دراما تورکییەکان ژەهرێک لەناو ماڵەکانی باشووری کوردستاندا
دەوڵەتی تورکیا بە کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک میدیای باشووری کوردستان سیاسەتی داگیرکاری لە ڕێگەی کلتور و دراماکانییەوە درێژە پێدەدات کە وەک ژەهرێکە و لەناو ماڵەکانی باشووری کوردستاندا بڵاودەبێتەوە.
سۆزیار عەلی
ناوەندی هەواڵ- داگیرکاری پلە بە پلە و بە هێواشی دەچێتە ناو ژیان و خوێنی هەر تاکێکی کورد لە باشووری کوردستان، ئەم داگیرکارییە نە هێزێکی سەربازییە و نە چەک و تانک و تفەنگە، بەڵام هێندەی سوپایەک مەترسی و کاریگەری هەیە، ئەو داگیرکارییەی لە ڕێگەی کلتور و هونەرەوە لەسەر باشووری کوردستان بەرێوەدەچێت، لەم راپۆرتەدا بە وردی شێواز و مەترسییەکانی باس دەکەین.
١٥ ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی ٢٠٠٧وە، شەپۆلێکی داگیرکاری لە ڕێگەی فیلم، درامای تورکی و میوزیک، گۆرانی، جلوبەرگ و کلتوری تورکییەوە بەرۆکی باشووری کوردستانی گرتووە، چەندەها درامای بیانی جۆراوجۆر پەخشکران، بەڵام گرنگی زیاتر بە دراما تورکییەکان درا، کە هەتاوەکو ئێستاش لەناو ماڵەکانماندایە و لە ژیانی تاکەکاندا ڕەنگی داوەتەوە.
تورکیا درامای تەلەفیزیۆنی وەکو چەکێکی ئابووری و باڵادەستبوونی کلتور و فەرهەنگی خۆی بەسەر وڵاتاندا بەکاردەهێنێت، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ زیادبوونی سەردانی گەشتیاری کورد و عەرەب بۆ تورکیا، لەناو دراماکانیاندا جۆرێکی تری بازرگانی دەکەن و شوێنە گەشتیارییەکانیان پیشانی بینەر دەدەن، تاوەکو سەرنجی گەشتیار ڕابکێشن، بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠١٠وە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار گەشتیار سەردانی تورکیایان کردووە.
دراماکان کاریگەری لەسەر ژیانی تاک هەیە
ئەم درامایانە کاریگەری دەکەنە سەر هاوڵاتیان و بۆچوون و ڕەفتاری هاوڵاتیان دەگۆڕن، چونکە لەناو دراماکاندا ژیانێکی ڕۆمانسی خەیاڵاوی و دوور لە ڕاستی کۆمەڵگا نیشاندەدەن، لەگەڵ خۆیاندا کۆمەڵێک بەها و نەریتی دوور لە کۆمەڵگەیان هەڵگرتووە کە خۆی زاڵ دەکات بەسەر بەها کۆمەڵایەتییە خێزانییەکاندا.
زیاتر لە هەر شتێکیش لەم درامایانەدا ژن بە ئامانج گیراوە و هەمیشە ژن وەک بونەوەرێکی لاواز و ئامڕازێکی سێکس و موڵکایەتی پیشانی بینەر دەدات، ناپاکی هاوسەرگیری بە کارێکی پەسەند دادەنێت و ژنان دەکاتە موڵک و شەرەفی پیاوەکان، بە درێژایی دراماکان هەرجارەی چیرۆکی منداڵیکی بێ ناسنامە باس دەکرێت، بەشێوەیەکی گشتی بە هەموو جۆرەکانیەوە لە خزمەتی دەسەڵاتی پیاوسالاریدایە و هەمیشە پاڵەوانی دراماکان و ڕزگارکەری ژنەکان پیاوانن و ژنان بەشێوەیەکی گاڵتەجاری پیشاندەدرێن، تاوەکو بتوانن بەردەوامی بە دەسەلاتداری پیاو بدەن، ئەمانە و چەندین ڕووداو و چیرۆکی ناو دراماکان کە هەڵگری پەیامێکی ئاڕاستەکراوی دوور لە ژیان و کۆمەڵگەیە ڕۆژانە لە تەلەفیزیۆنە کوردیەکانەوە وەکو ژەهرێک دەدرێتە خێزانی کورد.
