"دەبێت چەک لەکەسی ئاسایی دابماڵدرێت"
بەهارعەلی، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، دەڵێت: چەکی بێمۆڵەت زۆرە و چەکەکان زیاتر لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە دەفرۆشرێت.

هێرۆ عەلی
سلێمانی- دیاردەی هەڵگرتنی چەک بووەتە هۆی ئەنجامدانی چەندین تاوان و ڕووداوی نەخوازراو، پەرلەمانی کوردستان ساڵی ٢٠٢٢ یاسایەکی تایبەتی بە هەڵگرتنی چەک لە هەرێمی کوردستان دەرکرد، ئەویش یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ و ڕێنمایی ژمارە ( ٥ و ٦ )ی ساڵی ٢٠٢٣ی وەزارەتی ناوخۆیە، کە تایبەتە بە کۆنترۆڵکردنی چەک و مۆڵەتدان بە چەکی بێ مۆڵەت، پێشتر چەند هەڵمەتێکی داماڵینی چەک بەڕێوەچووە، بەڵام تائێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە، ئەمەش ئاسانکاریە بۆ ئەوەی ڕێژەی کوشتنی ژنان بەرزبێتەوە.
"هەرێمی کوردستان وەکو هەموو وڵاتانی جیهان توندوتیژیەکانی تێدا بەردەوامە"
فێنک شەفیق، بەڕێوبەری گشتی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزان و ژنان، باسی بارودۆخی ژنانی لەئێستادا کرد لە بەرامبەر توندوتیژیەکان، وتی: زۆر بەداخەوە هەرێمی کوردستانیش وەکو هەموو وڵاتانی جیهان توندوتیژیەکانی تێدا بەردەوامە، بەهۆی بوونی ناسەقامگیری باری ئابوری و کۆمەڵایەتی و کرانەوە بەڕووی سۆشیال میدیا، ئەمانە وایکرد توندوتیژیەکان بەردەوامبن، هەروەها لێکتێنەگەیشتن و زوو هاوسەگیری کردن وادەکات توندوتیژیەکان لەناو ئەندامانی خێزان زیادبکات بەرامبەر ژنان، هەروەها کەمی خۆشەویستی وایکردوە کەسانێک هەبن بە شێوازێک لە شێوازەکان خەریکی فریودانی ژنانبن، بۆئەوەی بتوانن لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە بابەتێک لە بابەتەکانی خۆیانەوە فریویان بدەن، جا بۆلایەنی ماددی یان سێکسی بێت، ئەوانەش وایکردوە توندوتیژیەکان لەبەرزبونەوەدابێت.
لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: ئێمە وەکو بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزان و ژنان و ڕێکخراوەکانی پەیوەندیداری حکومەت، شان بەشانی یەکتر وەستاوین بۆئەوەی پێشگیری یەک بکەین لەوەی ژنان هۆشیار بکەینەوە خۆیان بپارێزن بەرامبەر بەو هەموو توندوتیژیانەی کەلەناو کۆمەڵگاکەماندا هەیە.
"ئێمە هەم وەکو بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی هەم وەکو وەزارەتی ناوخۆ ئیدانەی هەموو کوشتنێک دەکەین"
فێنک شەفیق، بەڕێوبەری گشتی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزان و ژنان وتی: ئێمە هەم وەکو بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی هەم وەکو وەزارەتی ناوخۆ ئیدانەی هەموو کوشتنێک دەکەین، لەگەڵ ئەوەدانین هیچ شتێکی نەرێنی لەناو کۆمەڵگەکەماندا ڕووبدات بەتایبەتی بەرامبەر ژنان، ئەو کوشتنانەی کە ڕوودەدەن چ بەرامبەر ژنان بێت یان کۆمەڵکوژی بێت، بەمانایی ئەوەدێت ئەوەندە وتاری توندڕەویمان هەیە کە وایکردوە توندوتیژیەکان هەبن، هەروەها ئەو لێکدانەوەی کە ژن تەنها وەکو مێینە دەبێت بپارێزرێت وەکو شەرەف وایکردوە زیاتر کوشتنەکان هەبن، هەروەها تۆڵە سەندنەوە لەیەکتری، جا چ تۆڵەسەندنەوەی ئەوەبێت لایەنی سۆزداریان بەیەکتری پێ پڕناکرێتەوە یاخود چۆنیەتی پاراستنی منداڵەکان لە یەکتری وایکردوە کوشتنەکان بەردەوام بێت.
