پانۆڕامای ٢٠٢٣؛ ژنان بە ڕێکخستنی کۆنگرەی ستار دژی داگیرکاری تێکۆشان
ڕیحان لۆقۆ، وتەبێژی کۆنگرەی ستار بۆ ماوەی ساڵێک کار و چالاکییەکانی کۆنگرەی ستاری هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند: بەپێی بەرنامە و بڕیارەکانی ساڵی نوێ، بە جۆش و خرۆش و ڕێکخستنێکی زۆرەوە کار و چالاکییەکانمان فراوانتر دەکەین".
ڕووناهی نودا
قامیشلۆ- ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار لە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ کۆنگرەی نۆیەمی خۆی ئەنجامدا، دوای کۆنگرەکەش بە درێژایی ساڵەکە زۆر بڕیار درا و چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدرا، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی کۆنگرەی ستار دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد بوو، هەروەها بڕیاری کۆنگرەکەیان ئەوە بوو، کۆنفرانسی ماڵی ژنان لە ماوەی ساڵدا ئەنجام بدەن کە دەستکەوتی شۆڕشی ژنانە، هاوکات، چەندین چالاکی وەک کۆنفڕانس و کۆڕ و کۆبوونەوە و چالاکی بەڕێوەبراوە.
ڕیحان لۆقۆ، وتەبێژی کۆنگرەی ستار بۆ ماوەی ساڵێک بازنەی کار و چالاکیەکانی ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار هەڵسەنگاند و وتی: کۆنگرەی نۆیەمی کۆنگرەی ستار لە ١٥ی کانوونی دووەمدا بە دروشمی "بە ڕۆحی تێکۆشانی شۆڕشی ژنان، سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی دەگەیەنینە ئەنجام" بەسترا، کە بەشدارییەکی بەرفراوان و بڕیاری گرنگ دران، تا ماوەی دوو ساڵ ڕووی سیاسی و دیپلۆماسی و ژیان و ڕۆشنبیری و ئیکۆلۆژی و ئابووری و خەباتی دیکەوە بەڕێوەببرێن، لە دژی هەموو جۆرە توندوتیژی و شەڕ و هێرش و کردەوەیەکی شەڕی تایبەت هەڵمەتی تایبەت بۆ شکاندنی داگیرکاری و پاراستنی خاک و ناسنامەی ژنان ئەنجامدرا.
"بڕیاری سەرەکی ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆیە"
ڕیحان لۆقۆ ئاماژەی بەوەدا کە یەکێک لە بڕیارەکانیان و ئامانجی سەرەکییان ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد بوو، وتی: بڕیارێکی گرنگ درا کە لیژنەیەک بە ناوی ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ دابمەزرێنرێت و هاوکات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆنفرانسێک لەسەر پارادایمی نەتەوەیەکی دیموکراتیک بە پێشەنگایەتی ژنان لە دژی گۆشەگیری توند بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسەکەدا ژنان و ڕۆشنبیران و دیپلۆماتکاران و سیاسەتمەدارانی سەربەخۆ ئامادە بوون، لە هەمان کاتدا ١٢ هەزار نامە بە ڕۆح و هەستی منداڵان بۆ ڕێبەر ئاپۆ نووسراون و ئەو نامانەش لەلایەن کۆنگرەی ستار و کایەی کۆمەڵایەتی و کۆمیتەی منداڵان کۆکراونەتەوە و لە شێوەی کتێبێکدا بە ناوی "دەریای دڵمان" چاپکراون، سەدان سیمینار لە هەموو گەڕەک و گوند و شار و شارۆچکەکان لەبارەی گۆشەگیری توند و هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ پێشکەش کران و بارودۆخی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕێگەی کۆبوونەوەکانەوە لەگەڵ هەموو خەڵک و ڕێکخراوەکاندا بڵاوکرانەوە، بەبێ دابڕان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەبران، خولی پەروەردەش بە تایبەتی لەسەر پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک کرایەوە.
