عێراق و تورکیا و ئێران ڕوویان لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان وەرگێڕاوە
سەرەڕای ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەڵەتییەکان سەبارەت بە پێشێلکردنی ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەگەریی و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان، هەریەک لە عێراق، تورکیا و ئێران بەردەوامن لە پێشێلکاری.
لاڤە کوردە
سلێمانی- ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری بنەمایەکە پشتیوانی دەربڕینی ئازادانەی ڕۆژنامەنووسان دەکات لە ناو کۆمەڵدا. کە بێ ترس، بێ چاودێریی و سزای یاسایی، بێ چاوسوورکردنەوە و تۆقاندن، بەڵکو ئازادانە کاری ڕۆژنامەنووسی خۆیان بکەن، هەروەها بنچینەی پەیوەندیکردن و ڕادەبڕینە بە شێوازی ڕاگەیاندنی جۆراوجۆر، بە چاپکراو و ڕاگەیاندنی ئەلکترۆنی بە تایبەتی بەرھەمی چاپکراو، دەبێت مامەڵەی ئازاد وەک ماف تەماشا بکرێت، جۆرە ئازادییەکی وەھا مانای ئەوەیە کە دەست تێوەردان ناکرێت لەلایەن وڵاتێکی سنوربەزێن، دەکرێت بپارێزرێت بەپێی دەستور یان یاساکانی تر.
چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ساڵانە ڕاپۆرت لەسەر ئەو وڵاتانە بڵاودەکەنەوە کە ئاستەنگی بۆ کاری ڕۆژنامەوانی دروستدەکەن و مەترسین بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان کە دەگاتە ئاستی تیرۆر، ئەو ڕێکخراوانە ھەڵدەستن بە ڕیزبەندی کردنی ئاستی وڵاتان بۆ ئازادیی ڕۆژنامەوانیی لەسەر ئەم پێوەرانە: ژمارەی ڕۆژنامەوانی کوژراو، دەرکراو یان ھەراسانکراو، ھەبوونی قۆرخکردنی دەوڵەت لەسەر رادیۆ و تەلەفزیۆن، ھەبوونی سانسۆری گشتی و سانسۆری خۆیی لەسەر ڕاگەیاندنەکان، تێکڕای سەربەخۆی ڕاگایاندنەکان و سەختیەکانی ڕۆژنامەنووسە بیانییەکان دووچاری دەبنەوە.
پەیامنێرانی بێسنور، کە یەکێکە لەو ڕێکخراوانە و لە ساڵی ١٩٩٥ەوە کاردەکات ئاماژەی بەوەکردووە، زیاد لە یەک لەسەر سێی دانیشتووانی جیھان لەو وڵاتانەدا دەژین کە دیموکراسی تێدا نییە، ئەم خەڵکانە لەو وڵاتانەدا ژیان بەرێدەکەن کە ھیچ سیستەمێکی دیموکراسی بوونی نییە یان لەو شوێنانەی کە کەموکوڕیەکی زۆر ھەیە، لە پرۆسەی دیموکراسیدا، ئازادیی ڕاگەیاندن چەمکێکی یەکجار گەورەیە بۆ زۆربەی سیستەمی فەرمانڕەوا نادیموکراسیەکان، لەکاتێکدا لە چەرخی نوێدا کۆنترۆڵی توندی گەیشتن بە زانیاری بنەمایەکی ھەستیارە بۆ مانەوەی زۆربەی حکومەتە نادیموکراسیەکان، سیستەمی کۆنترۆڵە پەیوەندیدارەکانیان و ئامڕازە ئاسایشەکانیان، بۆ جێبەجێکردنی ئەمە، زۆربەی کۆمەڵگە نادیموکراسیەکان ھەڵدەستن بە دانانی دامەزراوەی ھەواڵی سەر بە دەوڵەت بۆ پیاھەڵدانی پروپاگەندە کە گرنگە بۆ ھێشتنەوەی چەقی ھێزە سیاسی و سەرکوتکردنی (زۆربەی جار بە شێوازێکی دڕندانە، لە ڕێی بەکارھێنانی پۆلیس، ھێزی سەربازی یان دەزگا زانیاریەکان)، ھەر جۆرە ھەوڵێکی بە بایەخ بۆ بەرەنگاری "ھێڵی سووری حکومەت" لەسەر بابەتە ململانێ لەسەرەکان لەلایەن ڕاگەیاندنەکانەوە یان تاکە ڕۆژنامەنووسێک، لەم جۆرە وڵاتانەدا، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەسەر لێواری بابەتە پەسەندکراوەکاندا کاردەکەن زۆربەی جار دووچاری ھەڕەشەیەکی دژوار دەبنەوە، لەلایەن بەکرێگیراوەکانی دەوڵەتەوە. ئەمە دەکرێت ھەڕەشەی سادە بۆ سەر پیشەکانیان لەخۆبگرێت (وەک دەکردنیان لە پیشەکانیان و ناونووسکردنیان لە لیستی ڕەش دا) ھەتا ھەڕەشەی کوشتن، فڕاندن، ئەشکەنجەدان و دەستگیرکردنیان.
