ژنانی ئەفغانستان لە مێژووی هونەر و تێکۆشاندا دەستێکی باڵایان هەیە...٥

خەباتی “ڕاوا” بە شکستی یەکێتی سۆڤیەت و حکومەتە بوکەڵەییەکەی کۆتایی نەهات.

بەهاران لاهیب

 

کابول- کاتێک چاوێک بە مێژووی ئەفغانستان دەخشێنین، تێدەگەین کە حکومەتە دیکتاتۆرەکان لە هەنگاوی یەکەمدا هێرشیان کردووەتە سەر بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی ژنان. چونکە ئەم بزووتنەوەیانە بە دوژمنی پلە یەکی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان دادەنرێن.

 

کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ٤٠ ساڵەی محەمەد زاهیر شا، کوڕی مامی داود خان، کە لە ساڵی ١٣٥٢دا و کاتی کودەتاکەدا دەسەڵاتی لێ قۆرخ کرا و سیستەمی پاشایەتی لە ئەفغانستان کۆتایی هات، بارودۆخی جیهانی دوای جەنگی جیهانی دووەمیش کاریگەری لەسەر دۆخی ئەفغانستان هەبوو، شا و دەورووبەرەکەی چاکسازیی بچووکی دیموکراسییان لە سیستەمە ڕزیوەکەیاندا کرد، بۆ ئەوەی ڕێگری لە ناڕەزایەتی جەماوەر لەو وڵاتەدا بکەن. دەکرێت شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لە ئەفغانستان وەک لوتکەی خەباتی دیموکراسی و مارکسیستی هەژمار بکرێت.

 

بزووتنەوەی چەپ و دیموکراتی ئەم سەردەمە پرسی ژن و مافی یەکسانی ژن و پیاوی خستە سەرووی ئامانجەکانیانەوە. تا لەو خەباتانەدا، لە ساڵی ١٣٥٦دا، یەکەمین ڕێکخراوی ژنان لە ئەفغانستان لەلایەن مینا (٢٧ی شوباتی ١٩٥٦-٤ی شوباتی ١٩٨٧) و ژمارەیەک ژنی دیکە بە ناوی "دانیشتووانی شۆڕشگێڕی ژنانی ئەفغانستان-ڕاوا دامەزرا، "ڕاوا" یەکەم ڕێکخراوی ژنان بوو لە ئەفغانستان کە باسی کۆمەڵگەی دیموکراسی و دەستەبەرکردنی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ژنانی کرد و هۆشیاری و خەباتی ژنانی وەک چارەسەر ناساند.

 

نوژنها چاوپێکەوتنی لەگەڵ نادیە عەزیزی، یەکێک لە هاوتەمەن و هاوچەرخەکانی مینا ئەنجامدا، و لەبارەی مینا و ڕاوا-وە زانیاری خستەڕوو.

 

نادیە عەزیزی سەبارەت بە کاریگەریی بزووتنەوە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان لە جیهاندا لەسەر پێکهاتنی بیر و بیرۆکەکانی مینا دەڵێت: بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی جیهان بە دڵنیاییەوە کاریگەرییان لەسەر بیری مینا هەبووە، کاتێک مینای گەنج چووە زانکۆی کابول، سەردەمی بزووتنەوە پێشکەوتنخوازە زیندووەکان بوو لە ئەفغانستان. لەو کاتەدا شکستی شەرمەزارانەی ئەمریکا لە ڤێتنام، وایکردبوو زۆرینەی بزووتنەوە فیکرییەکانی جیهان لە نێویاندا ئەفغانستان، لە خەباتی دژە ئیمپریالیزم و دژە کاردانەوەدا بە ئیرادەتر بن. دەکرێ بڵێین شۆڕشگێڕانی ڤێتنام بۆ ژنان و گەنجانی ئەفغانستان بوون بە نمونەیەک. بزووتنەوەکانی دادخوازی و سەربەخۆییخواز لە ناوچەکەدا، بۆ نموونە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی فەلەستین و ڕۆڵی ژنان تێیدا، ئیلهامبەخشی مینا بوون. هەروەها خەباتی هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان لە ئێران و بەتایبەت ژنانی شۆڕشگێڕی ئێران زۆرترین کاریگەری لەسەر مینا و هاوڕێکانی دیکەی هەبووە.

 

ڕاوا لە سەردەمی شۆڕشگێری گەنجانی ئەنغانستاندا دامەزرا

نادیە سەبارەت بە بارودۆخی کۆمەڵایەتی-سیاسی سەردەمی خەباتی مینا دەڵێت: ئێمە لە سەردەمێکی گەشەسەندنی بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازانە و شۆڕشگێڕانەی ئەفغانستاندا بووین، کە زانکۆی کابول دڵی لێدانی ئەو بزووتنەوەیە بوو، سەندیکاکانی خوێندکاران بە شێوەیەکی سەرەکی لە لایەن "ڕێکخراوی لاوانی پێشکەوتنخواز" یان بزووتنەوەی (شوعلەی جاوید)ەوە سەرکردایەتی دەکران. (پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە "ڕێکخراوی گەنجانی پێشکەوتنخواز" گەورەترین بزووتنەوەی چەپ بوو لە ئەفغانستان کە پاڵپشتی مارکسیزم-لینینیزم و بیری ماوتسی دەکرد. ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ١٣٤٤ لە کابول دامەزرا، و لە ساڵی ١٣٤٧ گۆڤارێکیان بە ناوی "شوعلەی جاوید" بڵاوکردەوە و ڕاپۆرتیان دا کە دوای بڵاوبوونەوەی ئەم بڵاوکراوە، هەموو لایەنگرانی ئەم ڕەوتە بە "بڵێسە" ناسران.) گروپە بناژۆخوازەکان کە لەو کاتەدا بە ئیخوان لە ئەفغانستان ناسرابوون، لە سەندیکاکانی خوێندکاران زۆر کەم بوون. مینا بە بڵێسەی ئاگر دەورە درابوو، جگە لە کاریگەریی بزووتنەوە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەسەر بیری مینا، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەو بە باشی لە ستەم و پیاوسالاری لە کۆمەڵگەی ئەفغانستان تێگەیشتبوو و هەوڵی گۆڕینی دەدا، هەموو ئەمانە وای لە مینا کرد کە لەگەڵ هاوڕێکانیدا "کۆمەڵگەی شۆڕشگێڕی ژنانی ئەفغانستان-ڕاوا" دابمەزرێنێت.

