دوای ١٢٤ ساڵ، ڕۆژنامەگەری کوردی چۆن خەبات دەکات؟
یەکەم ڕۆژنامەی کوردیی بە ناوی "ڕۆژنامەی کوردستان" بەرھەڵستی دەسەڵاتی عوسمانی دەکرد، بەڵام دوای ١٢٤ ساڵ لە دەرچوونی ئەو ڕۆژنامەیە ژمارەیەک لە میدیای کوردی لە خزمەتی دوژمناندایە.
لاڤە کوردە
ناوەندی هەواڵ- ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی ڕۆژێکە کە لە ٢٢ی نیسان، کە ھەموو ساڵێک یادی دەکرێتەوە ئەمەش بەبۆنەی ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بەناوی "ڕۆژنامەی کوردستان"، کە لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخان لە قاهیرە لە ساڵی ١٨٩٨، دەستپێکی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان وەک خەباتێکی نەتەوەیی و ڕۆشنبیری دێتە نرخاندن، چونکە ڕۆژنامەکە بەرھەڵستی دەسەڵاتی عوسمانی دەکرد.
هۆکاری ئەوەی کە ڕۆژنامەکە خەباتێکی نەتەوەیی بوو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دوای تێكچوونی شۆڕشی بەدرخانیەكان لە ساڵی ١٨٤٧دا، دەوڵەتی عوسمانی بەدرخانیەكانی لە هەرێمی بۆتانی باكوری كوردستانەوە بۆ ئیستەنبوڵ و میسر و یۆنان و چەند وڵات و دوورگەیەكی دیكە دوورخستەوە و بەم شێوەیە ئەم بنەماڵە شۆڕشگێڕەی كورد پەرش و بڵاوبوونەوە، لەبەر نەگونجان لە بواری شۆڕشی چەكداریدا، مێقداد مەدحەت بەدرخان بۆ بەردەوامیدان بە خەباتی نەتەوەیی، رێگایەكی دیكەی تاقیكردەوە، ئەویش خزمەتكردنی كلتور و زمان و ناساندنی مێژووی نەتەوەی كورد بوو لەڕێی كاری ڕۆژنامەگەرییەوە.
مێقداد مەدحەت بەدرخان لە یەكەمین ژمارەی ڕۆژنامەی كوردستان دا دەڵێت: "من ڕۆژنامەیەكم بە ناوی كوردستان دەركرد، ئامانجم لەم كارە ئەوەیە كە گەلی كورد لە بوارەكانی كلتوری، سیاسی، زمان، ئابوری و زانستەوە هۆشیار بكەمەوە".
دوای دەرچوونی یەکەم ژمارە بەھۆی دژایەتی لایەنی عوسمانی، ڕۆژنامەکە ژمارەکانی دواتری لە چەند شارێکی جیا چاپکران، لەدوای قاھیرە لە شارەکانی جنێف و لەندەن و فۆکستۆن چاپکران، ڕۆژنامەکە لەناوخۆی دەوڵەتی عوسمانی قەدەغەکرابوو، بەڵام بەشێوەی قاچاغ دابەشدەکرا، ڕۆژنامەکە لە شارەکانی ئامەد، ماردین، ئەدەنە و دیمەشق خوێنەری ھەبووە، بەڵام بەهۆی نەخۆش کەوتنی میقداد مەدحەد بەدرخان لە ژمارەی شەشی ڕۆژنامەکەوە، کاری چاپکردن و سەرنووسەری کەوتە دەست عەبدولڕەحمان بەدرخان، کە برا بچووکی میقداد بەدرخان بوو.
لە ژمارە ٦ تا ١٩ لە جنێفی پایتەختی سویسرا، هەروەها لە ژمارە ٢٠ تا ٢٣ دووبارە لە قاهیرە، ژمارە ٢٤یش لە لەندەن و ژمارە ٢٥یش دووجار دەرچووە، یەكەمیان لە شاری لەندەن و دووەمیشیان لە شاری فۆكستۆن هەر لە بەریتانیا، وە ژمارە ٢٦ - ٢٩ لە شاری فۆكستۆن، ژمارەكانی ٣٠ و ٣١ لە جنێف دەرچووەتەوە.
خەباتی ڕۆژنامەگەری کوردی دوای ١٢٤ ساڵ بە چی گەیشتووە؟
ئەمساڵ پاش تێپەڕبوونی ١٢٤ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردیدا و دوای دەرچوونی سەدان ڕۆژنامە و گۆڤار و دامەزراندنی دەیان میدیای بینراو بیستراو لە باشووری کوردستان، ڕەخنە و گلەیی بینەران و بیسەران و خوێنەرانی کورد گەیشتۆتە ئاستێک کە داوای داخستن و نەمانی بەشێک لەم دەزگایانە بکرێت.