پەیامنێرانی بێسنور لە دوایی ڕاپۆرتیدا سەبارەت بە ڕەوشی ڕۆژنامەگەری لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ئاشکرایکردووە کە ٥٧ ڕۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهاندا کوژراون و ٥٣٣ ڕۆژنامەنووسیش زیندانی کراون، لەم ئامارەی ڕێکخراوەکەدا هەریەک لە وڵاتانی عێراق و ئێران و تورکیا ناویان هاتووەو پێشێلکارییان ئەنجامداوە.
ڕۆژنامەگەریی و ئازادی ڕادەربڕین لە عێراق
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکیدا لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە جیهان وتویەتی: لە عێراق هێزەکانی ئاسایشی لە دەرەوەی یاسا ڕەفتار دەکەن، دادگاکانی کوردستان سەربەخۆ نین، ڕۆژنامەنووسان ناتوانن ڕۆڵی کاریگەری خۆیان بگێڕن، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە کاری ڕۆژنامەنووسی لە عێراقدا کارێکی زۆر سەختەو زۆر ئاڵۆزی هەیە.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەی مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵی پەیامنێرانی بێسنوردا هاتووە، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ٢٤ ڕۆژنامەنووس و میدیاکار دەستبەسەرکراون یان زیندانیکراون یانیش کوژراون، ژمارەیەکیشیان بە بارمتە گیراون.
ئێران لەمساڵدا پێشێلکاری گەیاندووەتە لوتکە
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی پەیامنێرانی بێسنوردا هاتووە کە لەگەڵ سەرهەڵدانی شەپۆلی ناڕەزایەتی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندانەکان لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا، دەسەڵاتدارانی ئێرانی ٣٤ ڕۆژنامەنووس و میدیاکاری زیندانیکردووە.
لە راپۆرتەکەدا باس لە کەیسی دوو ڕۆژنامەنووسی ژن بە ناوەکانی نیلوفەر حەمدی و ئیلیا محەممەدی لەناو ئەو ژمارە ڕۆژنامەنووسەن کە لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا دەستگیرکراون، لەبارەی دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە ئێران، پەیامنێرانی بێسنور دەڵێت: "ئەوە ئاماژەیەکە بۆ ویستی دەسەڵاتدارانی ئێرانی کە بەشێوەیەکی سیستماتیکی ژنان بێدەنگ بکەن."
هەروەها لە ساڵی ٢٠١٧دا ئێرانی لە ڕیزبەندی پێنجەمی ئەو وڵاتانەدا داناوە کە گەورەترین زیندانیان بۆ ڕۆژنامەنووسان هەیە.
"لە تورکیا شوێنی ڕۆژنامەنووسان دادگا و زیندانە"
لە ساڵی ٢٠١٥ پەیامنێرانی بێسنور لەسەر دۆخی ڕۆژنامەنووسی لە تورکیا ئاماژەی بەوەکردووە کە شۆک بووە و وتویەتی: "زۆرینەی ئەو شوێنانەی ڕۆژنامەنووسان لە توركیا سەردانی دەكەن دادگاكان و گۆڕستانەكانە"، مەبەست لەم قسەیەی ئاماژەدانە بەوەی کە تورکیا وڵاتێکی تەواو نادیموکراسییە بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی و ئەوانەی ئازادانە و بێلایەن کاردەکەن، دەیانخاتە ناو زیندان یاخود دەیانکوژێت.
ڕێکخراوەکە لە ساڵی ٢٠١٦ تورکیا بە گەورەترین زیندان بۆ ڕۆژنامەنووسان پێناسە دەکات و دەڵێت: تورکیا پاش کودەتاکەی تەمموزی ئەمساڵ زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژنامەنووس و میدیاکاری دەستگیر و زیندانی کردووە و پرۆسەی گرتنی ڕۆژنامەنووسان تا کۆتایی ئەو ساڵە بەردەوامی هەیە.
پەیامنێرانی بێسنور لە ڕاپۆرتی ئەمساڵیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە هەرچەندە تورکیا ئەمساڵ وەک یەکێک لە بەرزترین زیندانییەکانی ڕۆژنامەنووسان تۆمار نەکراوە، بەڵام فشارەکانی حکومەتی تورکیا بەردەوام بەرزە، بەتایبەتی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانی ژن.
لە تورکیا لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢ەوە ٤ ڕۆژنامەنووس و میدیاکاری ژن ڕاگیراون، لە ڕۆژی ٨ی حوزەیرانەوە، لە باکووری کوردستان دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوور لە بنەما و یاساکای کاری ڕۆژنامەوانیی، ٢١ ڕۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنی ئازادی دەستگیرکرد، کە مەبەست لێی لەمپەر دروستکردنە بۆ چاپەمەنیی ئازاد و شاردنەوەی شکستەکانی دەسەڵاتی ئاکەپەیە.
سەرەڕای ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکان لەسەر هەڵکشانی کێرڤی پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لەو سێ وڵاتەدا، بەڵام ساڵ بە ساڵ هەڕەشەی سەر ڕۆژنامەنووسان زیاد دەکات و ژمارەی دەستبەسەرکردن و خستنە ناو زیندان ڕوو لە زیادبوون دەکات، بە تایبەت لە تورکیا و ئێران، کاتێک دەسەڵاتەکان دەکەونە کێشەی ناوخۆییەوە پەنا بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد و ڕۆژنامەنووسان دەبەن و ڕاپۆرتە نێودەڵەتییەکان ناکەنە بنەما بۆ بەدیموکراسی بوونی وڵاتەکانیان.