هەرێمی کوردستان، جەهەنەمە ڕاستەقینەکەی ڕۆژنامەنووسان و قەڵەم بەدەستان
لە هەرێمی کوردستان بەهۆی پێشێلکاریەکانی دەسەڵات و دەزگا ئەمنییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و قەڵەم بەدەستان، خراپترین ژینگەی کارکردن فەراهەم کراوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئازادیی ڕۆژنامەگەری بەرتەسک دەکرێتەوە.
لاڤە کوردە
ناوەندی هەواڵ- رۆژنامەگەری یان رۆژنامەوانی بریتیە لە کۆکردنەوە و وەرگرتنی زانیاری، بەڵگە، دەنگوباس و وێنە و بڵاوکردنەوەی بەپێی ئەخلاق و یاسای رۆژنامەوانی لە ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی گشتیدا، سەرەکیترین ئەرکی رۆژنامەوانی بریتیە لە چاودێریکردنی کارو کردەوەی دەسەڵات و بەرپرسانی حکومی، بۆ ئەوەی بەرامبەر هاوڵاتیان وەڵامدەرەوە بن و بەرامبەر کارەکانیشیان بەرپرسیار بن.
ئازادی ڕۆژنامەوانی بنچینەی پەیوەندیکردن و ڕادەربڕینە بە شێوازی ڕاگەیاندنی جۆراوجۆر، دەبێت مامەڵەی ئازاد وەک ماف تەماشا بکرێت و ماف بدرێت بە ڕۆژنامەنووسان ئازادانە کاری خۆیان بکەن، جاڕنامەی جیھانی مافەکانی مرۆڤ ساڵی ١٩٤٨ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بەوەکردووە ھەموو کەسێک مافی ئازادیی بیروڕا و ڕادەربڕینی ھەیە، ئەم مافە بریتییە لە مافی ھەبوونی بیروڕا بەبێ دەستوەردان، ھەروەھا مافی بەدواداچوون، وەرگرتن و گەیاندنی زانیاری و بۆچوون لە ڕێی ھەر کەناڵێکی ڕاگەیاندنەوە بە بێ بوونی بەربەست.
ڕۆژنامەگەری وەک ماف و ئازادی
ئازادی رۆژنامەگەری لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا دەکەوێتە بازنەی ئازادی ڕادەربڕینەوە کە یەکێکە لە مافە بنچینەیەکانی مرۆڤ، بە جۆرێک کە هەموو کەسێک شایستەیە پێی، ئازادی ڕادەربڕین لەناو گروپی مافە مەدەنی و سیاسییەکان پۆلێن دەکرێت، مافە مەدەنی و سیاسیەکان لە بنەڕەتدا دانراون بۆ پارێزگاری تاک لە چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی دەوڵەت، ماددەی ١٩ لە پەیماننامەی نێودەوڵەتی پەیوەندیدار بە مافە مەدەنی و سیاسییەکان، ناوەڕۆکی ماددەی ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ دووبارە دەکاتەوە و دڵنیایی دەدات کە هەموو کەسێک مافی ئازادی ڕادەربڕینی هەیە و ئەو مافەش گەڕان و بەدەستهێنان و پێدانی زانیاری لەخۆدەگرێت بەشێوەی زارەکی یان نووسین، ئەوەی جیگەی سەرنجە ئەوەیە کە ئازادی ڕادەربڕین لە چەندین بەڵگەنامەی تری نێودەوڵەتی و هەرێمیدا، وەک مافێکی بنچینەیی دڵنیایی لەسەر دراوە و دەوڵەتان بەرپرسیاریەتیان لەسەرشانە، تەنیا لەو بارودۆخانە نەبێت، کە یاسای نێودەوڵەتی دیاری کردووە و دەتوانن بە مەرجی یاسایی بوون و پێویستی بوون و گونجاو بوون و کاتیی بوون، سنورداری بکەن بۆ پاراستنی ناوبانگی خەڵک لە ڕووشان، بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، سیستمی گشتی، یان پاراستنی تەندروستی و ڕەوشتی گشتی.
