بابل، شارستانییەتێکی دێرینی مرۆڤایەتی و ئێستایەکی لەبیرکراو

بابل، شارستانییەتێکی کۆنی خاکی میزۆپۆتامیا بووە. ئەم شارە كە دەكەوێتە سەر ڕووباری فوڕات بە دووری ١٠٠ كیلۆمەتر لە شاری بەغداوە، بۆ ماوەی زیاد لە ٤٠٠٠ ساڵ ناوەندی ئیمپراتۆریەتی بابل بووە و مۆرکێکی تایبەتی مێژووی لەخۆیدا هەڵگرتووە.

 

تارا عەزیز

کەرکوک- بۆ ئەوەی چیرۆکی شاری دێرینی بابل بزانین، کە گەورەتین شاری عێراق بووە لە ڕووبەرەکەیدا چیرۆکی مێژووی مرۆڤایەتی لەخۆگرتووە، لە پێشکەوتن و شکست و جەنگ و ئابڵووقەی ئابووری و هەموو ئەو ڕووداوە مێژووییانەی مرۆڤیان بە ئێستا گەیاند، دەبێت مەتەڵی مێژووەکەی بدۆزینەوە.

بابل دەکەوێتە سەر ناوچەی هیلالی زێرین "مانگی نوێی بەپیت" کە هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات دەیبڕێت. لەسەر ئەم خاکە، شارستانییەتی سۆمەری و ئەکەدی و بابلییەکان نیشتەجێبوون. ئەفسانەکان دەڵێن خاکی بابل هەمان خاکیشە کە تیایدا بۆ یەکەمجار ئادەم و حەوا لە بەهەشتەوە هاتنە سەر زەوی. مێژوونووسان دەڵێن لەگەڵ ئەوەی وڵاتانی خاکی میزۆپۆتامیا سەرچاوەی شارستانییەتی مرۆڤایەتین، گومانیشی تێدا نییە کە بابل یەکەم بەرووبومی ئەم شارستانیەتەیە. یەکەم شارە لە سەدەی ٢٣ی پێش زاین ناوی هێنراوە و مرۆڤایەتی تیایدا گەورەترین هەنگاوی مێژووی ناوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٧٩٢ ساڵ پێش زاین و درێژدەبێتەوە بۆ سەردەمی حاموڕابی.

 

حاموڕابی، بەناوبانگترین پاشای بابل بووە و دووەم پاشا بووە کە خاوەن بڕیاری توندی مێژوو بووە، تا ئێستاش لە مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس، لەسەر پانتایی تابلۆیەکی بەردی بورکانی ڕەش، بە هەڵکۆڵینێکی قوڵ نووسراوە "دەبێت بکوژرێت".

بابل، کۆتا سەردەمی سیاسی میزۆپۆتامیا بووە، بەڵام ئەم سەردەمە هەتا دوای نەوەکانی خۆیشی  بەردەوامی پێدا. لە سەردەمی بابلییەکانەوە کۆمەڵێک پاشماوە و شوێنەوار و سەرچاوەی تۆمارکراومان پێگەیشتووە کە بەشێکیان لەلایەن پاشاکان نووسراوە و بەجێماون لەگەڵ کورتی سەردەمەکەشیدا بەڵام گرنگی زۆریان هەیە.

سەرچاوەی زانیارییەکانی بابل لەلایەن ئەو مێژوونووسە دێرینانەوە وەردەگرین وەکو "هیرۆدیت" مێژوونووسی یۆنانی بەناوبانگ لە سەردەمی سەدەی پێنجی پێش زاین. لەو شوێنەوارانەش کە تا ئێستا بەردەستن ئەو نووسراوە بزمارییانەن کە لەسەر تابلۆ قوڕینەکان نووسراون.

نەبوخز نەسر و دەسەڵاتەکەی لە بابل:

بابل لە سەردەمی پاشا بەناوبانگەکەی "نەبوخز نەسر"ی دووەم لەنێوان ساڵانی (٦٠٤- ٥٦٢) پێش زاین، گەورەترین شاری هەموو دونیا بووە. هەموو جیهانی کۆن سەرسامی مەزنی و باڵادەستی بابل بوون. مێژوونووسی بەناوبانگ "هێرۆدۆتس باسی دەکات: دەڵێت نموونەی نەبووە. ئەم شارە بە پلەی یەک بەناوبانگ بووە بە ناوی شارستانییەتی میزۆپۆتامیا و پانتایی هەموو هەرێمەکانی دەوروبەری لە خۆیدا کۆکردبووەوە. هەر بۆیە وتراوە وڵاتی بابل "بابلۆنیا" و خەڵکەکەی "بابلییەکان" و شورە و باخچە هەڵواسراوەکانی بە یەکێک لە حەوت سەرسوڕهێنەرەکەی جیهان دانراوە.

