پانۆڕامای ٢٠٢٣؛ ژنانی ئێزدی بە ڕۆحی ژن، ژیان، ئازادی خەباتیان کرد

لە ساڵی ٢٠٢٣دا ژنانی ئێزدی بە هەڵوێستێکی ڕادیکاڵەوە لە دژی هەموو جۆرە هێرشێکی تایبەت و دەروونی، دژی سیاسەتی دەستوەردانی کولتووری و باوەڕ و ئیرادەی ئازادی ئێزدیخان تێکۆشانیان کرد.

هێڤی ئێزدا

 

شەنگال- خەباتی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٣دا جێپەنجەی خۆی لە هەموو پێشهاتەکانی سیاسی، سەربازی، دیپلۆماسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری دا، دژی سیستمی پیاو-دەوڵەت، لە دژی دواکەوتوویی، تاڵانچی، شەڕ و دوژمنانی ژن و کۆمەڵگە لە جیهاندا وەستانەوە، لە ماوەی ئەم ساڵەدا، ژنانی ئێزیدیش بە ڕۆحی "ژن، ژیان، ئازادی"، بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێکی تایبەت و دەروونی، دژی سیاسەتی دەستێوەردانی کولتووری، ئیمان و ئیرادەی ئازادی ئیزیدخان وەستانەوە و لەسەر بنەمای تێکۆشانیان ڕێکخستنی خۆیان بەرفراوانتر کرد، لە خەباتدان تا تۆڵەی فەرمانەکان بکەنەوە، داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن، ڕێگری لە کۆچبەری دەکەنو هەوڵ بۆ گەڕانەوە بۆ خاکی پیرۆزیان دەدەن.

 

ساڵی ٢٠٢٣ ساڵی تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنان بوو

ساڵی ٢٠٢٣ ساڵی بەرخۆدان بوو دژی هەموو جۆرەکانی هێرش و داگیرکاری، بە پلەی یەکەم لە شەنگال و لە سەرتاسەری کوردستان، پێشەنگەکانی پێکهاتەی ئێزدی لە خاکی پیرۆزی ئیزیدخان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک و بە هاوکاری پەدەکە کرانە ئامانج و گیانیان لەدەستدا، لە دژی دوژمنایەتی و هاوکاری دەوڵەتی تورک و پلانە گڵاوەکانی پەدەکە لە پلەی یەکەمدا ژنانی ئێزدی و هەموو ئێزدخان دژی خیانەت وەستانەوە و هەڵوێستی خۆیان نیشاندا و لە شوێن و کاتی گونجاودا وەڵامی پێویستیان دایەوە. نەوەکانی ئێزیدخان لە دژی شەڕی کۆمەڵکوژکردن و سیاسەتی بێبایەخ، ئیرادەی تەسلیمبوون و هێڵی خیانەت لە ماوەی ساڵدا بە چالاکیی جۆراوجۆر هەڵوێستی خۆیان خستەڕوو.

 

تەڤگەری ژنانی ئێزدی-تاژێ لەسەر بنەمای پاراستنی دەستکەوتەکان و بنیاتنانی شەنگالێکی خۆسەر و دیموکراتیک بەو باوەڕەی کە ئازادی بە خەبات و بەرخۆدان بەدەست دێت، پێشەنگایەتی هەموو کار و چالاکی و ڕاگەیاندن و ڕێپێوان و پەروەردەکانی شەنگالیان کرد، ڕۆڵی کارایان لە سیاسەت و دیپلۆماسیدا هەبووە و لە شەنگال، باشووری کوردستان، بەغدا و لوبنان بەشداری کۆڕ و کۆنفرانسەکان بوون، کە چالاکییەکان بەم شێوەیە بوون؛

 

ژنانی ئێزدی خەباتیان بۆ ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان کرد

لە شەنگال لە چوارچێوەی خەبات دژی سیستەمی ئیمرالی و لە چوارچێوەی هەڵمەتی "کات کاتی ئازادییە" لەلایەن ئیدارەی خۆسەری شەنگال بۆ ناساندنی بیرۆکەی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق بە ناونیشانی "چارەسەری کێشەکانی عێراق لە نەتەوەی دیموکراتیک" بەڕێوەبرا و ژنانی ئێزدی و عەرەب ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە سیستەمی توندی گۆشەگیری و ئەشکەنجەدانی ئیمرالی دەربڕی و چالاکی جۆراوجۆریان ئەنجامدا.

