ئامانجی سیاسی و داگیرکاری لە پشت سووتاندنی بازاڕەکانی باشووری کوردستانەوەیە
هەوڵەکانی تورکیا بە لە شکرکێشی و زیان گەیاندن بە فرۆشیاران هەوڵی داگیرکاری دەدەن، لە ڕاگەیاند راوێکدا دەوڵەتی تورکیا دڵنیای دا بازاڕی هەولێر، دهۆک، کەرکوک لە لایەن تورکیاوە سوتێندراوە و دەڵێن: "ئەو ناوچەیە خاکی ئێمەیە و دەگەڕێینەوە ئاڵای خۆمانی تیادا هەڵ
سلێمانی
جگە لەوەی قەیرانی دارایی و سیاسی کاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان کردووە، لەشکرکێشی و ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورکیاش لە چیاکانی کوردستان ئامانجی داگیرکاری باشووری کوردستانی تێپەڕاندووە و تورکە ڕەگەزپەرستەکان دەیانەوێت لەناو جەرگەی شارەکاندا فشار بخەنە سەر هاوڵاتیان.
دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی دراما و دەستگرتن بەسەر بەشێک لە میدیاکانی باشووری کوردستان هەوڵی لەناوبردنی شیرازەی کۆمەڵگەی کوردی دەدات، زانکۆ و قوتابخانە تورکییەکانیش ڕێگەیەکی دیکەی دەوڵەتی تورکیایە بۆ داگیرکردنی هزری منداڵان و گەنجان، هەروەها قۆرخکردنی ئابووری و بازاڕی هەرێمی کوردستان بە کاڵای تورکی زیانێکی دیکەی درێژخایەنی بەسەر تاکی کوردەوە بەجێهێشتووە.
مۆری تورکیا لە قەیسەری کەرکوک درا
سووتاندنی بازاڕەکانی باشووری کوردستان ناکرێت لە سیاسەتی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا جیا بکرێتەوە، باشترین نموونەی بەرچاو شاری کەرکوکە، کە لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٨دا بە هۆکاریکی نادیار ئاگر لە بازاڕی قەیسەری شاری کەرکوک کەوتەوە، بەو هۆیەوە ٣٦٥ دوکانی ناو بازاڕەکە سووتان و دواتر ڕێکخراوی تیکای تورکی ئەرکی نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکەی گرتە ئەستۆی خۆی، هۆکاری نۆژەن کردنەوەی بازاڕەکانی کەرکوک لەلایەن ڕێکخراوێکی تورکییەوە دەگەڕێتەوە بۆ داگیرکردن و دەستبەسەردا گرتنی لایەنی ئابووری هەرێمی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکاری تورکیاوە، لە دوای ساڵێک و سێ مانگ فرۆشیارانی بازاڕی قەیسەری کەرکوک بۆ بە دەستهێنانەوەی دوکانەکانیان لە بەردەم بازاڕەکەدا گردبوونەوەیان ئەنجام دا، هەروەها لە کاتی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری کەرکوک لەسەر تابلۆی ٧ دەرگای بازاڕەکە ئاڵای تورکیا کێشرا و بە زمانی تورکی تابلۆکان دانران، هەموو ئەم نیشانانە دەریدەخەن تورکیا ئامانجی لە سووتان و نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکان، داگیرکارییە.
چەندین جار بازاڕی لەنگەی هەولێر سووتێنرا
بازاری لەنگە لە شاری هەولێر چەندین ساڵە ڕووبەڕووی چەندین زنجیرە سووتانی یەک لەدوای یەک بووەتەوە، بازاڕی لەنگە دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری هەولێر بە نزیکەی لە ٢٤٠٠ دوکان پێکدێت، بە هۆکاری ستراتیژی و هەڵکەوتەی شوێنەکەی بەشێکی زۆر لە بازرگانان چاویان بڕیوەتە بازاڕەکە، کە لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە پاش گواستنەوەی بازاڕەکە بۆ شوێنی ئێستای بووەتە شوێنی بژێوی هاوڵاتیان، لە سەرەتایی ساڵی ٢٠٢٤دا و ماوەی چەند مانگێکی کەم ٢ جار بە هۆکاری نادیار بازاڕی لەنگەی هەولێر دەسووتێت، بەشێک لە هاوڵاتیان و فرۆشیاران باس لەوە دەکەن، سووتانی بازاڕی لەنگەی هەولێر دەستی کەسانی سیاسیی لەپشتە، بەڵام کاتێک لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی شاری هەولێرەوە بەدواداچوون دەکرێت، هەموو هۆکارەکان بۆ شۆرتی کارەبا دەگێڕنەوە، لەکاتێکدا لە چەندین گرتە ڤیدیۆ و چاوپێکەوتنی فرۆشیارانی بازاڕەکە ئاماژە بەوە دەکەن، کە دەیانەوێت بازاڕەکەیان لێ زەوت بکەن و چەندین جارە دەیسووتێنن، هەروەها لەکاتی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەدا، چەندین دوکان لەلایەن چەند کەسێکەوە تاڵان دەکرێن، بەشێک لە فرۆشیاران دەڵێن لە ٪٩٠ی تەنها بردن و تاڵانکردنی دوکانەکانمانن.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاوکراونەتەوە، لە ساڵی ١٩٩٩دا بازاڕی تاناکۆرەی هەولێر سووتا و پاشان کرا بە بازاڕێکی بازرگانی و لە ئێستادا بازاڕی داون تاونی شاری هەولێری لەسەر دروستکراوە، پاشان دوکانەکان فرۆشرانەوە و لە ئێستادا باج و سەرانەیان لێ وەردەگیرێت.