ئازادی ڕۆژنامەگەری لە وڵاتە نادیموکراسیەکان
بەگوێرەی پەیامنێرانی بێ سنوور، زیاد لە یەک لەسەر سێی دانیشتووانی جیھان لەو وڵاتانەدا دەژین کە دیموکراسی تێدا نییە، واتە ھیچ سیستمێکی دیموکراسی بوونی نییە یان لەو شوێنانەی کە کەموکوڕیەکی زۆر ھەیە لە پڕۆسەی دیموکراسیدا، ئازادی ڕاگەیاندن کێشەیەکی یەکجار گەورەیە بۆ زۆربەی سیستمی فەرمانڕەوا نادیموکراسیەکان، لەکاتێکدا لە چەرخی نوێدا کۆنترۆڵی توندی گەیشتن بە زانیاری بنەمایەکی ھەستیارە بۆ مانەوەی زۆربەی حکومەتە نادیموکراسیەکان، چونکە ھەڵدەستن بە دانانی دامەزراوەی ھەواڵی سەر بە دەوڵەت بۆ پیاھەڵدانی پرۆپاگەندە کە گرنگە بۆ ھێشتنەوەی چەقی ھێزە سیاسی و سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنووسان کە زۆربەی جار بە شێوازێکی دڕندانە، لە ڕێی بەکارھێنانی پۆلیس، ھێزی سەربازی یان دەزگا زانیاریەکان جێبەجێدەکرێت.
ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کورستان
لە ساڵی ١٩٩١ەوە پاش ڕاپەڕینی هەرێمی كوردستان و باڵادەستبوونی هێزە خۆماڵییەکان، ژمارەیەكی بەرچاو لە میدیا دروستبوون بە هەموو جۆرەكانییەوە، بەڵام بەهۆی هەڵاواردنیان لەلایەن دەسەڵاتەوە، دەتوانرێت بەپێی هەموو ئەو داتایانەی کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان ساڵانە بڵاوی دەکەنەوە پەیوەندیدار بە ئازادی ڕۆژنامەگەری لە کوردستان، بوترێت، ئەو ئازادیە لە دۆخی قەیراندایە، داتای پێشێلکارییەکانی هەر ساڵێک زیاترن لە ساڵی پێشتر، ترسناکی دۆخی ڕۆژنامەنووسی لە هەرێم، تەنیا جێگەی نیگەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ نییە، بەڵکو جێگەی نیگەرانی ڕۆژنامەنووسانی سەر بە پارتەکانی دەسەڵاتیشە.
مەودای کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی تاریکدا تێپەڕ دەبێت و لە دادگاکاندا یاسای کاری ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا بەکارناهێنرێت، ناوەندە ناوخۆیی و جیهانییەکان لەناو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکاندا جوگرافیای هەرێمی کوردستانیان خستووەتە ناو ناوچە مەترسیدارەکان بۆ کاری ڕۆژنامەوانی، ڕۆژنامەنووسان دەڵێن دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازن بەدەر لە یاسای کاری ڕۆژنامەوانی مەترسیەکی گەورەیە لەسەر ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەوانی.
سەرەڕای خستنەڕووی مەترسییەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی و بڵاوکردنەوە پێشێلکارییەکان بۆ ڕایگشتی، هەنگاوی پێویست لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە ئاڕاستەی بەدواداچوون بۆ ڕاپۆرتەکان تا ئێستا نەنراوە، کە بەردەوام ڕۆژنامەنووسان دەگیرێن و تیرۆریش دەکرێن.