 

لە خاکی پیرۆزی ئیزدخان بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە یادی لە دایکبوونی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پیرۆز کرا و بڕیاری بەهێزکردنی هەنگاوی "کات کاتی ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان" درا و تاژێ هەزاران نەمامیان لە گوند و ناوچەکانی شەنگال چاند.

 

ژنانی عەرەب و ئیزیدی بە هاوبەشی، بۆ ئیدانەکردنی ئەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییە گەلەرییەکی وێنە و کتێبی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانیان کردەوە و ڕێبەری گەلی کوردیان کردەوە و باسیان لە گرنگی هزری ڕێبەری ئۆجالان کرد،

 

٢٣ی تشرینی یەکەم، بە پێشەنگایەتی ژنانی ئێزدی و عەرەب، هەموو دەزگاکانی خۆبەڕێوەبەری شەنگال بەشدارییان لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد" کرد کە لە ٧٥ وڵاتدا بۆ ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد ڕاگەیەندرا.

 

لە ٢٥ی تشرینی یەکەمدا ژنانی عەرەب لە چوارچێوەی سێ ڕۆژە بە پێشەنگایەتی ئەنجومەنەکانی گەلی هەرێمی عەرەبەکان، بۆ پشتیوانی لە هەڵمەتی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان چادریان هەڵدا و ژنان و چالاکوانانی عەرەبی بەشداربوو ڕایانگەیاند، ئەوانیش وەک کۆی گشتی لە شەنگال، کار بۆ ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن.

 

 

 

لە چوارچێوەی هەنگاوی ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، ژنانی عەرەب لە ٢٨ی تشرینی یەکەم ڕێپێوانێکیان ڕێکخست.

 

ژنان بە دڵسۆزی و تێکۆشان خاوەندارییان لە پێشەنگەکانیان کرد

لە ساڵی ٢٠٢٣ دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هاوکاری پەدەکە پێشەنگانی ئیزیدخانیان کردە ئامانج، ژنان و کۆمەڵگەی ئێزدی هەڵوێستی خۆیان نیشاندا و ڕایانگەیاند، هیچ هێرشێک ئیرادەی ئێزدییەکان ناشکێنێت و بە ڕۆحی تۆڵەسەندنەوە خاوەندارییان لە پێشەنگەکانیان کرد.

 

بە چالاکی جۆراوجۆر ژنان یادی ١٠ ساڵەی کۆمەڵکوژی ساڵی ٢٠١٣ی پاریسیان کردەوە، کە هەریەک لە ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لەلایەن میتی تورکەوە کوژران، پەیامی بەرخۆدان و بەردەوامیدان بە ڕێبازی پێشەنگانیان دووپاتکردەوە، لە یەکەمین ساڵیادی ناگیهان ئاکارسال، بە بەشداری دەیان ژن مەراسیمی بەبیرهێنانەوە ڕێکخرا.

 

لە یەکەمین ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینیدا، ژنانی ئێزدی و عەرەب سیاسەت و کردەوەکانی دەوڵەتی ئێران دژ بە ژنان بە توندی شەرمەزار کرا و بانگەوازی لە سەرجەم ژنان کرا کە بە ڕۆحی "ژن، ژیان، ئازادی" پشتیوانی لە خەباتی ژنانی ئێران بکەن.