"ڕێکخراوەکان ڕۆڵی خۆیان هەیە لەوەی چۆن کۆمەڵگە هۆشیاربکەنەوە"
لە قسەکانیشیدا دەربارەی ڕۆڵی ڕێکخراوەکان، وتی: ڕێکخراوەکان ڕۆڵی خۆیان هەیە لەوەی چۆن کۆمەڵگا هۆشیاربکەنەوە وهانی حکومەت بدەن و چاودێری حکومەتیش بکەن لەوئیشانەی کەدەیکات، کاتێکیش هاتنە سەرشەقام وایکرد کۆبونەوەیەکی گەورە سازبکەین، لەکۆبونەوەکەشدا بڕیاری ئەوەماندا کە چەند توێژینەوەیەک بکرێت دەربارەی بابەتەکانی "کوشتن، کوشتن بەرە و کوێ دەڕوات، لەبەرچی کوشتن، لەبەرچی هاندان بۆ خۆکوشتن یان خۆسوتاندن" ، کە کۆنفرانسێکی گەورەی بۆدەکرێت، بۆئەوەی لە پلانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بتوانین ئیش لەسەر کوشتنەکان بکەین بەپێی ئەو توێژینەوانەی کە دەکرێن، بۆیە لەئێستادا کارلەسەر ئەوەدەکرێت کە میدیاکاران بەهیچ شێوەیەک لە شێوەکان ئەو کوشتنانەی کە ڕوودەدات بەشێوەیەکی نەرێنی باسی نەکەن بۆئەوەی کارلەسەر تاکی کۆمەڵگە نەکات.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ئامارەکانی کوشتن کرد، ڕایگەیاند: ئێمە کاتێک باس لە ئامارەکانی کوشتن دەکەین بەداخەوە تەنها ژمارە دەبینین، ئایا بیرمان لەوە کردۆتەوە هۆکار و پێشینەکانی چیە و لەدوای ئەوەوە چی ڕوودەدات، بۆیە ئێمە وەکو بەڕێوبەرایەتیەکەی خۆمان وتومانە هەرکەسێک پێویستی بە ئاماربێت دەتوانێت بێت دوا لە ئێمە بکات، پێمان بڵێت بۆ چ کارێک بەکاریدەهێنێت، بەڵام بێن بڵێن تەنها ٢٢ حاڵەتی کوشتنمان هەبوە ئەوا ئەو گرنگیە پیشان نادات، چونکە کوشتنی یەک تاکی کۆمەڵگە بەتایبەتی ژن وەکو ئەوەوایە هەزار کەس کوژرابێت، لەبەرئەوەی ژمارە ناتوانێت قسەبکات، بەڵام وەرن باپێکەوە ئیش لەسەرئەو هۆکارانە بکەین کە چ شتێک وادەکات کاتیک تاکێکی کۆمەڵگە ژنێک هەڵدەبژێرێ بیکاتە هاوژینی خۆی یان باوک و براکان چۆن دەستاین دەچێتە کوشتنی ژنانی ئەندامانی خێزانەکەی خۆیان، بێین لەوانە توێژینەوە بکەین، ئایا ئێمەی کورد توندڕەوی و ژن کوشتنمان تێدا هەبوە، ئەمانە ئەو بابەتانەن پێویستە قسەیان لەسەربکەین.
