لۆزان ئەو پەیماننامەیەی کەمینەکانی پێشێل کرد

پەیماننامەی لۆزان، ١٠٠ ساڵ چارەنووسی بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو کوردستانی دیاریکردن، بۆ ١٠٠ ساڵ هەموو بوارێکی ژیانی کوردان دابڕێندران لە یەکتر و مافی کەمینەکانی لە ناوچەکەشدا بوون پێشێل کرا.

سلێمانی

 

پەیمانی لۆزان ئەو پەیمانەیە کە کوردستانی گەورەی تێدا دابەشکرا و بەسەر چوار دەوڵەتی دراوسێدا پارچە کرا، پەیماننامەکە ناوی لێنرا "پەیمانی ئاشتی" و داڕشتنەوەی سەرلەنوێی قەوارەی سیاسی و جوگرافی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا، بەڵام ئەوەی ئاشتی بێت تیایدا بەدی نەکرا.

 

کۆنفرانسی لۆزان لە ساڵانی ١٩٢٢–١٩٢٣ دانوستانی لەسەر کراوە و لە کۆشکی ڕوومین لە شاری لۆزان لە وڵاتی سویسرا بەڕێوەچوو، خولی یەكەمی لەبەرواری ٢٠ی تشرینی دووەمی ١٩٢٢ دەستی پێكرد و لە ٣١ی كانوونی دووەمی ١٩٢٣ كۆتایی بەكارەكانی هات، خولی دووەم لە ٢٣ی نیسانی ١٩٢٣ دەستی پێكرد و لە ٢٤ی تەمموزی هەمان ساڵ ئەنجامی کۆتایی ڕاگەیەندرا و پەیماننامەکە واژۆ کرا.

 

لەو ڕۆژەدا بۆ ١٠٠ ساڵ بێ ناوهێنانی کورد لە دەقی پەیماننامەکەدا کوردستان کرایە چوار پارچە و بڕیارێکی نامرۆڤانە و دوور لە هەموو یاسایەکی مرۆڤیی و نێودەوڵەتی لە دژی نەتەوەی کورد درا، بەبێ ویست و ئاگاداری نەتەوەی کورد خاکی کوردستان و تێکرا دانیشتووانەکەی لەنێوان هەر چوار دەوڵەتی ئێران و ئێراق و تورکیا و سووریا دابەشکرا، پارچەی پێنجەمی کوردستانیش کە بە "کوردستانی سوور" ناو دەبرا، کەوتە ژێر دەستی یەکێتی سۆڤیەتەوە، دەوڵەتە زلهێزەکانی ئەوکات، پاش داڕشتنی قەوارەی سیاسی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەستیان کرد بە یارمەتیدانی سەربازیی و فرۆشتنی چەک و پشتیوانی کردنی سیاسی و دیبلۆماسی ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکرا، ئەمەش لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی درێژخایەنی خۆیان لە ناوچەکەدا بوو.

 

پەیماننامەکە لە نێوان دوو لایەندا ئەنجامدرا، لایەنی هاوپەیمانان کە براوەی جەنگی جیهانی یەکەم بوون، پێکدەهاتن لە فەڕەنسا، بەریتانیا، شانشینی ئیتاڵیا، ئیمپراتۆریەتیی ژاپۆن، شانشینی یۆنان و شانشینی یوگۆسلاڤیا، شانشینی ڕۆمانیا، بەرامبەر لایەنی تورکیا، کە کۆتایی دەسەڵاتی عوسمانییەکان بوو.

 

کوردستان لە پەیماننامەی سیڤەر (١٩٢٠) دانی پێدا نرا کە دەتوانێت ببێتە سەربەخۆ، بەڵام پەیماننامەکە ئامانجی دابەشکردنی خاکەکانی عوسمانی بوو و تورکیا پێی ڕازی نەبوو، بۆیە لە گەڕی دووەمی دانیشتنی ئاشتیدا، کە بووە پەیماننامەی لۆزان، هەڵسەنگاندن بۆ گەلێک بابەتی تایبەت بە کێشە ناوچەیی، ڕامیارییەکان، چارەسەرکردنی کێشەی ویلایەتی موسڵ، سیستەمی تەنکە دەریایییەکان، کێشەی سیستەمی مافی بێگانە، کێشە ئابووری، دارایییەکانی وەک قەرزی گشتی عوسمانی و پاراستنی بەرژەوەندی ئابووریی بێگانە خرانە بەر باس و گفتوگۆ، لە ئەنجامدا لۆزان زەبرێکی کاریگەری لە گەلی کورد و کەمینەکانی ناوچەکە خست و ڕێگە نەدرا ئاوات و داخوازییەکانی کورد بەپێی پەیمانی سیڤەر بێتە دی.