 

ژنانی ئێزدی بانگەوازی بەهێزکردنی تێکۆشانیان کرد
٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی ژنان لە سەرجەم گوند و ناوچەکانی شەنگال بە دروشمی "لەگەڵ ژن، ژیان، ئازادی بەرەو شۆڕشی ژنان هەنگاو دەنێین" پێشوازییان لە ٨ی ئادار کرد و بە جۆش و خرۆشەوە جەژنی نەورۆز و ٤ی نیسانیان پیرۆز کرد.

 

تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ لە ٢٣ی نیسان کۆنفرانسی "ژن، ژیان، ئازادی بەرەو شۆڕشی ژنان"یان لە شەنگال بەڕێوە برد، کە ژنانی ئێزیدی و عەرەب و چەندین میوانی ئەوروپا و باشووری کوردستان و عێراق بەشداریان کرد و خەباتی ژنان بۆ ئازادی لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان هەڵسەنگێندرا.

 

ڕۆژی ١٢ی ئاب، کۆنفرانسێکی ژنانی بیر و باوەڕییە جیاوازەکان لە شاری سلێمانی باشووری کوردستان بە پێشەنگایەتی تاژێ بەسترا و ڕایانگەیاند، بۆ ئەوەی گرنگی بە دەستکەوتەکانی ژنان و شکستپێهێنانی هۆشیاری پیاوان بدەین، دەبێت ژنان یەکگرتوو بن.

 

ڕۆژانی ١٨-١٩ی ئاب، کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان بە ڕێبەرایەتی کۆمەڵەی ژینی ژنان، کۆمەڵەی کولتووری نەورۆز و دەستپێشخەریی نون بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێکخرا و ژنانی شەنگالیش بەشدارییان کرد.

 

لە گوندی خەلەف لە شەنگال، کۆنفرانسێک بە ئامانجی پشتیوانی لە بەرخۆدانی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بەرامبەر هێرشە کۆمەڵکوژییەکان بە دروشمی "لە هەر شوێنێک ڕۆژئاوا، لە هەر شوێنێک بەرخۆدان" ڕێکخرا و تاژێ و ئەنجومەنی ژنانی عەرەب و بزووتنەوەی گەنجان پێشەنگایەتی ئەم چالاکییەیان کرد.

 

بە بۆنەی نۆیەمین ساڵیادی ئازادکردنی شەنگال لە ١٣ی تشرینی دووەمدا، بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە لە سەرجەم گوند و ناوچەکانی شەنگال ئاهەنگ ساز کرا و گیانفیدایانی وڵات، کە لە پێناو ڕزگارکردنی شەنگالدا گیانیان بەخست کرد یادکرانەوە.

 

بە بۆنەی ٩ ساڵەی ئازادکردنی شەنگال لە ١٠ی تشرینی دووەمدا، تاژێ و یەژەشە یەکەمین کۆمخەباتی "ژن و پاراستن"یان بە دروشمی 'بە ژن، ژیان و ئازادی بەرخۆدانمان کرد و شەنگالمان ڕزگار کرد، بە تێکۆشانمان دەیپارێزین" بەڕێوەچوو.

 

بزووتنەوەی ژنانی ئێزدی لە ماوەی ئەمساڵدا دەیان خولی پەروەردەی داخراویان بۆ ژنانی ئێزدی لە ئەکادیمیای شەهید بنەوش ئاگال کردەوە، هاوکات لە سەرجەم ئەنجومەن و گوند و قەزاکانی شەنگال پەروەردە بۆ ژنان و پیاوان ڕێکخرا.

 

لە ماوەی ئەمساڵدا لیژنەی دیپلۆماسی بزووتنەوەی ژنانی ئێزدی نامەیەکیان بۆ ئەو وڵاتانە نارد کە کۆمەڵکوژیی شەنگالیان قبوڵ کردووە، لە هەمان کاتدا نامەیەک بۆ ژنانی ئەفغانستان نێردراوە بۆ پشتگیریکردنیان.