نزیکەی ٦٢ ماڵی ژنان بەڕێکخستن کران
ڕیحان لۆقۆ ڕایگەیاند، توانیویانە لە ماوەی ئەمساڵدا کۆنفرانسی ماڵی ژنان کە پایەی سەرەکی شۆڕشی ژنانە، ببەستن و وتی: بەستنی کۆنفرانسی ماڵی ژنان کە یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی شۆڕشی ژنان، بڕیاری کۆنگرە بوو، ماڵی ژنان مۆدێلێکی خێزانی دیموکراتیک بنیاد دەنێت و توانیومانە لە ماوەی ئەمساڵدا ٦٢ ماڵی ژن بەڕێکخستن بکەین، لە ماڵی ژناندا کێشەکانی کۆمەڵگە و خێزان و ژن و پیاو چارەسەر دەکرێن، بەپێی پێوەرەکانی ژنان و یاسای خێزان و بە شێوازی جیاواز خێزان و هاوژینان لەسەر چۆنیەتی بنیادنانی خێزانێکی دیموکراتیک ڕادەهێنرێت، دوای کارو چالاکییە مەزنەکانی ماڵی ژنان، کۆنفرانسێک بۆ گرتنەبەری هەنگاو و بڕیاری نوێ بەڕێوەچوو، کە ڕێژەیەکی بەرفراوانی ژنان بەشداربوون و گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی دامەزراندنی یاسای خێزان و چۆنیەتی گواستنەوەی بۆ ماڵەکان و چۆنیەتی پەروەردەکردنی کۆمەڵگە لەسەر ئەو یاسایانە کرا.
ڕیحان لۆقۆ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لەلایەکی ترەوە تیشک خرایە سەر سیستمی هاوسەرۆکایەتی، کە چۆن ژنان خۆیان لەم سیستمەدا ڕێکدەخەن، چۆن ڕۆڵ و ئەرک لە هەموو دامەزراوە و بوارەکاندا دەگرنە ئەستۆ، لەم بوارەشدا کۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجامدرا و گفتوگۆ لەگەڵ سەدان هاوسەرۆک کرا.
"ئەنجامی کۆنگرە بڵاوکرایەوە"
دوای بەستنی کۆنگرە، کۆنگرەی ستار ئەنجامنامەی بڵاوکردەوە و لەسەر ئەو بنەمایە کار و پلانەکانی لە ماوەی ئەمساڵدا بەڕێوەبرد، هەروەها بەمەبەستی فراوانکردنی خەبات لە هەرێمەکاندا لە بوارەکانی شۆڕشی ژنان و گەیشتن بە هەموو ژنانی ناو ڕێکخراوەکەمان و ناساندنی بە کۆنگرەی ستار، خەبات و کار ئەنجامدراوە، ڕیحان لۆقۆ وتیشی: لەهەمان کاتدا گفتوگۆ هەبوو لەسەر چۆنیەتی بەهێزکردنی کاری دیپلۆماسیمان لەهەموو بوارەکاندا و لەماوەی ئەمساڵدا کۆنگرەی ستار توانی خۆی ڕێکبخاتەوە و لە ٨ وڵات نوێنەرایەتی دابمەزرێنێت، ئەوانیش، ئەڵمانیا، بەلجیکا، هۆڵەندا، دانیمارک، سوید، سویسرا، بەریتانیا و یۆنان. بەمەبەستی گەیشتن بە هەموو ژنانی ڕۆژئاوا، چالاکییەکانی وەک دیدار و پەروەردە و سەردان ئەنجامدرا. هاوکات لەگەڵ ڕێکخراو و بزووتنەوە و کەسایەتییە جیاوازەکان، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا، لەگەڵ پەرلەمانتاران، سەندیکا کرێکارییەکان، نووسەران، سۆسیالیستەکان و وتەبێژی ڕێکخراوەکانی ژنان کۆبوونەوە ئەنجامدرا و لەبارەی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هێرشکردنە سەر دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان گفتوگۆ کران، نزیکەی ١٨ شاند لە وڵاتانی ئەوروپاوە هاتنە ڕۆژئاوای کوردستان و سەردانی کۆنگرەی ستاریان کرد.
