"ژن ژیان ئازادی" سنورەکانی دەرباز کرد و جیهانی تەنی

لەسەر بنەمای دەبێت ژنان ئازاد بکرێن، بۆ ئەوەی ژیان ئازاد بێت، دروشمی "ژن ژیان ئازادی" جیهانی تەنیوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بنچینەی "ژن ژیان ئازادی" تەنها بەرەنگاری نییە، بەڵکو بە واتای ئیرادە و هێز و ڕێکخستن بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی نوێ دێت، بێ گومان ئایدۆلۆژیای ئازادیخوازی ژنانی کورد و بنچینەسازییەکەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانە، لە زۆرێک لە هەڵسەنگاندنەکانیدا لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئێستا جەختیشی لەوە کردەوەتەوە کە ئەم دوو وشەیە لە کوردستاندا یەک ڕەگ و ڕیشەیان هەیە و دەبێت ژنان ئازاد بکرێن بۆ ئەوەی ژیان ئازاد بێت.

 

بنچینەی "ژن ژیان ئازادی" لە کوێوە هاتووە؟

"ژن ژیان ئازادی" ئەو دروشمەیە کە لە ئاکامی تێکۆشانی ئازادی ژنانی کورد بە جیهانی بووە، ڕێبەر ئۆجالان ژنی وەکو یەکەمین نەتەوەی بە کۆیلەکراو لە مێژوودا پێناسە کردووە و لە دوای ئەوەی ئایدۆلۆژیای ئازادی ژنی لە ساڵی ١٩٩٨دا گەڵاڵە کرد، ڕایگەیاند "هەتا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت".

 

"ژن ژیان ئازادی" بەرهەمی ٤٥ ساڵ تێکۆشانی تەڤگەری ئازادی کوردستانە، ئەم تەڤگەرە لە یەکەمین کۆنگرەیەوە کە دوو ژن تێیدا بەشداریان کرد، تا ساڵی ١٩٩٣ کە بۆ یەکەمین جار لە کوردستان، ژنانی کورد بە ئارتەشبوون- هێزی سەربازی خۆیان ڕاگەیاند، ژنی بە بنچینەی تێکۆشان لە قەڵەمداوە.

 

دروشمی "ژن ژیان ئازادی" بەرهەمی ئەو قۆناغەی تێکۆشانی ئازادی ژنانی کوردە، ئیتر لەو کاتەوە ئەو دروشمە لە ناو تێکۆشانی ئازادی دا بووەتە هێمای پێشەنگایەتی ژنانی کوردستان، بەم شێوە شۆڕشی ژیانەوەی ژنان جارێکی تر لەسەر ئەو خاکەی شۆڕشی کشتوکاڵی تێدا پێکهاتووە، دەستیپێکرد و گەیشت بە ئاستێک کە ئێستا سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی تەنیوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ساڵی ٢٠١٤ لەدوای هێرشی چەتەکانی داعش بۆ تاڵانکردن  وداگیرکردنی خاکی ڕۆژئاوای کوردستان جارێکی تر بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، شۆڕشێک لە ڕۆژئاوای کوردستان دروستبوو کە بوو بە شۆڕشی ژنان، بە هەوڵ و ماندوو بونێکی بێ کۆتا توانیان نیشتیمانی خۆیان بپارێزن بە بوونی هەزاران گیان فیدایی.

 

ئەمساڵیش ئەو دروشمە بوو بە تاکە دروشمێک کە تەواوی جیهانی لەژێر یەک دەنگدا کۆکردەوە و لەگەڵ کوشتنی ژینا ئەمینی، کە خەڵكی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێران بەشێوەکی نامرۆڤانە، ئیدی چروسکی ئازادی و پشکۆی سەرهەڵدان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەشەی کرد و هەموویان بەیەک دەنگ دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان دژی ئەو دەستەڵاتە فاشیستەی ٤٣ ساڵە خەڵکی بێ تاوان لە سێدارە دەدات و لەناویان دەبات بە ناوی ئاینی ئیسلامەوە، دەوتەوە.

 

لەگەڵ ئەوەشدا تەواوی جیهانی پاڵپشتی ئەو خۆپیشاندان و سەرهەڵدانانە دەکەن کە  بە پێشەنگایەتی ژنان و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵێسەی سەندووە، دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، بووەتە تاکە ئاڵا کە تەواوی دەنگی ئازادیخواز و مرۆڤ دۆستانی بۆ ئازادی ژن و ژیان کردووەتە یەک دەنگ.

 

لە ئەمرۆدا دروشمی "ژن ژیان ئازادی" بووەتە گرنگترین خاڵی هاوبەشی نێوان ژنانی جیهان و کوردستان، بۆ ئەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانی خۆیان بدەن و بتوانن دووبارە یاساکانی خۆیان بەدەست بهێننەوە.