 

تاژێ، بزووتنەوەی ژنانی گەنج، سیتیە نەخشان و لیژنەی دیپلۆماسی بە شێوەیەکی چالاکانە پێشەنگایەتی هەموو ئەو چالاکییانەیان کرد کە لە ماوەی ساڵەکەدا ئەنجامدراون، ئەمەش لەسەر بنەمای زیادکردنی کار و خەباتی ژنانی ئێزدی.

 

ژنانی گەنج لە چوارچێوەی هەڵمەتی "بە ژن، ژیان، ئازادی، سەربەخۆیی ئازادی" لە ماوەی ساڵدا بۆ ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد، بەرخۆدانی گەریلا، چالاکیی پەروەردەیی، سیمینار، ڕێپێوان و بەیاننامەیان ڕێکخستووە، لە بەرامبەر ئەو شەڕە تایبەتەی کە دژی ژنانی گەنج بەڕێوەدەچێت، هەڵوێستیان وەرگرتووە و دەستیان کردووە بە نیشاندانی ئیرادەی خۆیان بۆ زیادکردنی خەبات.

 

ڕێوڕەسمەکانی جەژنی ئێزیدخان

دەیان جەژن هەیە کە لە کۆمەڵگەی ئێزیدیدا یادی دەکرێتەو، ڕێوڕەسمی جەژنەکانی ئێزدی لەسەر بنەمای مێژوویەکی هەزاران ساڵە دامەزراوە. لە هەموو وەرزێکی ساڵدا بە پێی کولتوور و باوەڕ و ئایینی ئێزدییەکان جەژنە ئێزدییەکان بەڕێوەدەچن، سەرەتا جەژن بادیزم، چوارشەممەی سەری نیسان، جەژنی جەمای و ئیزی و دەیان جەژنی دیکە بەڕێوەدەچن، تایبەتمەندی هاوبەشیان ئەوەیە کە کۆمەڵگە کۆدەبێتەوە و هەموو خۆشییەکانی ژیان، پێکەوە لەسەر یەک مێزی نانخواردن بەسەردەبەن.

 

ئەمساڵ بۆ یەکەمجار دوای نەریتێکی هەزاران ساڵ، ژنان مانگی هیلالی قوبەی خاتوونە فەخرانیان لەسەر شانیان دانا و بە ڕێوڕەسم و بە پێی کولتووری ڕەسەنی ئیزیدخان لەسەر لوتکەی قوبەی خاتوونە فەخرەیان دانا و ئەم سەرەتایە لەلایەن ژنانەوە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" پێشوازی لێکرا.

 

ساڵیادی فەرمانی ٧٤ کرایەوە
لە شەنگال ساڵڕۆژی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بە چەندین چالاکی و بە پێشەنگایەتی تاژێ یاد کرایەوە، سەردانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ڕێپێوان و بەیاننامە و مەراسیمی یادکردنەوە ڕێکخرا. پەیامێکی هاوبەش لە هەموو چالاکییەکاندا خرایەڕوو، ژنانی ئێزدی ڕایانگەیاند، کە لە ماوەی ٩ ساڵی ڕابردوودا خەباتیان بەڕێوەبردووە و بەردەوامیش دەبن، تا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی داعش بە سزای خۆی بگات و ڕووبەڕووی دادگا بکرێتەوە.

 

بە بۆنەی ٩ ساڵەی فەرمانەکە و لە ١٥ی ئابدا، هاوکاتی دووەمین ساڵی دەستبەرسەردا گرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، ژنانی ئێزدی پێشوازییان لە هەڵمەتەکەی کۆمەڵگەی ژنانی کوردستان-کەژەکە کرد، کە لە نێوان ٣-١٥ی ئابدا هەڵمەتێکی بۆ ژنانی ئێزیدی و ئەفغانستان دەستپێکرد، ئەم پێشوازییەش بە چالاکی و ڕێپێوان و بەیاننامە بەڕێوەبرا و ژنانی ئیزدی پشتیوانی خۆیان بۆ ژنانی ئەفغانستان ڕاگەیاند.