چەند زنجیرە سووتانێکی بازاڕی لەنگەی هەولێر:
- ٢٥ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨دا، نزیکەی ١٢٠٠ دوکان لە بازاڕی لەنگەی هەولێر سووتا.
- ٢٧ی شوبات ساڵی ٢٠٢٠دام لەنگەی شاری هەولێر سووتا.
- ١٥ی نیسانی ساڵی ٢٠٢١دا ئاگر لە بازاڕی سەیداوا کەوتەوە.
- ٢٧ی ئاداری ساڵی ٢٠٢٣دا ئاگر لە بازاڕی هەولێردا کەوتەوە.
- ٥ی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣دا بە هەمان شێوەی ئەوانی دیکە ئاگر بازاڕی لەنگەی شاری هەولێری تەنیبوو و پاش لێکۆڵینەوە کارمەندانی شارستانی هەولێر دەڵێن بە هۆی شۆرتی کارەباوە بووە.
- ٢٧ی شوباتی ساڵی ٢٠٢٤دا نزیکەی ٢٠٠ دوکان بە تەواوی سووتا و کە ڕێژەی زۆری خاوەن دوکانەکان دەڵێن لە ٪٩٠ کەلوپەلەکانمان دیار نەماوە و براون، هەروەها زیاتر لە ٣٠٠ دوکان زیانی بەرکەوتووە.
- کۆتا جار لە ٨ی نیسانی ساڵی ٢٠٢٤دا کە لە ماوەی ٤١ رۆژدا بۆ جاری دووەم ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە، لە کاتێکدا تا ئێستا هۆکاری سووتانی جاری یەکەمی، کە دەکاتە مانگی شوباتی هەمان ساڵ، ڕانەگەیەندراوە.
بە پێی گرتە ڤیدیۆی فرۆشیاران کە لە میدیاکانەوە قسەیان کردووە، لە کۆتا جاری سووتانی فرۆشگاکانیاندا ئاماژەیان بەوەکرد، لە ٣ جێگەی جیاواز ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێردا کراوەتەوە، یەکەم هەوڵی کردنەوەی ئاگرەکە لە لایەن پاسەوانی بازاڕەکە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، بەڵام لە ماوەی چەند دەقەیەکی کەمدا لە دوو جێگای جیاواز بە هەمان شێوازی هەوڵی یەکەم ئاگر دەکەوێتەوە و بازاڕی لەنگەی هەولێر دەسووتێتەوە، هەروەها فرۆشیاران جەخت لەوە دەکەنەوە هۆکاری سووتانی بازاڕەکانیان تەنها دەستی سیاسیی لەپشتە نەک شۆرتی کارەبا و کارەساتی سروشتی، فرۆشیارێکیش وتی، کە بە چاوی خۆی بینیویەتی چەند کەسێک ئاگرەکە دەکەنەوە.
هەروەها لە ١ی نیسانی ئەمساڵدا ئاگر لە بازاڕی چەلێ لە شاری دهۆک کەوتەوە، زیاتر لە ١٠٠ دوکانی هاوڵاتیان سووتا، تا ئێستاش هۆکاری سووتانی بازاڕی چەلێ ڕانەگەیەندراوە.
تورکە نەتەوە پەرستەکان بازاڕەکانی باشووری کوردستان دەسووتێنن
"ڕێکخستنی پەیمانی میللی" کە گروپێکی نەتەوەپەرستی تورکن، لە ڕاگەیاندراوێکدا بەپرسیارێتی خۆیان لە سووتاندنی بازاڕەکان ڕاگەیاندووە و لەسەر ئاگرەکەی بازاڕی لەنگەی هەولێر ئاماژەیان بەوە کردووە، "ئاگرمان لە دڵی کوردە ترسنۆکەکان بەردا، لە ١٦ شوێنەوە ئاگرمان لە بازاڕەکە کردەوە و لەناومانبرد"، پێشتریش ئاگر لە هەریەک لە بازاڕەکانی ئەحمەد ئاغا لە کەرکوک، لەنگە لە هەولێر و چەلێ لە دهۆک کەوتەوە و گروپەکەش بەرپرسیارێتی ڕووداوەکانی هەر سێ بازاڕەکەیان ڕاگەیاندووە.
گروپەکە ئاماژە بەوە دەکەن، "سنوورەکانی پەیمانی نیشتیمانیی وەردەگرینەوە، ئەو ناوچەیە خاکی ئێمەیە و دەگەڕێینەوە و ئاڵای تورکیایی تیادا هەڵدەکەین" و ئامانجیان زیندوو کردنەوەی پانتایی جوگرافیای دەوڵەتی عوسمانییە، کە باشووری کوردستان بەشێک بووە لە میساقی میللیی دەوڵەتی عوسمانی.