"شۆڕشی ژنان دەبێتە دەنگی هەموو ژنان"
ڕیحان لۆقۆ ڕایگەیاند کە ئەمساڵ هەڵمەتێکیان بۆ ژنانی شەنگال و ئەفغانستان ڕاگەیاندووە و زنجیرەیەک چالاکییان ڕێکخستووە، وەک مەیدانێکی شۆڕشی ژنان دەنگی هەموو ژنان خرایەڕوو و ڕاگەیەندرا کە ئازاری هەموو ژنەکان ئازاری ژنانی ڕؤژئاوایە و لەو چوارچێوەیەشدا لە مانگی ئابدا کۆنگرەی ستار بەشداری کەمپەینی کەژەکە بۆ پشتیوانی لە ژنانی ئەفغانی و شەنگالی کرد، لە ٨ی ئاداریشدا، کەمپینێکیان بە دروشمی "لەگەڵ ژن، ژیان، ئازادی بەرەو شۆڕشی ژنان هەنگاو دەنێین" دەستیپێکرد و چالاکییان بەڕێوەبرد، هەزاران سیمینار و ڕێپێوان و پەروەردە بۆ پیاوان کرایەوە، جگە لەوەش لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا دەیان چالاکی لەلایەن هیلالی زێڕین، لیژنەی تەندروستی، دیپلۆماسی، کایەی کۆمەڵایەتی، لیژنەی منداڵان بەڕێوەچوو. لیژنەی ئیکۆلۆژی هەڵمەتێکی ڕاگەیاند کە ژنان بەرەو بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئیکۆلۆژی-ژینگەپارێز دەبات، جگە لەوەش لیژنەی ئیکۆلۆژی باخچەی ژنانی ئازاد لە دەربەسی و شارۆچکەی عامودا کردەوە، هەروەها کەمپەینی " لە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک، ژن، ژیان، ئازادی" بەڕێوەبرا.
"ئێمە بە یەکگرتن دەستکەوتەکانمان دەپارێزین"
ڕیهان لۆقۆ لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، لە ساڵی نوێدا کارێکی بەرفراوان ئەنجام دەدەن و وتی: لە ماوەی ساڵێکدا، لە هەموو ساتەکانی ژیاندا، دژی داگیرکاری، سیستمی پیاوسالاری، توندوتیژی، دەوڵەت، ڕەگەزگەرایی، ئایینی، کار و خەبات ئەنجامدرا، ڕووبەڕووی سەختی بووینەوە، بینیمان لەگەڵ زیادبوونی ئاستی خەبات و خۆڕاگری ژنان، هێرشەکانیش زیاتر دەبن، هەموو هەڤاڵە شەهیدەکانمان لە کەسایەتی شەهید یوسرا و شەهید ڕیحاندا یاد دەکەینەوە، بەڵێنمان ئەوەیە کە ڕێگای هاوڕێکانمان پەیڕەو بکەین و خەونەکانیان بەدی بهێنین، هەڤاڵان یوسرا و ڕیحان پێشەنگەکانی شۆڕشی ژنان بوون کە بینیمان چۆن بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک شەهید کران، ئەوان خەباتیان بۆ بنیادنانی سیستمێکی دیموکراتیک دەکرد، ئێمەش ئامانجەکانیان دەگەیەنینە سەرکەوتن، چونکە دەزانین، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە هێرش و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی دەیەوێت ئیرادەمان بشکێنێت، بەڵام تا زیاتر هێرش بکرێت، خەباتی ئێمە چڕتە دەبێت، ئەم هێرشانە لەبەرچاوی هەموو جیهان ڕوودەدەن، بەڵام تا ئێستا کەس دەنگی بەرز ناکاتەوە، ئەمانە سەختییەکانی شۆڕشن، لە هەمان کاتدا بە شەڕ و سیخوڕی تایبەت دەچنە ناو کۆمەڵگەی ئێمەوە، ئەوان دەیانەوێت کۆمەڵگە و سیستمەکەمان لەناو بەرن، بەڵام ئەمە سەرکەوتوو نابێت، چونکە ئێمە لەسەر پارادایمی نەتەوەیەکی دیموکراتیک پەروەردە بووین و هەمیشە لە مەیداندا دەبین و ڕێگە بە دوژمن نادەین داگیرکاری بکات.