هەڵبەتە کۆمەڵێک هۆکار هەن بۆ ئەوەی کە وەرگری کورد ڕەخنەو گلەیی لە ڕۆژنامەگەری کوردی هەبێت، هەر لە ڕووی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوری، کلتوری و زمان و زانستەوە هتد... تەنانەت بەشێک لە نووسەران و ڕۆژنامە نووسانیش ڕەخنەی تووند ئاڕاستهی زۆرێک لە میدیاکان لە باشووری کوردستان دەکەن و پێیان وایە نەک نەیانتوانیووە بواری ڕاگەیاندن لەکوردستاندا هەنگاوێک بەرەو پێش بەرن، بەڵکو بە هۆکاری ئەو پاشەکشێیانەیان دەزانن کە ماوەی ساڵانێکە میدیا بەخۆیووە بینوێتی.
ژمارەیەکی زۆر لە میدیای کوردی ئەوانەی ئاڕاستەکراون و ئامانجی کارکردنیان بەشێوەیەکە خەڵک سەرقاڵ بکەن بە بابەتی کاتبەسەربردن، ئەویش لەڕێگەی فیلم و دراما و بەرنامەی جۆراوجۆرو وەرگیراوەوەیە، بە جۆرێک زمان و کلتورو شێوازی ژیانی خەڵک پێچەوانەی ژیانه ئاساییەکەی خۆی دەکاتەوە و کلتور و ناسنامەی خۆی لەبیردەکات.
ئەو دەزگاو میدیایانەشی کە لە لایەن دەسەڵاتەوە ئاڕاستەدەکرێن و بەڕێوەدەبرێن، بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان سیاسەتی دەزگاکە دادەڕێژن و لە پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەکاندا پێچەوانەی ڕاستییەکان دەگەینن بە خەڵک.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی خەباتێک بووە دژی دەوڵەتی عوسمانی، بەڵام ئێستا ژمارەیەک لە ڕۆژنامەگەری و میدیای کوردی هیچ خەباتێکی نەتەوەیی تێدا نابیندرێت و هەستی نەتەوایەتی و پاراستنی کلتور و زمان و ناسنامەی لای خەڵک سڕیوەتەوە.
ئاشکرایە کە ئەرکی ڕۆژنامەگەری و میدیا بەدەر لەوەی یەکێک لە ئەرکەکانی هەواڵ و گەیاندنی زانیارییە، ئەرکی دیکەشی هۆشیاری کۆمەڵگە و تاکە، هەروەها گەیاندنی بابەتەکان بە ڕاستی و دروستی، بەڵام دەبینین لە ئێستادا زۆرێک لە میدیاکان پێچەوانەی ئەرکەکانیان کار دەکەن.
ئەگەر باس لە هەوڵی زیندوکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانی لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بکەین و باس لە هێرشە داگیرکارییەکانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە لەسەر کوردستان بکەین، دەبینین زۆرینەی کات میدیا لێی بێدەنگە بە تایبەت میدیاکانی باشوری کوردستان کە زۆر کات بڵاوکردنەوەی بابەت و هەواڵ و داڕشتنی بەرنامەکانیان بەشێوەیەکە ڕەوایەتی بە هێرش و داگیرکارییەکان دەدەن و دوور دەکەونەوە لەوەی چی مەترسییەک لەسەر کلتور و زمان و خاکی کوردستان هەیە.
هەروەها ئەو ڕۆژنامەنوسانەی لە باکوری کوردستان و تورکیا یاخود باشوری کوردستان دەنگیان هەیەو ویستیویانە خەڵک لەو داگیرکاریی و هێرشانەی تورکیا لەسەر خاکی کوردستان کە هەیە ئاگادار بکەنەوە، دەبینین لە زیندانەکاندان و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و تۆمەتی جیاوازیان دەخرێتە پاڵ، ڕۆژنامەنوسانی کورد لە زیندانەکانی تورکدا ئەشکەنجە دەدرێن و بەهۆی مانگرتیان لە دۆخێکی مەترسیداردان، لە کاتێکیشدا لە باشوری کوردستان باس لە ئازادی ڕادەربڕین دەکرێت بەڵام ڕۆژنامەنوسان لە چوارچێوەی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەخرێنە زیندانەوە، کەواتە بەهەموو شێوەیەک دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورک پەردەپۆش دەکرێت و ڕێگە بە ڕۆژنامەنوسان نادرێت ڕاستییەکان بگەیەنن.