 

ساڵێک دوای دامەزراندنی "ڕاوا"، لە ئایاری ١٣٥٧، کودەتایەکی خوێناوی لەلایەن گەلان و ئاڵاکانەوە بە هاوکاری یەکێتی سۆڤیەت لە ئەفغانستان ڕوویدا، لە ساڵیادی یەک ساڵەی کودەتاکەدا، بە پێشەنگایەتی مینا، لە کابول، ڕێپێوانێکی گەورە لەلایەن قوتابیانی قوتابخانەکانەوە دژی حکومەتی بوکەڵەیی یەکێتی سۆڤیەت بەڕێوەچوو، ئەم ڕێپێوانە بوو بە توندوتیژی و دوو خوێندکاری کچ بە ناوەکانی ناهید و وەجیهە کە لە هێڵی پێشەوەی خۆپیشاندانەکەدا بوون، بە تەقەی سەربازەکان کوژران.

 

ئۆرگانی بڵاوکردنەوەی "ڕاوا" بە ناوی "پەیامی ژنان" ژمارەی یەکەمی بە وێنەی ناهید بڵاوکردەوە، ئەوەش تاکە گۆڤاری ژنان بوو کە لە یەکەم ژمارەیەوە ڕووخساری تاوانباران و بکوژانی ناوخۆیی و دەرەکی گەلان و ئاڵاکان و بناژۆخوازانی جیهادی و تاڵیبانی ئاشکرا کردووە، ئەمەش گۆڤاری پەیامی ژنان و و ڕاوا لە ڕێکخراو و بڵاوکراوەکانی دیکە جیادەکاتەوە".

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نادیە دەڵێت: "“ڕاوا”" پاکستانی کردە هێڵی پێشەوە بۆ شەڕکردن لە دوای کودەتاکەی ٧ی نیسان، جگە لەوەی پشتیوانی لە خەڵک و هێزە دیموکراتییەکان کرد لە شەڕی دژە ڕووسیا، کاری پەروەردەکردنی کچانی دەکرد و سیمیناری ڕێکدەخست.

"

خەتیرە دەڵێت: خەباتی “ڕاوا” بە شکستی یەکێتی سۆڤیەت و حکومەتە بوکەڵەکەی کۆتایی نەهات، دەسەڵات لە ساڵی ١٣٧١دا تەواوی ئەفغانستانی لە شەڕی دەسەڵاتدا کردە وێرانە، ٦٥ هەزار کابولییان کوشت و خانوو و مۆزەخانەی کابول و سەرجەم دامەزراوە گشتیەکانیان تاڵان کرد و دەستدرێژییان دەکردە سەر دایکێکی تەمەن ٧٠ ساڵ و منداڵی تەمەن ٧ ساڵ.

 

تاڵیبان بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٣٧٥ دەسەڵاتی گرتە دەست کە هاوفکری سەرەکی ئیخوانن، درێژەیان بە زنجیرە تاوانەکانیان دا. هەر لە کۆمەڵکوژی خەڵکی بامیان و مەزارەوە تا پەردەی ناچاری ژنان، قەدەغەکردنی دەرچوونی ژنان لە ماڵەوە بەبێ مەحرەم، قەدەغەکردنی کار و خوێندن بۆ ژنان، سووتاندنی زەوی و ماڵی خەڵکی باکوور و هەزاران تاوانی دیکە، ئیدی ئەوان درێغییان نەکرد.

 

"ڕاوا" هێندەی تر پتەوتر درێژەی بە خەباتی خۆی دا، تاکە ڕێکخراو بوو کە ڕاپۆرتی جێی متمانەی لەسەر تاوانەکانی ئیخوان و تاڵیبان بەڵگە و بڵاودەکردەوە. لە قۆناغی یەکەمی دەسەڵاتی تاڵیباندا، فەرمانی ئایینی وەک تەقەکردن، تۆڵەسەندنەوە، بڕینی دەست و قاچی "تاوانباران" هەموو هەینییەک لە یاریگای وەرزشی کابول ئەنجام دەدرا. گرتنی وێنە و ڤیدیۆ لەو سەردەمەدا بە تاوانێکی گەورە دادەنرا، بەڵام لەگەڵ ژنانی ئازادا، "ڕاوا" زۆربەی ئەو تاوانانەی بەڵگە کرد و قۆناغێکی تاریکی مێژووی وڵاتی بۆ جیهان ئاشکرا کرد.

 

ئەمڕۆ "ڕاوا" بووەتە هێمای بوێری و چاونەترسی لە ئەفغانستان، هەر ژنێکی ئەفغانی کە دەنگی خۆی لە دژی بناژۆخوازان و تاوانباران بەرز دەکاتەوە، مۆری پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوی "ڕاوا"یان لێدەدرێت.