 

هەر لە ٩یەمین ساڵیادی فەرمانەکەدا، فیلمی هێزا، کە چیرۆکی فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنانی شەنگال (یەژەشە)یە لە سەرتاسەری شەنگال نمایشکرا، فیلمەکە کە هەموو ئازار و برین و هاوارەکانی ژنانی ئێزدی لە کەسایەتی فەرماندە هێزادا نیشان دەدات، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ژنانی شەنگال و هەموو ئێزدخان دروستکرد، ئەو ژنانە ڕایانگەیاند کە خەباتی خۆیان لە دژی ئەو ئازارەی بەسەریاندا هاتووە، زیاتر دەکەن و تۆڵەی فەرمانەکان دەکەنەوە.

 

لە ماوەی ئەمساڵدا دوو خوشک بە ناوەکانی بەسێ خدر خەلەف شەمۆ و عەلیە خدر خەلەف شەمۆ کە لە کاتی فەرمانەکەدا بە دیل گیرابوون، لەلایەن هێزەکانی قەسەدە و یەپەژەوە ڕزگار کران و گەڕێندرانەوە بۆ شەنگال، ژنێکی گەنجی ئێزدی بە ناوی فریال خدر و گەنجێک بە ناوی ڕۆژین حەداد دوای ئەوەی لە مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم ڕزگارکران، گەڕانەوە شەنگال.

 

ئەمساڵ و بە تایبەتی لە ٩ ساڵەی ئەو فەرمانەدا، شەنگالییەکانی ناو کامپەکانی هەرێمی کوردستان، کە چەندین ساڵە لەژێر دەسەڵاتی پەدەکەدا ڕێگری لە گەڕانەوەیان دەکرێت، بەڵام هەزاران کەس گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و ئەمەش بووەتە وەڵامێکی بەرچاو بۆ ئەو فەرمانە.

 

تا ئێستا دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ لە شەنگال نەکراونەتەوە

٣ی ئابی ٢٠١٤ کۆمەڵگەی ئێزدی خراپترین کۆمەڵکوژییان بەخۆیەوە بینی، چەتەکانی داعش هەزاران ئێزدییان کوشت و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژران، تا ئێستا نەکردنەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەرئەنجامی سیاسەتێکی تایبەتە بەرامبەر بە ئێزدییەکان، خەباتی ژنان و ئیزیدخان ئەمساڵ لە دژی ئەو سیاسەتەی کە برینەکانی فەرمان بە زیندووی دەهێڵێتەوە بەردەوام بوو، لە ئەنجامی ئەم خەباتە، بەشێک لە گۆڕی بەکۆمەڵ لە سیبا شێخ خدر و تل عوزێر هەڵدرانەوە، بەڵام تا ئێستاش دەیان گۆڕ چاوەڕێی هەڵدانەوەن، ژنانی شەنگال و تەواوی گەلی ئێزدی بە هەموو دامودەزگا و ڕێکخراو و دەزگاکانیانەوە تێکۆشان دەکات تا گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵبدرێنەوە.

 

ئیرادەی گەل لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوت

ڕۆژی ١٨ی کانوونی یەکەم هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوەچوو، ئەم هەڵبژاردنە بۆ شەنگال گرنگییەکی زۆری هەبوو، بە پێشەنگایەتی تاژێ، ژنان بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کرد و بۆ یەکەمجار کاندیدی هەڵبژێردراوی خۆبەڕێوەبەری شەنگال توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، ئەم سەرکەوتنە لە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراقدا لەلایەن گەلەوە بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازی لێکرا.

 

لە ساڵی ٢٠٢٣ خەباتی ژنان جێپەنجەی خۆی لەسەر هەموو پێشهاتەکان بەجێهێشت. لە شەنگال ژنان بە ڕەنگ و ئیرادە و باوەڕ و کولتووری خۆیانەوە بەشداری کار و چالاکییەکانیان دەکرد لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، ژنانی ئێزدی و عەرەب پێکەوە تێکۆشانی ٢٠٢٣یان بەڕێوەبرد.