قژبڕینی ژنان سیمبولی وەستانەوە بەڕووی نادادییە
قژبڕینی ژنان بنچەینەیەکی مێژووی هەیە و بۆ زۆرێک لە ژنانی ئێران مانای ناڕەزایەتیە بەرامبەر نادادییەکانی ڕژێمی دەسەڵات، نیشانی دەدەن کە گرنگی بە ستانداردەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگەی نەریتی نادەنم کە ژنبوونیان لەگەڵ پێوەرەکانی خۆیان لە قاڵبداوە.
بێریڤان کەمال
سلێمانی- ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا، ئەمەریکا و لە سەرانسەری جیهان لە گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکاندا هاوسۆزییان لەگەڵ ژنانی ئێران نیشاندا و بەشێک لە ژنان لە بەردەم خەڵک و کامێراکان قژیان بڕی، ئەمەش بووە جێی سەرنجی ڕای گشتی کە قژبڕین لەلایەن ژنان پەرچەکردارێکی تازە نییە و ڕەگێکی مێژووی هەیە.
بۆ زۆرێک لە ژنانی ئێران، قژبڕین نیشانەیەکی جوانییە و بە واتای ناڕەزایەتییە بەرامبەر ڕژێمی دەسەڵات کە بڕیاری شاردنەوەی قژی ژنانی داوە، لە کتێب و سەرچاوە مێژووییەکانیشدا باس لەوەکراوە کە بە درێژای مێژوو وەک نیشانەی ناڕەزایەتی بەرامبەر نادادی دەسەڵات ژنان قژیان بڕیووە.
ژنان وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر نادادی قژیان دەبڕن
ژنانی ئێران بە چەندین شێوازی جیاواز باس لە واتا و مەبەستی قژبڕینیان دەکەن، بەشێکیان دەڵێن کە دەیانەوێت نیشانی بدەن گرنگی بە ستانداردەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگەی نەریتی نادەن کە پێناسەی جوانییان لە قاڵبداوە و دیاریدەکەن ژنان دەبێت چۆن بن، هەربۆیە بە قژ بڕینیان دەیانەوێت نیشانی بدەن چەندە توڕەن.
هۆکارێکی دیکەی قژبڕین دەگەڕێتەوە بۆ بنەما کولتوورییە مێژووییەکان، لە ئەدەبیاتی فارسدا بڕینی قژ هێمای ماتەمینییە، هەندێکجاریش هێمای ناڕەزایەتییە، ژنانیش قژیان دەبڕن بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە توڕە و ناڕازین.
ئەم پراکتیزە کولتوورە مێژووییە لە داستانێکی فارسی هەزار ساڵە و فەرهەنگیی لە ئێراندا هاتووە کە لەلایەن فێردەوسی نووسراوە، شیعرەکە لە نزیکەی ٦٠ هەزار بەیت پێکدێت و چیرۆکی پاشاکانی فارس دەگێڕێتەوە و یەکێکە لە گرنگترین بەرهەمەکانی ئەدەبی زمانی فارسی.
یەکێک لە نووسەر و وەرگێڕەکانی ئێران لە تویتێکدا نووسیویەتی: قژبڕینی ژنان نەریتێکی کۆنی فارسییە، کاتێک تووڕەیی لە دەسەڵاتی ستەمکار بەهێزتر دەبێت ژنان قژیان دەبڕن، لە شاهنامەدا، دوای کوژرانی پاڵەوان سیاوەش، فەرەنگی هاوژینی و ئەو کچانەی یاوەری بوون، قژیان دەبڕن بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە نادادپەروەری.
ئەو کاراکتەرانەی کە لە شیعرەکەدا وێنا کراون وەک سیمبول و ڕەمزی بەرخۆدان تەماشا دەکرێن، ئەو شیعرە بۆ ماوەی هەزار ساڵە یارمەتیدەر بووە لە داڕشتنی ناسنامەی ئێرانی و ئەفغانی و تاجیکدا، لە شیعری شاعیرانی دیکەی وەک حافز و خاقانیشدا قژبڕین هەیە، هەمیشە تایبەت بووە بە نیشاندانی ماتەمینی و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە نادادپەروەری.
ئەم پراکتیزەیە لە کولتوورەکانی دیکەی کۆنیشدا باو و ئاسایی هەبووە، داستانی گلگامێش، شیعرێکی ٣٥٠٠ ساڵەی میزۆپۆتامیای کۆنە، تەوەری خەم و نائومێدی دەگێڕێتەوە، کە بڕین یان تاشینی قژی مرۆڤ بۆ دەربڕینی ئازار بەکاردەهێنرێت، شیعرەکە بە یەکێک لە کۆنترین بەرهەمەکانی ئەدەبی جیهان دادەنرێت و دەوترێت کاریگەری لەسەر کولتوورەکانی دراوسێ هەبووە.