جگە لە هێرشكردنە سەر ڕۆژنامەنووسان و كوشتنیان، لەكاتی ململانێ سیاسیەكان و سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژ بە گەندەڵی و نادادی حکومەت، هەروەها دژ بە داگیرکردنی خاک لەلایەن وڵاتانی داگیرکەرەوە، کاتێک ڕۆژنامەنووسان ڕوماڵ دەکەن، یەکەم کەسن کە ڕووبەڕووی دەستبەسەرکردن و گرتن و ئەشکەنجە و لێدان دەبنەوە، هەروەها کەرەستە و ئامێرە ڕۆژنامەنووسییەکانیان دەستبەسەردا دەگرن و دەشکێنرێن.
جیاوازی كردن لە نێوان ڕۆژنامەنووسان و پێدانی زانیارییەكان
ڕۆژنامەنووسان درک بەوە دەکەن كە جیاوازی كردن لە نێوان ڕۆژنامەنووسان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن سیمایەكی دیاری ئەم هەرێمەیە، لە پرسە هەستیار و چارەنوسسازەکاندا یاخود هەر پرسێکی دیکەی سەر بە دەسەڵات و حکومڕانی تەنها ڕۆژنامەنووسانی سەر بە دەزگا حزبییەکان زانیارییان دەدرێتێ، لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکانی دەسەڵاتداران و بەرپرسانی هەرێمدا تەنها ڕێگە بە پەیامنیران و ڕۆژنامەنووسانی خۆیان دەدرێت پرسیار بکەن، بەشیوەیەک کە ڕەنگە پرسیارەکەی بۆ دیاری کرابێت و لە بەرژەوەندی خۆیان وەڵامی خەڵک بدەنەوە، هەروەها لە ساڵیادی دامەزراندنی كەناڵە حزبی و سێبەرەكانی كە خۆیان بە ئەهلی ناودەبەن بەرپرسە حزبیەكان تەنانەت بەرپرسە حكومیەكانیش پیرۆزباییان لێدەكەن، بەڵام کاتێک دەزگایەکی ئەهلی کە بیەوێت بە ئیتیکیانە کاری میدیایی بکات لەمپەری بۆ دروست دەکرێت و پێدانی زانیاری پێی بەرتەسک دەکرێتەوە.
کوشتنی ڕۆژنامەنووسان
چەند ڕۆژنامەنووسێك لەبەر کارەکەیان و ڕەخنە گرتن لە ئەدای دەسەڵات و حکومڕانی و گەندەڵی بەرپرسان لە هەرێمی کوردستان تیرۆر کران، بەڵام چ سەندیكا، چ پەرلەمان، ئەنجومەنی دادوەری سەرەڕای خودی ڕۆژنامەنووسان داندەنێن بەوەی بكوژی ڕاستەقینەی هیچ كام لەم ڕۆژنامەنووسانە دەستگیرنەكراون.
کوشتنی ڕۆژنامەنووسان لەسەر کارەکەیان و بە نهێنی مانەوەی بکوژان دەرخەری ئەوەیە کە لە هەرێمدا ڕۆژنامەنووسان بەدەر لە ڕۆژنامەنووسەکانی دەزگاکانی سەر بە دەسەڵات و حزب، ئەگەر بیانەوێت کارێکی بنکۆڵکاری و ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەنووسی هەستیار کە تایبەت بێت بە بەرژەوەندی خەڵکەوە بکەن، ئەوا ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.
یاساکان بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری
ئەگەرچی هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عێراق، هاوشێوەی بەشەكانی تری عێراق دەبێت پابەند بێت بە دەستوری عێراقەوە، ئازادی ڕادەربڕینیش مافێكە بۆ هەر هاوڵاتییەكی عێراقی كە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لە دەستوری هەمیشەیی عێراق دەستەبەركراوە. بەڵام لە ساڵی ١٩٩٢وەوە كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، دوو یاسای بەركار بۆ كاری ڕۆژنامەوانی دەرکرا، كە بریتین لە یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی یاسای كاری ڕۆژنامەوانی، هەروەها لە دانیشتنی ژمارە ٢٨ی ٢٠١٣ لەسەر داوای ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردستان بە حوكمی بڕگەی ١ لە ماددەی ٥٦ی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ی هەمواركرا و پەرلەمانی كوردستان "یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان- عێراق" دەرچوو، یاساكە پێكهاتووە لە ٢٢ ماددە لە پێنج بەشدا دابەشكراوە، پێش یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری لە هەرێمی كوردستان بۆ دەستهێنانی زانیاری، پشت دەبەسترا بە یاسای ژمارە ٤٠ی ساڵی ٢٠٠٤ ساڵی١٩٩٨ی سەندیكای ڕۆژنامەوانان.
