشاردرێنەوە

لە درێژەی توندوتیژی و دەستدرێژییە سێکسییەکان لە کۆمەڵگەدا و بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە حەوت مانگی سەرەتایی ساڵی ٢٠٢٠ لە هەرێمی کوردستان ٤٠ حاڵەتی دەستدرێژی تۆمار کراون، منداڵان و ژنان، قوربانی سەرەکی ئەم تاوانەن، ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و مافی ژنان و منداڵان هۆشداری دەربارەی زیاتربوونی ئەو تاوانە دەدەن و پێشیانوایە ئامارەکانی دەستدرێژی سێکسی زۆر زیاترن لەوەی ڕادەگەیەندرێت.

 

هەرچەندە ئامارەکان ئاشكرا ناکرێن و لەلایەن دەسەڵات و کەسوکاری منداڵانەوە  دەشاردرێتەوە، بەڵام ناو بەناو پزیشکانی دادوەری بە باسکردن لە کەیسەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەو تاوانە قێزەونە بەردەوامی هەیە و کۆمەڵگە بێئاگایە لەوەی کە ڕێژەکەی ڕوو لە زیادبوونە.

 

دیلمان ئازاد خۆشناو، پسپۆڕی پزیشکی دادوەری لە هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە بەردەوام هۆشداری دەداتە کۆمەڵگە و دایک و باوکان کە ئاگاداری منداڵەکانیان بن و بە باسکردن لەو کەیسانەی بۆ پشکنین دەبرێنە لایان ئەوە ڕووندەکاتەوە کە لە هەرێمی کوردستان ئەو تاوانە بوونی هەیە و منداڵان مەترسیان لەسەرە، لە نوێترین نمونەدا لەڕێگەی پەیجە فەرمییەکانی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ باسی لە  کەیسێک کردو وتی: "منداڵێکی کچ، دایکەکەی زۆر بە شڵەژاوی هێنایە پەیمانگەی پزیشکی دادوەری کە گوایە لەلایەن شوفێرەکەیان (کە چەندەها ساڵە شۆفێری ئەم خێزانەیە) دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر لە کاتی هاتو چۆ پێکردنی لە ڕێگای قوتابخانە".

 

ئەوەی وایکردووە دەستدرێژییەکە ئاشکرا ببێت، لە قوتابخانه ئاگاداری دایکەکە دەکەنەوە منداڵەکەی ڕۆژانە دوادەکەوێت لە وانەکانیدا، دایکەکە کە فشاری دەخاتە سەر، منداڵەکە ڕاستییەکانی بۆ باسدەکات، دکتۆر دیلمان دەڵێت: ئێمەی لیژنه، پشکنینمان بۆی ئەنجامدا، قسەی دایکەکەمان پشتڕاست کردەوە و ڕاپۆرتێکی پوختمان دا پێی کە لە سەدی سەد دەبێتە بەڵگە بۆ دادگا و بۆ دادوەر، من زۆر تووشی سەرسوڕمان و شۆک بووم بەوەی کە چەندجار پارەی ڕۆژانەی منداڵەکەی بردووە و ئینجا دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر، بەڕای من لەم حاڵەتەدا بۆمان دەردەکەوێت کە نابێت متمانەی کوێرانە بە هەموو کەس بکەین، بەتایبەتی منداڵ، چونکه منداڵ ناتوانێت پارێزگاری لە خۆی بکات و دایک و باوک بەرپرسن لێی".

 

پێویستە منداڵان هۆشیار بکرێنەوە

سەرەتا پێویستە منداڵ ئاگادار بکرێتەوە لەوەی کە بەدەر لە دایک و باوک بە تایبەت دایک کەس بۆی نییە دەستکاری لاشەی یاخود ئەندامی زاوزێی بکات، ناشبێت هیچ كەسێك وێنەی لەشی بگرێت تەنانەت كە نزیكترین كەسیشی بێت، پێویستە ڕێزی منداڵ بگیردرێت و چوارچێوەیەكی هەبێت بۆ ڕێزگرتن لە كەسایەتی.
 

ئەگەریش منداڵەكە گەورەبوو توانی خۆی بەتەنها خۆی بشوات دەبێت دەستبەجێ هاوكاریكردنی ڕابگیردرێت و فێری ئەوە بكرێت كە بەتەنها بچێتە گەرماو و خۆی بشوات، بۆ ئەوەی فێربێت كە جەستەی ڕووتی تایبەتمەندی خۆیەتی و نابێت هیچ كەسێك بیبینێت.
 

بوونی هۆشیاری سێكسی لای منداڵان بە یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی پارێزگاریكردن لە منداڵان دادەنرێت، هەروەك فێركردنی ناوی ئەندامانی جەستەی لە منداڵیەوە دەبێتە هۆی ئەوەی بتوانێت بەشێوەیەكی باش ناخی خۆی دەربڕێت، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە كە دەبێت منداڵ وریا بكرێتەوە لەوەی كە شتێك نییە نهێنی بێت لە نێوان خۆی و كەسە باوەرپێكراوەكانی، وەك باوك و دایك بەتایبەتیش كە ئەو نهێنیە پەیوەندی بە جەستەیەوە هەبێت، جا دەستدرێژی بێت یان لێدانی.