شکۆمەندی بابل گەیشتووەتە ئاستێک کە دوژمنانی پێغەمبەرانی بەنی ئیسرائیل پێی سەرسام بوون. "ئیرمیا"ی پێغەمبەر دەڵێت :"جامێک ئاڵتوونە بە دەستی خواوەندەوە و زەوی سەرخۆشکردووە." ئەرستۆ دەڵێت "شارێکە فراوانییەکەی سەرسورهێنەرە". هەروەها نەبوخز نەسر شانازی بە بابلەوە دەکات، زمانحاڵەکەی لە تەوراتدا هاتووە و دەڵێت "ئایا ئەمە بابلە گەورە و مەزنەکە نییە کە بۆ ماڵی پاشام بە توانای خۆم و هەوڵەکانم دروستم کردووە".

 

بەدرێژایی مێژوو ئەم خاکە جەنگی زۆری بەخۆوە بینیوە، بابل لەژێر فەرمانڕەوایی نەبوخز نەسر بووە کە سەرەڕای بڕیارە توند و ڕەفتارە پڕ توندوتیژییەکانی، بە بەهێزترین پاشا ناوزەند کراوە. ئەو بە جۆرێک دەستی بەسەر دەسەڵاتەکەیدا گرتبوو کە وا باسکراوە هەرکەسێک لە دژی بوایە دەیکوشت. هەموو سەروەت و سامانەکانی لە خۆی کۆدەکردەوە لەوکاتەوەی کە لە ساڵی ٦٠٥ پێش زاین دەستی بەسەر عەرشدا گرت.

دوای زنجیرەیەک جەنگ و پێکدادانی سەربازی کە بە سەرکردایەتی نەبوخز نەسر بەرەو وڵاتی میسری ئێستا و سوریا ئەنجامدران، ئەم پاشایە بەرەو بیرکردنەوە لە دروستکردنی گەورەترین و مەزنترین شاری ئەو سەردەمە هەنگاوینا.

لەو سەردەمەشدا شارستانییەتی بابل لە چوارچێوەی ژمارەیەک کۆشکی نەخشکراو بە رەنگی شین و پەرستگاکان خۆی دەبینیەوە. نەبوخز نەسر هەستا بە ڕازاندنەوەیان بە ئاڵتوون و زیو لەگەڵ پارچە کانزای برۆنزی.

بورجی بابل، بڕیارە شێتانەکانی نەبوخز نەسر هەر لە دروستکردنی کۆشکی شاهانەی مەزندا نەوەستا کە بۆ یادکردنەوەی لە سەنتەری شار کردبووی، بەڵکو فەرمانیدا بە دروستکردنی بەناوبانگترین باڵەخانەی جیهان کە ئەوکاتە بورجی بابل بوو.

 

بورجی بابل لای عێراقییە کۆنەکان بەوە ناسراوە کە بەرزییەکەی ٩١ مەتر بووە لە ئاستی زەویەوە، ئەوکات بە زەقورە ناوبراوە (واتا شاخێک، یان کێڵێکی گەورە بۆپەرستن) و بە ناوی "ئیتی مینا نکی"ش باسکراوە کە هەمان شوێنە مەردۆک، نەمرود و زوحاکیش تیایدا گیرساونەتەوە.

ئەم بورجە، بە ماڵێک دانراوە نێوەندگیری دەکات لەنێوان ئاسمان و زەوی. لە هەموو جیهاندا بە بالەخانەیەکی مەزن ناوبراوە، بەتایبەتی لە تەوراتدا باسی بورجی بابل کراوە.

بابل لە نێوان مێژوو و ئێستادا

بابل لە جیهانی کۆن و نوێدا بەناوبانگترین ناو بوو کە دەنگی دایەوە، ئەو ناوانەشی کە پێی دەناسرا "شاری حامورابی" و "نەبوخز نەسر"ن، لە دەقە مێخەکییەکان بەشێوەی بابی ئیلی و بابلیم ناسراوە. بە سۆمەریش بەشێوەی "کا- دینگەڕ- ڕا" هاتووە و بە مانای "دەرگای خواوەندەکان" دێت.

 

تا ئێستاش پاشماوەی شوورەکەی دەتوانرێت ببیندرێت، شوورەکە هەریەکێکیان زیاتر لە دیوارێکی لەخۆگرتووە، لە بەردەم کۆشکی هاوینەکەیدا کە ئێستا (تل- بابل)ـە، وە لە لای ڕاستی بەغدا بەرەو حلەیە و ئەم ڕێگایە بەناو شوورەکەی دەرەوەدا تێدەپەڕێت.