کاریگەری دراما تورکییەکان لەسەر درامای کوردی بوونی هەیە
جگە لەوە، لە ڕێگەی جلوبەرگ و ڕازاندنەوەی ناو ماڵ و ناولێنانی منداڵ و شێوازی ئاهەنگ گێڕانەکانیان، نەک لەسەر تاک، بەڵکو لەسەر شێوازی بەرهەمهێنانی دراما کوردییەکانیش کاریگەری هەبووە، لەم دراما کوردیەدا دەبینن چۆن ئاهەنگی کلتوری کوردی هەر لە هەڵپەرکێ و جلوبەرگ، نەخشاندن و ڕێکخستنی ئاهەنگەکە، جوڵە و هەڵسوکەوتی کاراکتەرانی ناو دراماکە گۆراوە بۆ کلتوری تورکی.
لە هەرێمی کوردستاندا میدیا و ماڵپەرەکان بەشێوەیەکی بەربڵاو ڕیکلام بۆ ئەم درامایانە دەکەن، هەرچەندە درامای کوردی بەهۆی پاشەکشەی بەردەوامی لە ڕووی بەرهەمهێنان و نزمی کوالێتی و ناوەرۆکەکەیەوە، ڕێگە خۆشکەربووە بۆ هاتنی ئەو درامایانە بۆ باشووری کوردستان، بەڵام هێچکام لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و حکومەت هیچ هەڵوێستەیەکی جدیان لەسەر ڕێگریکردنی ئەو درامایانە نەبووە.
تێچووی دراما تورکییەکان لە ئاستێکی بەرز دایە
لەسەر ئاستی جیهانیشدا، درامای تورکی لە دوای درامای ئەمریکی بە پلەی دووەم دێت، کە دەچێتە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان کە لە ١٤٠ وڵاتدا پەخش دەکرێت، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا، بەپێی دوایین ئامار لە ساڵی ٢٠١٩دا لەسەر ئاستی جیهان بۆ بینەری دراما خراوەتە ڕوو، دەرکەوتووە درامای تورکی لەو ساڵەدا زیاتر لە ٧٠٠ ملیۆن بینەری هەبووە، سەرەڕای ئەوەی بەشێکی زۆری هاوڵاتیان لە مەترسییەکانی گەشتوون و بایکۆتی ئەو درامایانەیان کردووە، بەڵام حکومەت لە ئاستێکی باڵادا گرنگی پێدەدات و بودجەی زەبەلاحی بۆ تەرخان دەکات، دراما تورکییەکان تێچوویەکی زۆر بۆ کڕین و دۆبلاژکردنی دەچێت، کە بۆ هەر درامایەک ٣٠ هەزار دۆلار، واتا سێ دەفتەر دۆلاری تێدەچێت، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی سایتی مدوناتی جەزیرە نرخی کڕینی هەر ئەڵقەیەکی تورکی ١٠ وەرەقەیە، واتا هەزار دۆلارە، بێگومان کوالێتی دراماکان و ئەکتەرە دیارەکان و کارە نوێیەکان و ژمارەی ئەڵقەکان نرخی پارەی پێدراو زۆر زیاتر دەکات.
لە ساڵی ٢٠١٥ بەدواوە کاتێک تورکیا هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر باکوور، باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر کرد، پەخشکردنی دراما تورکییەکانیش لە لوتکەدا بوو، تەنانەت لە کاتی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆ سەر عەفرین، هێشتا کەناڵە کوردییەکان لە پەخشکردنی ئەو درامایانە نەوەستابوون، ئەگەرچی بەهۆی ئەو هێرشانەوە بەشێوەیەکی فراوان بایکۆتی کاڵا و دراما و کلتور و هونەری تورکی لەلایەن هاوڵاتیانەوە کرا، بەڵام هەتاوەکو ئێستاش ئەو درامایانە هەر لەناو ماڵەکانمان دایە، لە پاش پەخشکردنیشیان بەشە هەستیارەکانی دەکرێنەوە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نمایش دەکرێنەوە تاوەکو زۆرترین کەس بیبینیت.
لەکاتێکدا چەندین هونەرمەندی بە توانی کوردمان هەیە و دەتوانرێت بە سود وەرگرت لە ئەزمونی ئەوان کار بۆ بەرەوپێشبردنی دراما و فیلمی کوردی بکرێتەوە و ئیتر ڕێگە نەدرێت سیاسەتی دەسەڵاتداریی کلتور لەسەر تاکی کورد بەکاربهێنێت، بەڵام دەوڵەتی تورکیا بە کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک میدیای باشووری کوردستان توانیویەتی داگیرکاری خۆی لە ڕێگەی کلتور و هونەرەوە درێژە پێبدات.