لەناو کوردیشدا قژ بڕین مێژوویەکی کۆنی هەیە، کە دەکرێت کولتووری کورد و فارس، بەتایبەت کە بە هاوبەشی لەناوچەی میزۆپۆتامیا و کەوانی زێڕیندا ژیاون، کاریگەرییان لەسەر یەکدی هەبووبێت، ژنانی کورد لە کۆندا کاتێک کەسێکی ئازیزیان لەدەستدەدا قژیان دەبڕی، لە نمونەی زیندوودا ئەگەر باسبکرێت، ژنانی ئێزدی لە شەنگال هەن، کە لە دوای هێرشی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا و شەهید بوونی ڕۆڵەکانیان لە بەرخۆدانی بۆ پاراستنی خاکەکەیان، ژنان و دایکان قژە پرچەکەیان دەبڕی و لەسەر مەزاری ئازیزەکانیان دایاندەنا وەک نیشانەیەکی ماتەمینی، ئەم نمونەیە لە ڕۆژئاوای کوردستانیشدا و لە گۆڕستانی شەهیداندا بەدیدەکرێت.
بۆچی قژبڕینی ژنان لە کولتوورەکاندا بە نامۆیی تەماشا دەکرێت؟
لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا قژی درێژ بەشێکی دانەبڕاوە لە "ژن بوون"، بە ڕادەیەک کە ئەگەر ژنێک قژی کورت بکاتەوە دەبێتە جێگای پرسیار، ئەوەی جێگای سەرنجە لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا قژی کورتی ژنان پەیوەندی بە ڕووداوێکی پێشترەوە هەیە، هەندێک پێیانوایە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان قژبڕین و جیابوونەوەدا هەیە و ئەو ژنانەی لە هاوژینەکانیان جیادەبنەوە لە یەکەم دەرفەتدا قژیان دەبڕن.
هەرچەندە لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا قژی درێژ بۆ پیاوان چیتر بە نامۆیی دانانرێت، بەڵام تا ئێستاش قژی کورت بۆ ژنان بە پیاوانە دادەنرێت و بە نامۆبوون لێی دەڕوانرێت، بەڵام دەوترێت کە ژنانی بەهێز و خۆڕاگر لە جیهان تەواو پێچەوانەی ئەم ئایدۆلۆژیەیان سەلماندووە، ئەو ژنانەی کە بە کۆڵنەدان و هەوڵی بێوچان سەرکەوتوو بوون لە گرتنەبەری ڕوانگەی بەرپرسیارێتی لە باڵاترین پۆستە سیاسی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئابووریدا خاوەنی قژی کورتن.
پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر "قژی کورت و وێنەی پیاو" یەکێک بوو لە تۆمەتەکانی دژ بە ژان دارک، پاڵەوانی نەتەوەیی فەرەنسا لە جەنگی سەد ساڵەی بەریتانیا، ئەو ژنە بوێرە لەلایەن ئامێری کڵێسا دادگایی کرا و سووتێندرا، مۆنسیۆر ئەنتوان، ئارایشتگای فەرەنسی، لە ساڵی ١٩٠٩دا ستایلێکی کورتی قژی بۆ ژنان پێشکەشکرد، ڕەنگە بۆ یەکەمجار بێت کە مۆدێلی ئەو بۆ ئەم ستایلە قژە پێشنیار کرابێت و لەکاتێکدا تێڕوانینی کۆمەڵگە پێی نامۆ بووە.
کۆکۆ شانێل کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر جیهانی مۆدە بەجێهێشت، یەکێک بوو لەو ژنە کەمانەی کە لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا بوێری قژبڕینی کرد، لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووشدا شێوازی قژی کورت لەناو نەوەی گەنج و یاخیبووی ئەو سەردەمەدا بووە جێی بایەخ و سینەما ڕۆڵێکی گرنگی تێدا گێڕا.
لە سەدەی ٢١ و شۆڕشی ژنانیشدا، ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ژنانی ئێران، لە کوردستان و ئێران و جیهانیشدا، دوای کوشتنی ژینا ئەمینیی ٢٢ ساڵ لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بە بیانووی نەکردنی حیجابی زۆرەملێ بە تەواوی و لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش و ناڕەزایەتییەکاندا بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەستیان بە هەڵمەتی قژ بڕین کرد دژی نادادییەکانی سیستمی سەرکوتکاری ئێران و ناڕەزایەتی بەرامبەر کوشتنی ژنان و سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ و شاردنەوەی قژی ژناندا.