زمانی کوردی لە لایلایەی دایکانەوە بۆ چرای گەلێک

زمانی کوردی کە یەکێکە لە کۆنترین زمانەکانی جیهان، سەرەڕای فشار و قەدەغەکاری لەسەری، لە ڕووی وشەوە یەکێکە لە زمانە دەوڵەمەندەکانی جیهان، گەلی کورد کە خاوەنداری زمانی کوردییە ١٥ی ئایاری هەموو ساڵێکی کردووە بە ڕۆژی ئەم زمانە و پیرۆزی دەکات.

لاڤە کوردە

 

سلێمانی- زمان ئەو ئامڕازە پەیوەندییەیە کە بە فەرهەنگی گەلان پێناسە دەکرێت، هەر کەسێک لە ڕێی زمان و دەربڕینەوە گوزارشت لە سەرنج و بیر و بۆچوونی خۆی دەکات، ئەمەش دەبێتە پردی پەیوەندیی لە نێوان کەسەکاندا، منداڵ کاتێک لەدایک دەبێت ئەو زمانەی لەگەڵ گەورەبوونیدا ئاخاوتنی پێدەکات و لەلایەن دایکییەوە وەریدەگرێت، کە بنەمای کۆمەڵگە و گەلە، دەبێتە زمانی دایکیی، واتە کاتێک دایکان لایلایە و لاواندنەوە بۆ کۆرپەکان دەکەن، سەدان وشە لە پەیوەندی دایک و کۆرپەوە دەبنە چرای ڕووناککەرەوەی گەلێک.

 

زمانی کوردی یەکێکە لە کۆنترین زمانەکانی جیهان، زمانی ڕەسەنی گەلی کوردە، بنەڕەتی زمانی کوردی بە بڕوای مێژوونووسان دەگەڕێتەوە بۆ ٥ هەزار ساڵ پێش زایین و سەر بە زمانە ھیندۆ ئەوروپییەکانە، هەروەها لە کۆنترین دەقە ئایینییەکاندا زمانی کوردی هاتووە، کە پەرتوکی ڕەشی ئێزدییەکانە.

 

هەموو ساڵێک ١٥ی ئایار وەک ڕۆژی زمانی کوردی پیرۆز دەکرێت، لەم ڕۆژەدا چەندین چالاکیی جۆراوجۆر دەربارەی زمانی کوردی ڕێکدەخرێن، ئەم ڕۆژە، ١٥ی ئایار لەسەر بنەمای ڕۆڵ و مێژووی گۆڤاری هاوار لە پێشخستنی زمانی کوردیدا، بە ڕۆژی زمانی کوردی دیاریکراوە، یەکێک لە پێشەنگەکانی زمانی کوردی جەلادەت عەلی بەدرخانە، کە بە دامەزراندنی گۆڤاری هاوار لە ١٥ی ئایاری ١٩٣٢دا، دەروازەیەکی لەپێش زمانی کوردی کردەوە، پیرۆزکردنی ئەم ڕۆژەش بۆ خاوەندارێتی کردنە لە زمانی کوردی و بەرەوپێش بردنیەتی.

 

کوردی زمانێکی دەوڵەمەند بە وشە و دەستەواژەیە

زمانی کوردی وەك زمانی دایک، زۆرترین وشە لەخۆ دەگرێت، زمانی کوردی بە ھەموو شێوەزارەکانییەوە، کۆی گشتی یەك ملیۆن ‌و ٢٠٠ هەزار وشەی تێدایە و بە ھەموو دەربڕین‌ و دەستەواژەکانییەوە یەك ملیۆن ‌و ٦۰۰ هەزار وشەیە، لە ساڵی ٢٠٢٣ پێگەی ویکیمیدیای جیهانیی، خشتە و پۆڵێنێکی لەمەڕ زیندوویەتیی و دەوڵەمەندیی زمانەکانی جیهان بڵاو کردەوە، بەپێی ئەم پۆڵێنە، زمانی کوردیی لە زیندوێتیی و دەوڵەمەندی وشە و دەستەواژەدا پلەی هەشتەمی لە کۆی ١٦٢ زمانی زیندووی جیهاندا بەدەستهێناوە، بە پێی ڕیزبەندی زمانەکانی جیهانیش، کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٢١ بڵاوی کردووەتەوە، زمانی کوردی لە ڕیزبەندی ٥٧ـەمین زمانەکانی جیهان دایە کە ٢١ ملیۆن کەس پێی دەدوێن.

