ژنان و منداڵان قوربانی دەستی بێ کوالێتی ئامێر و کاڵاکانن

بەهۆی بێ کوالێتی ئامێرەکانی ناوماڵ بە تایبەت ئامێرە گەرمکەرەوەکان بۆ وەرزی زستان، ساڵانە ڕووداوی نەخوازراو لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات و ژنان و منداڵان قوربانی سەرەکی ئەو بێ باکییەی حکومەت و بازاڕی ئازادن.

لاڤە کوردە

 

سلێمانی- لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما هاوڵاتیان بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی پەنایان بۆ بەکارهێنانی خەڵوز و ئەو ئامێرانە بردووە، کە بە غاز کاردەکەن یاخود ئامێری گەرمکەرەوەی وەک هیتەر بەکاردەهێنن، بەڵام زۆرینەی ئەم ئامێرانە زیانیان هەیە و بە دوکەڵی خەڵوز چەندین کەس خنکان، لەکاتی بەکارهێنانی هیتەریشدا بەهۆی خراپی کارەبا و نزمی کوالێتی ئامێرەکانی گەرمکەرەوە، گڕگرتن و سوتانی ماڵان ڕوویداوە، کە چەندین کەسی دیکەش سوتاون و گیانیان لەدەستداوە.

 

نەبوونی کوالێتی ئامێرەکانی گەرمکەرەوە

لە ساڵانی ڕابردوودا کۆمپانیا بیانییەکان لە دەروازە فەرمییە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان کاری پشکنینی کاڵایان دەکرد، بەڵام لە مانگی شوباتی ٢٠١٧ حکومەت بڕیاریدا کوالێتی کۆنترۆڵ لە دەروازە سنورییەکان بداتە کۆمپانیا و تاقیگە ناوخۆییەکان بە مەرجێک بڕوانامەی نێودەوڵەتییان هەبێت یان لە ماوەی ساڵێکدا بەدەستیبهێنن، لە ساڵی ٢٠١٨ەوە ئەرکی کوالێتی کۆنتڕۆڵی کاڵاکان بە کۆمپانیا ناحکومییەکان دراوە کە ٧٢٪ی داهاتیان بۆ خۆیان و ٢٨٪ی بۆ حکومەتە.

 

پێدانی پشکنینی ئامێرەکان بە کۆمپانیا ناوخۆییەکان وایکرد کە ئامێری بێ کوالێتی لە بازاڕدا زیادبکات و بەنرخێکی کەم بە هاوڵاتیان بفرۆشرێت، هەروەها بەهۆی قەیرانی دارایی و خراپی باری داراییەوە خەڵکیش زیاتر ڕوو لە کڕینی ئەو ئامێرانە دەکەن، کە نرخەکەی کەمتر لەسەریان بکەوێت، بەبێ ئەوەی گرنگی بە کوالێتی کاڵا و شمەکەکان بدەن.

 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنها لە ساڵی ٢٠١٩دا یەک ملیۆن هیتەر و ئامێری گەرمکەرەوەی کارەبایی هاوردەی هەرێم کراون، زۆربەی ئامێرە گەرمکەرەوەکان لە تورکیاوە هاوردە دەکرێن و لە ڕووی کوالێتییەوە لە ئاستێکی نزمدان.

 

هەروەها نەگونجانی سیستمی بیناسازی لەگەڵ سەرما و گەرما، گرانیی نرخی نەوت لە بازاڕ و هەرزانیی کارەبا وایانکردووە زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٦٠ هەزار هاوبەشی کارەبا هەر لە ساڵی ٢٠١٩دا لە هەرێمی کوردستان ئامێری گەرمکەرەوەی کارەبایی لە ماڵەکانیاندا بەکاربهێنن.

 

ژنان و منداڵان قوربانی سەرەکیین

لە زۆرینەی ڕووداوەکانی وەک ئاگر کەوتنەوە و شۆرتی کارەبا و تەقینی بوتڵی غاز و دوکەڵی خەڵوز کە لەناو ماڵدا ڕوودەدەن، ژنان و منداڵان لەو کاتەی لە ماڵەوەن دەسوتێن و دەخنکێن و گیان لەدەستدەدەن، لە ماوەی تەنها چوار مانگدا لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ تا مانگی ئاداری ٢٠٢٢، ١٣ ژن و منداڵ بەو هۆکارە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە ١١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، لە شارۆچکەی مێرگەسۆر، بەهۆی تەقینەوەی سۆپای دار چوار ژن برینداربوون.

 

ڕۆژی ١٧ی ئەیلولی ئەمساڵ ٢٠٢٢، بەهۆی لێچوونی غازەوەو تەقینی بوتڵی غازیLPG لە شاری سلێمانی ١٥ کەس گیانیان لەدەستدا کە ١٣یان ژن و منداڵ بوون.