 

کەمینەکان لە لۆزاندا وەلا نران

پێداچوونەوە بە سنووری دەوڵەتی عوسمانی، ئەو دەوڵەتەی كە لەجەنگی جیهانی یەكەمدا شكستی خوارد و ناوچەكانی بووبوونە جێگای چاوتێبڕینی وڵاتانی سەركەوتوو لە جەنگدا، بۆیە کۆماری تورکیا دامەزرا وەک باشترین شوێنگرەوەی عوسمانییەکان و لە پاشخانی ئەو کۆمارەشدا، تا ئێستا هەوڵ بۆ گەڕانەوەی هێزی لەدەستچووی عوسمانی دەدرێت.

 

گەل و نەتەوە کەمینەکانی ناوچەکە، کاریگەری گەورەیان لەسەر بوو، ئەگەرچی لە پەیمانی سیڤەردا ڕەچاوی مافەكانیان كرابوو، بەڵام دوای پەیماننامەی ئاشتی لۆزان، کەمینەکان بەرەو لەناوچوون چوون و بەشێکیان تەنها مێژوویان لە ناوچەکەدا ماوەتەوە، بەشێکی دیکەشیان تەنها بۆ مانەوەیان ملکەچی هێزە دەسەڵاتدارەکان بوون، ئەوەی دیاریش بێت و پێشەنگی زیندوو مانەوەی گەلێک بێت، گەلی کوردە، کە سەرەڕای پەیماننامەی لۆزان و دەیان پەیماننامەی دیکە، بەڵام لە بەرخۆدان بۆ مانەوەی خۆی و گەلانی دیکەی ناوچەکە لە بەرخۆدانی بێ وێنە دایە.

 

ویلایەتی موسڵ، ویلایەتە کوردەکەی درایە عێراق و مۆرکی وڵاتێکی عەرەبی لێدرا، یەکێکە لەو نمونانەی لەناوبردنی کەمە نەتەوایەتییەکان و هەوڵی قڕکردنی خاک و گەلی کورد، پەیماننامەکە، لە چەندین بڕگە و مادەدا، بەتایبەت ماددەکانی ٣٧-٤٥ باس لە مافی کەمینەکان دەکات لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا، کە دەبێت بپارێزرێن.

 

لە بەشێکی مادەکاندا ماف دراوە بە تورکیا هەر بڕیارێك دەربکات کە لەگەڵ بڕیار و بەرژەوەندییەكانیدا نەگونجێت، یاخود، بەرگری لە ماف و سامان و سەربەستیان بكات بەبێ‌ جیاوازی زمان و رەگەز و ئاین، کە ئەم دوو بڕیارە لە دواتردا بووە مەترسی بۆ سەر کەمینەکانی ناوچەکە.

 

لەم بەشەدا بەپێی دەقی پەیماننامەی لۆزان، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی کورد، کە لە پەیماننامەکەدا ناوی نەهێنراوە و کەمینەکانی دیکەی ناوچەکە دەکەین؛

 

لە ماددەی ١ دا هاتووە، "ئەوکاتەی ئەم پەیماننامەیە دەچیتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئاشتی لە نێوان وڵاتی بەریتانیا و  فەرەنسا و یۆنان و ئیتاڵیا و ژاپۆن و ڕۆمانیا و وڵاتی سڕبۆکراتی سلۆڤینیا لە لایەک و تورکیا لە لایەکی ترەوە بەرقەرار دەبێت، بە هەمان شێوە لە نێوان گەلەکانیشدا"، بەڵام ئەوەی بینرا، تا ئێستا لە ناوچەکەدا هیچ ئاشتییەک بەدی ناکرێت، بەڵکو هەر ڕۆژێک گەلێک لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی قڕکردن و شەڕ دەبێتەوە، لە وڵاتانی لیبیا و تونس و میسر...هتد لە باکووری ئەفریقا، هەتا تورکیا و عێراق، سوریا و ئێران.