"دوایی شەڕی داعش و پێشتریش لە هەشتاکان وایکردوە چەکی بێمۆڵەت لە هەموو ماڵێکدا هەبێت"
هەروەها باسی چەکی بێ مۆڵەتی کرد، وتی: ئەو مێژوەی کە لە کوردستان هەیە وەکو بونی شەڕی ناوخۆ کە هێزێکی زۆری سەربازی هەبوونە لێرە، هەروەها دوایی شەڕی داعش و پێشتریش لە هەشتاکان وایکردوە چەکی بێمۆڵەت لە هەموو ماڵێکدا هەبێت، بەڵام بەپێی ڕێسا و ڕێنماییەکان ڕێکخراوەتەوە کە کێ بۆی هەیە چەکی هەبێت، هێزەکانی ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆ بۆیان هەیە چەکیان پێبێ بۆ پاراستنی خۆیان کە بەپێی چەند ڕێسایەک بۆیان ڕێکخراوە، بەڵام سەبارەت بەچەکی بێمۆڵەت ئێستا ڕێنمایەکان وادانراوە ئەو شوێنانەی بە نایاسای چەک دەفرۆشن قەدەغەکراون و کۆنتڕۆڵ کراون، بەڵام ڕەنگە وەکو وەزارەتی ناوخۆ نەمانتوانی بێت بگەین بەوەی ماڵ بە ماڵ بزانین کێ چەکی بێمۆڵەتی هەیە، بەڵام توندمان کردۆتەوە و زیاتریش ئیش لەسەر ئەوە دەکەین.
لەکۆتایی قسەکانیدا، دەڵێت: ڕێکخراوەکان بەپێی پەیڕە و پرۆگرامەکانی خۆیان کاری خۆیان کردوە و دەتوانن چاودێر و هاوکار و هەماهەنگبن لەگەڵ حکومەت، ڕیکخراوەکان دەتوانن ڕۆڵی خۆیان لەوەدا هەبێت بتوانن هۆشیاری لەناو کۆمەڵگەدا بڵاوبکەنەوە، هەروەها دەتوانن ئەو شوێنانەی هەست دەکەن بۆشاییەکی یاساییان هەیە لە جێبەجێنەکردنی کارەکان وەک بەڕێوبەرایەتیەکان و نوسینگەکانی خۆمان، بێن بە ڕاپۆرتێک پێمان بڵێن، بۆئەوەی بتوانین هاوکاریان بین و ئەوانیش هاوکاری ئێمەبن.
"چەکی بێمۆڵەت زۆرە و چەکەکان زیاتر لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە دەفرۆشرێت"
بەهارعەلی، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، باسی کوشتنی ژنانی کرد، ڕایگەیاند: بەداخەوە لەماوەی ساڵی ڕابردودا کوشتنی ژنان زۆربوە، هۆکارەکەشی پەیوەندی بە بارودۆخێکی نائارامەوە هەیە لە ناوچەکەدا، مەسەلەی ژن و پاراستنی ژنان لە ئەولەویاتا نیە، هەروەها چەک زۆرە، هەرچەندە ئێمە لە کۆبونەوەیەکدا لە گەڵ وەزیری ناوخۆ، یەکێک لەداواکاریەکانمان ئەوەبوو چەکی بێمۆڵەت زۆرە و چەکەکان زیاتر لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە دەفرۆشرێت، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستێوەردانی خێراتربکات بۆ ئەوەی چەک بەئاسانی نەفرۆشرێت، بەڵام هۆکارەکانی کوشتنی ژنان تەنها چەکنین، بەڵکو پەیوەندی بە ئەقڵیەتێکی پیاو سالاریەوە هەیە، کە ماف بەخۆیدەدا ژنەکەی، خوشکەکەی، دایکی بکوژێت، ئێمە دەبێت کاربکەین لەسەر هۆشیاری کۆمەڵگە، هیچ کەسێک مافی ئەوەی نیە مافی ژیان لەژنێک بسەنێتەوە.
"زۆربەی ماڵەکان چەکیان هەیە"
لەکۆتایی قسەکانیدا، سەبارەت بە چەکی بێمۆڵەت، وتی: ئەوەی ئەفرۆشرێت لە بازاڕدا زۆر سنوردارە، بەڵام زۆربەی ماڵەکان چەکیان هەیە، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێک بکات، چونکە حکومەت هەیە هەموومان بپارێزێت بۆیە پێویست ناکات لەهەموو ماڵەکاندا هەبێت، بۆیە دەبێت چەک لەکەسی ئاسایی ڕابماڵرێت، تەنانەت هێزی سەربازیش کە دەورەی خۆی تەواو دەکات و شەو لەماڵی خۆی دەبێت پێویست ناکات چەک بەرێتەوە ماڵەوە.