شوورەکەی دەرەوە لە نزیک گۆشەی باکووری خۆرهەڵاتی ئەم کۆشکەوە و بە ئاڕاستەی خۆرهەڵات درێژ دەبێتەوە و بە نزیکەی چوار کیلۆمەتر، دوایی بەرەو خۆرئاوا و بە گۆشەیەکی تەواو تا بە ڕووباری فورات دەگات.

 

ئەم شوورایەی دەرەوە لەلایەن "نەبوخز نەسر"ـەوە فراوانتر کرا، نێوانی هەردوو شوورەکە نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبوو. لەناویاندا خانووی گوندنشینان دەبینرا کە لە قور و خشت دروستکرابوون  و بێستانی دارخورما و درەختە بەردارەکانی تر تیایاندا دەشەکانەوە، لە دوو کۆشک زیاتر لە ڕابردوودا هیچ کۆشکێکی تیادا نەدەبیندرا، یەکێکیان کۆشکە هاوینەییەکەی نەبوخز نەسر بوو، ئەوەی دیکەیان پێدەچێت پەرستگایەک بوو بێت تایبەت بە ئاهەنگەکانی سەری ساڵ، بە بابلی پێی وتراوە "بیت ئاکیتو".

 

شوورەکەی دەرەوە دەورانەکەی نزیکەی ١٦-١٨ کم و لە سێ دیواری یەک لەدوای یەک پێکهاتووە. دیواری یەکەم لە سەرەتای ناوەوە بە گەچ و ئەستوورییەکەی ٧ مەترە. دیواری دووەم بە خشت دروستکراوە و ئەستوورییەکەی ئەویش نزیکەی ٧ مەترە. بەڵام دیواری سێیەم هەر لە خشت دروستکراوە و ئەستوورییەکەی ٣ مەترە، لە بەردەمیدا خەندەکی ئاو هەیە و ژمارەیەک قولـلەی بەرگری لەسەر ئەم شوورەیە دروستکراون بەمەبەستی بەرگری کردن، قولـلەی ناوەوە ناوی "ئامکور- ئینلیل"ـە، دووەم ناوی "نەمتی- ئینلیل"ـە، شووراکەی ناوەوە ژمارەیەک کۆشکەکانی شارەکە دەکات بە دوو بەشەوە، کۆشکی باشووری لە دوای دەروازەی عەشتاری بەناوبانگ دێت، یان وردتر لەلای باشووری خۆرئاوەوە و کۆشکی باکووری پێ دەوترێت، کۆشکی سەرەکی دەکەوێتە باکووری شووراکەوە و ڕاستەوخۆ لەدوای دەرگای عەشتارە، لەم کۆشکەدا "شێری بابل"ی بەناوبانگ دانراوە. شێری بابل، بۆ سەردەمی هێرشی حیسیەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەر بابل کە مەبەست لێی دەربرێنە لە سەرکەوتنیان بەسەر شارستانییەتی بابلی کۆندا.

شارەکە لە ناوەوە زۆر بە وردی ڕێکخراوە

بە شەقامە فراوان و ڕاستڕەو دەرکەوتوو و بە دەرگا سەرەکییەکانی شارەکە کۆتایی دەهات، لە دەقە مێخەکییەکاندا ناوی هەشت شەقامی گەورە هێندراون و هەشت دەروازەی گەورەشی هەیە کە هەر دەروازەیەک و هەموو شەقامێک بەناوی خواوەندێکەوە دەناسرا کە لە پەرستگاکەوە نزیک بوو، بەدەر لەم شەقامانەش ناوی ژمارەیەک شەقامی تر ئاماژە پێکراوە کە ژمارەی شەقامەکانی ئەم شارە دەکاتە ٢٤ شەقام، سەرەڕای دوو شەقام کە تایبەت بە هاتووچۆی سەربازەکان.

 

ناوی سێ پرد لەسەر ڕووباری فورات هاتووە لە بەشی دووەمی شارەکەوە بۆ ڕۆخی خۆرئاوای ڕووبارەکە دەپەڕێنەوە کە شارە نوێکەی تێدا بوو، دەروازەی عەشتار، ڕەمزی مێژوویی بابل بوو و لەلایەن مۆزەخانەی بەرلینەوە بە ڕێکەوتن لەگەڵ دەسەڵاتی عوسمانییەکان گوازرایەوە بۆ بەرلین، دەروازەکە وێنەی ئاژەڵی سوور و سپی تێدا بووە کە لە وێنەی گا دان و ڕەمزی خواوەند "ماردۆک" دەنوێنن.