 

لە پەیماننامەکەدا ڕەچاوی مافی کەمینە کراوە

لە ماددەی  ٣٨و ٣٩دا هاتووە، "دەبێت حکومەتی تورکیا ماف و خاوەندارێتی و ئازادیی بۆ دانیشتوانەکەی دەستەبەر بکات بەبێ ڕەچاوکردنی زمان و ڕەگەز و ئایین و شوێنی لەدایکبوون و ناسنامە و بتوانن پەیڕەوی باوەڕییەکانیان بکەن، هەروەها سەرجەم دانیشتوانی تورکیا بە بێ جیاوازی ئاینی لەبەردەم یاسادا یەکسانن، بەمەش جیاوازی بیروڕا و ئاین نابێتە ئاستەنگ لەبەردەم هیچ هاوڵاتیەکی تورک بۆ سوودمەند بوون لە مافە مەدەنی و سیاسیەکان"، بەڵام لە حەقیقەتدا ئەوەی دەبینرێت ئێزدییەکان، ئەرمەنەکان، چەرکەز، کلدانی و عەلەویی و چەندین نەتەوەی دیکەی ناوچەکە کۆمەڵکوژ دەکرێن و بە ڕێگەی توندوتیژی و پەروەردە و سەپاندن، موسڵمان بوون و تورک بوونیان بەسەردا دەسەپێنرێت، هەزاران کورد و نەتەوەکانی دیکەش لە زیندانەکانی تورکیادا لەسەر پرسی سیاسی دەستگیر کراون و لەسەروو یاساوە سزا دەدرێن.

 

کاری ڕۆژنامەوانی و زمانی کوردی لە پەیمانی لۆزاندا پارێزراوە

ئەگەرچی لە پەیماننامەکەدا هاتووە، "هیچ سنورێک بۆ بەکارهێنانی ئازادانەی زمانی هیچ هاوڵاتیەکی تورکیا داناندرێت، کە پەیوەست بێت بە دیدارە تایبەکان، بازرگانیکردن، پەیڕوەکردنی ئاین، کاری ڕۆژنامەوانی، هەر جۆرە بڵاوکراوەیەکی چەپەمەنی، یان تەنانەت بە گردبوونەوە جەماوەریەکانیشەوە"، بەڵام زمانی کوردی بۆ چەندین ساڵە لەتورکیادا قەدەغەیە و بە زمانی مرۆڤ دانانرێت.

 

لە ماددەی ٤١ دا باس لە خوێندن و فێربوون بە زمانی دایک دەکات کە، "لەناو شار و ئەو ناوچانەی ڕێژەیەکی زۆر هاوڵاتیانی ناموسوڵمانی تێدا نیشتەجێیە، حکومەتی تورکیا ئاسانکاری پێویست پێشکەش بە منداڵانی ئەم جۆرە لە هاوڵاتیانی تورک دەکات، ئەمەش بە دابینکردنی خوێندن بە زمانی دایکیان لە خوێندنگە سەرەتایەکاندا" بەڵام منداڵانی کورد، جگە لە پێدانی چەندین بەڵێنی ناڕاست لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆ دانانی خوێندنگە و مامۆستا بۆ زمانی کوردی، لە ئێستادا ڕووبەڕووی کێشەی قسەکردن بە زمانی کوردی دەبنەوە، کە بەشێکیان هەر نازانن بە کوردی قسە بکەن، ئەم دۆخەش بۆ کەمینەکانی دیکە ڕاستە.

 

لە بەشێکی پەیماننامەی لۆزاندا هاتووە، "تورکیا ناتوانێت بە بێ ڕەزامەندی زۆرینەی "ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان" ڕێگە بە هەموارکردنەوەی ئەو بڕیارانە بدات، هەروەها تورکیا ڕەزامەندە لەسەر ئەوەی هەر ئەندامێکی ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان، مافی ئەوەی هەیە ئەنجومەنەکە ئاگادار بکاتەوە لە هەر پێشێلکاریەک یان هەر مەترسییەک لەسەر پێشێلکردنی هەر یەکێک لەو ئەرکانەی کە لە ئەستۆیەتی"، بەڵام سەرەڕای ئاگاداربوونی ئەنجومەن و ڕێکخراو و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان لە ئاست پێشێلکارییەکانی تورکیا بەرامبەر بە گەلی کورد و گەلانی دیکەی ناوچەکە، "جیهان بێدەنگە" و هیچ ڕێکارێکیش بەپێی دەقی پەیماننامەکە بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا نەگیراوەتە بەر، بەڵکو لە کۆمەڵکوژی، هێرش، داگیرکاری، قڕ کردن، لەناوبردنی ناسنامە و زمان و باوەڕی و.. هتد بەردەوامە.

 

دوای ١٠٠ ساڵ لە پەیماننامەی لۆزان، گرنگە دەقی پەیماننامەکە لەلایەن گەلانی ناوچەکەوە بە وردی بزانرێت، چونکە دەتوانێت بە تێکۆشان، لە چوارچێوەی دەقی پەیماننامەکەدا مافی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ناوچەکە زامن بکرێت.