سەرەڕای بوونی ئەم یاسانەیە لە هەرێمی کوردستان بۆ کار و ئازادی ڕۆژنامەنووسی، بەڵام دەبینین لە ئێستادا چەندین ڕۆژنامەنووس خراونەتە زیندان و مامەڵەی خراپیان لەگەڵ دەکرێت و تۆمەتی جۆراجۆریان بۆ دروست دەکرێت، بەجۆرێک دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان دەخرێنە چوارچێوەی یاسای دیکە، بە تایبەت یاسای خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
لە لایەکی دیکەوە بەپێی یاساکەی ساڵی ٢٠٠٧ی پەرلەمانی کوردستان نابێت ڕۆژنامەنووس دەستگیربکرێت، بەڵکو تەنها سزای ماددی هەیە، بەڵام دەسەڵات ئەوەندە ترسی لە کاری ڕۆژنامەنووسی ئازاد هەیە، ڕۆژنامەنووسان دەخاتە زیندانەوە.
ژنانی ڕۆژنامەنووس دوو هێندە کارەکە مەترسییە بۆیان
لە کاتێکدا کاری ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان ئاستەنگێکی زۆری هەیە، ئەمە بۆ ژنان دوو هێندەیە، هەم بەهۆی تێڕوانینی کۆمەڵگە و ڕەگەزی بەرامبەری هاوپیشەیان، هەم بەهۆی جیاوازیکردن لەلایەن دەسەڵات و حکومەتەوە، چونکە کاتێک کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەسەر بابەتێکی گشتی دەکرێت، دەبینین ڕۆژنامەنووسانی بەشدار تەنها پیاون یاخود زۆرینە پیاون و تەنها یەک ژنی ڕۆژنامەنووس هەیە، کەواتە ژنانی ڕۆژنامەنووس پشتگوێخراون و ئەم بە کەم بینینە کاریگەری لەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەری هەیە.
هەرچەندە لەم ساڵانەی دوایدا خۆشبەختانە ژنانی زیاترهاتوونەتە مەیدان و دەستیان بە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە، بەڵام هێشتا کاری ڕۆژنامەوانی بۆ ژنان لە کومەڵگەی کوردیدا نامۆیە، بۆیە زۆرجار کاتێک بۆ کار دەچنە مەیدانەکان ڕووبەڕووی چەندین توانج و قسەی نەشیاو دەبنەوە، هەروەها هەوڵی لەکەدارکردنی ڕۆژنامەنووسانی ژن یەکێکی دیکەیە لە پێشێلکارییەکان.
بەپێی ڕاپرسییەک که له چوارچێوهى پرۆژەی "دەنگەکانمان" بە هاوکاریی ڕێکخراوی پاو-PAO ساڵی ٢٠٢١ ئەنجامدراوە، ئەوەی دەرخستووە کە ڕۆژنامەنووسانی ژن لە هەرێم ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە، لە ڕاپرسییەکەدا کە ٣٢٣ ژنی چالاکوان و ڕۆژنامهنووسى ههرێمى کوردستان بهشدارییان تێدا کردووه، ٦٢٪ی ئهو ژنانە ڕۆژانه لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کۆمێنتی سێکسى و هەراسانکارییان بۆ دهنووسرێت.