 

زاراوەکانی زمانی کوردی

چوار زاوارەی بنەڕەتیی لە زمانی کوردییدا هەن کە ئەوانیش برتین لە: کرمانجی، سۆرانی، کەلهوڕی، هەورامین، ٢١ زاراوەی ناوچە کردەیی لە زاراوە بنەڕەتییەکانی زمانی کوردیی بوونەتەوە کە بەمشێوەیە دابەشبوون:

 

١- زاراوەی کرمانجی باکوور (کرمانجی): بایەزیدی، هەکاری، بۆتانی، شەمدینانی، بەهدینانی، زاراوەی ڕۆژئاوا.

٢- زاراوەی کرمانجی ناوەڕاست (سۆرانی): موکریانی، سۆرانی، ئەردەڵانی، سلێمانی و گەرمیانی.

٣- زاراوەی کرمانجی خواروو (لوڕ): لوڕی ڕەسەن، بەختیاری، مامەسەنی، کۆهگڵۆ، لەک و کەلهوڕ.

٤- زاراوەی گۆران: گۆرانی ڕەسەن، هەورامانی، باجەڵانی و زازا.

 

هەرچەندە چوار زاراوە وەکو بنەڕەتی زمانی کوردی دیارییکراون، بەڵام ئینیستیتوتی کوردی لە ئیستەنبوڵ حەوت زاراوەی وەک بنەڕەتی زمانی کوردی دەستنیشان کردووە، ئەوانیش: سۆرانی، کرمانجی، زازاکی، هەورامی، کەلهوڕی، لوڕ، گۆرانە.

 

دۆخی زمانی کوردی

ئەو فشار و قەدەغەکارییەی لەسەر زمانی کوردی هەیە، هیچی کەمتر نییە لەو بارودۆخەی گەلی کورد لە مێژوودا بەسەری هاتووە، زمانەکەشی هاوشێوەی جوگرافیاکەی پارچە پارچە کراوە، هاوشێوەی گەلەکەی قڕ کراوە.

 

لە باشووری کوردستان زمانی کوردی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا قەدەغەکاری لەسەربوو، زمانی عەرەبی زاڵ کرابوو بەسەر زمانی کوردیدا، بەڵام دوای سەربەخۆبوونی هەرێمی کوردستان لە ناوەندەکانی خوێندن و پەروەردە، خوێندن بە زمانی کوردی دەستی پێکرد.

 

لە ڕۆژئاوای کوردستان بەهەمان شێوە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە زمانی عەرەبی خرابووە پێش زمانی کوردی و قەدەغەبوو خوێندن و ئاخاوتن بە زمانی کوردی بێت، بەڵام لە دوای شۆڕشی تەمووزی ساڵی ٢٠١٢ و لەگەڵ ئازادبوونی گەلی کورد، زمانی کوردیش بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینی و پێی نایە قۆناغێکی نوێی مێژووییەوە، کە زانکۆ و قوتابخانەکان کران بە کوردی و خوێندن بە زمانی کوردی دەستی پێکرد.

 

لە باکووری کوردستان لە مێژەوە زمانی کوردی بووەتە مۆتەکە بۆ عوسمانییەکان، هەرچەندە لە کاتی پڕۆسەی چارەسەری چەندین خوێندنگە بە زمانی کوردی کرانەوە، بەڵام لە دوای سالی ٢٠١٥ جارێکی دیکە هێرشکرایە سەر زمانی ڕەسەنی گەلی کورد و لەمپەر لە بەردەم زمانی کوردی دروست دەکرێت و تا ئێستاش تەنها لەلایەن گەلەوە زمانەکە دەپارێزرێت و بەشێک لە ناوەندە ڕێکخراوەییەکان پەرە بە زمانی کوردی دەدرێت.

 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەهەمان شێوەی ڕژێمی ئێران دەیەوێت گەلی کورد لە زمانەکەی داببڕێت و مامۆستایانی کوردی بە زیندانییکردن سزا دەدات، لە نمونەش زارا محەمەدی و سۆما پوور محەمەدییە، بەم شێوەیە دوژمنانی کورد هەمیشە چاویان لەسەر زمانی کوردییە و دەیانەوێت لە ڕێی قەدەغەکاری زمانەوە کورد لە بوونی خۆی داببڕن.