 

بێباکییەکی دیکەی لایەنی پەیوندیدار ئەوەیە کە ئەمساڵ لەکاتی دابینکردنی بەشە سوتەمەنی بۆ خوێندنگەکان لەبری نەوت، بەنزین دابەشکرابوو بەسەر ژمارەیەک لە خوێندنگەکاندا، ئەوەش بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە و دوو مامۆستا و کارگوزارێک و کارمەندێکی بەنزینخانە برینداربوون، لە کاتێکدا ئەگەر ئەم بەنزینە ببرایەتە ناو پۆلەکان ئەوا کارەساتی گەورەتری لێدەکەوتەوە.

 

کامپی ئاوارەکان بەردەوام لەژێر هەڕەشەی سوتاندان

کامپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام لە مەترسیدان بەهۆی ئامێرە گەرمکەرەوەکانەوە، بە تایبەت سۆپا، کە بەهۆیەوە هەزاران کابینە و چادری خێزانە ئاوارەکان سوتاون، لێرەدا تەنها نمونەیەکی زۆر کەم لەو ڕووداوانە دەخەینەڕوو، لە بەرەبەیانی ڕۆژێکی مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢، ئاگر لە کامپی هەرشەم۱ لە پارێزگای هەولێر کەوتەوە، کە تایبەتە بە ئاوارەکانی شەنگال و نزیکەی ١٥٠ ماڵ تێیدا نیشتەجێن، بەهۆی ئاگرەکەوە شەش کابینە بەتەواوی سوتابوون.

 

لە مانگی نیسانی ٢٠٢٢، ئاگر لە کامپی چەمشکۆی تایبەت بە ئاوارەکانی شەنگال لە زاخۆ کەوتەوە، لە ئەنجامدا هاوڵاتییەک برینداربوو و سێ چادری ئاوارەکانیش سوتابوون.

 

لە مانگی ئایار ٢٠٢٢. ئاگر لە کامپی ئاوارەکانی خانکێ کەوتەوە لە سنوری پارێزگای دهۆک، کە ئاوارەکانی شەنگالی تیادایە، لە ئەنجامدا حەوت چادر سووتابوون.

 

لە بەرەبەیانێکی مانگی شوباتی ٢٠٢١، لە کامپی ئاوارەکانی بێرسڤی٢ لە زاخۆ کە تایبەتە بە ئاوارە ئێزدییەکانی شەنگال، ئاگر کەوتەوە و لە ئەنجامدا هەشت ئاوارەی ئێزدی سووتان و سێ کەسیش گیانیان لەدەستدا.

 

دوێنێش، ١١ی کانوونی یەکەم،  ئاگر لەكامپی بەحركە لە سنورى هەولێر كەوتەوە و بووە هۆی سووتانی شەش كەرەڤانە بە تەواوەتی و چوار كەرەڤانەی دیكەش لە ئەنجامی شۆرتێكی كارەبا زیانیان پێگەیشت.

 

ڕووداوەکانی سوتانی کامپەکان هەموو ساڵێک چەندین جار دووبارە دەبێتەوە و زیانی ماددی و گیانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و تا ئێستا هیچ چارەسەرییەک بۆ ئەو دۆخە نەخراوەتەڕوو.

 

 

ئاگرکوژێنەوە لە ماڵەکاندا نییە

رووداوه‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان له ‌وه‌رزی هاویندا به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما و لە زستانیشدا بەهۆی زۆری بەکارهێنانی ئامێرەکانی گەرمکەرەوە ڕوودەدەن، بەڵام لەناو ماڵەکاندا حاڵەتەکان لە وەرزی زستاندا زۆرترە، وەک لە وەرزی هاوین، بۆ ڕێگریکردن و کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە لەناو ماڵەکاندا، پێویستە ئاستی هۆشیاری بەرز بکرێتەوە و لە ماڵەکاندا ئاگرکوژێنەوە دابنرێت، هەروەها لەکاتی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە گەیشتنی بەرگری شارشتانی و ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە لەکاتی پێویستدا نییە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیانگەیاندنی گەورە و پێویستە چارەسەری جدی بۆ بدۆزرێتەوە.

 

بۆ ئه‌وەی‌ به‌كارهێنان و دابینكردنی ئامێره‌كانی ئاگركوژێنه‌وه‌ له‌لای هاوڵاتیان و خێزانه‌كان ببێته‌ كولتوور، پێویسته له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بڕیاری چارەسەری ناچاری بدرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا به‌دیده‌كرێت له‌ شوێنه‌ گشتیه‌كان و داموده‌زگا مه‌ده‌نی و حكومییه‌كان بۆته‌ ناچاری و مه‌رج و وەک ڕێگەیەکی چارەسەرییە.