 

دەروازە گەورەکەی عەشتار لە دوو دەرگا پێکهاتووە. لەوێوە کەژاوەکانی جەژنی سەری ساڵ دەستی پێدەکرد کە دە ڕۆژی یەکەمی مانگی نیسان بوو، لە بنکەی پەرستگەی ماردۆکەوە دەستی پێدەکرد و بە دەروازەی عەشتاردا بەرەو سەرەوە بەڕێدەکەوتن تا پەرستگای "بەیت ئاکیتو"، پانتایی ڕێگاکە بە شەش شێر ڕازاندرابوونەوە کە هێمای خواوەند عەشتار بووە و شێوەکانیان سوور و زەرد لەسەر زەویەکەدا بە خشتی شوشەیی شین دەبیندران.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە بەشێکی زۆر لە شوێنەوارە دێرینەکانی بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاوی ژێرزەویەوە و ژێرئاو کەوتوون و لەناوچوون، هەر بۆیە شارستانیەتی سەردەمی بابلی ناوەڕاست ژێر ئاو کەوتوون و لەناوچوون، بەپێی وتەی ڕێنوێنیکەری ئێستای شوێنەوارەکانی بابل، پێش ساڵانێک کتێبخانەیەک دۆزراوەتەوە بەهۆی ژێر ئاو کەوتنەوە لە قوڵایی خاکی شوێنەوارەکە ون بووبوون.

ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە بابلدا

ژنان لە سەردەمی سۆمەرییەکان، خاوەن ماف و ئازادی زیاتر بوون وەک لە سەردەمەکانی دواتری ئەکەدی و بابلی و ئاشووریدا، ژنانی سۆمەری خاوەن پیشە بوون، پێگەی کاری تایبەت بەخۆیان بەڕێوە دەبرد و هاوشانی هاوژینەکانیان بژێوی ژیانیان دابیندەکرد. ژنان لە کلتووری سۆمەرییەکان لە کۆمەڵێک پیشە و پێگەی جیاواز خۆیان دەبینییەوە. لەوانە ژنانی ئاینی و قەشە، نووسەر، پزیشک، و ڕۆڵی دادوەر لە دادگادا.

 

ئارکۆلۆجیستەکان و مێژوونووسەکان هۆکاری بەهێزی پێگەی ژنانیش لە مێژووی سۆمەریییەکان دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی کە خەڵک زۆرتر خواوەندی ژنیان دەپەرست وەک لە خواوەندی پیاو، ئەمەش هۆکار بوو بۆ بە جیاواز بینینی ژنان، هەروەها باس لەوەش دەکەن سەرەڕای کەم ڕێگەدان بە ئازادی ژنان، ئەو ژنانەی توانیویانە بگەنە دەسەڵات و پێگەی خۆیان جێگیر بکەن شوێن پەنجەی خۆیان لە مێژوودا بەجێهێشتووە.

 

عەشتاری خواوەند یەکێک بووە لەو رەمزە گرنگانەی مێژوو کە نرخی ژنمان لە مێژووی بابل بۆ باسدەکات، لە عێراقی کۆندا، خەڵک لە خواوەندی عشتار دەپاڕانەوە تا چارەسەریان بکات لە نەخۆشییەکانیان، لەکاتی نەهامەتی و دەردەسەری و کارەساتدا، پەنایان بۆدەبرد، هەروەها لە کاتی بڕیارە گەورەکانی وڵات وەکو بڕیاری ڕاگەیاندنی جەنگ، خەڵک پەنایان دەبردە بەر عشتار تا ڕێنوێنیان بکات و هاوکاریان بێت لە بڕیارە قورسە چارەنووس سازەکانیان.

لەم پاڕانەوەیدا، ڕادەی مەزنی خواوەند عشتار دەبینین لە سیفاتەکانی و میهرەبانی و باڵادەستی بەسەر ژیانی مرۆڤەکاندا.

ئەفسانەی باخچە هەڵواسراوەکانی بابل:

باخچە هەڵواسراوەکانی بابل، باخچەیەکی ئەفسانەیی بوو، لە دەوروبەری پایتەختی ئیمپڕاتۆریەتی بابلدا بنیاتنراوە، لەلایەن یەکێک لە مەزنترین پادشاکانی ئیمپڕاتۆرییەتی بابل کە نەبوخەز نەسری دووه‌م بووە، ئەم پاشایە لە دەوروبەری ٥٦٢_٦٠٥ پێش زاین ژیاوە، باخچە هەڵواسراوەکانی بابل، یەکێکە لە حەوت سەیروسەمەرەکانی جیهانی کۆن، هەندێک لە تویژەران بانگەشەی ئەوە دەکەن ئەم باخچەیە کەوتووەتە شاری نەینەوا کە پایتەختی ئیمڕاتۆرییەتی ئاشوری بووە لە کۆندا، هەندێک کەسیش پێی وایە تەنها شتێکی خەیاڵی و ئەفسانەیی بووە، زانستی شوێنەوارناسی بابل و نوسینەکانی بابل لەسەر بوونی ئەم باخچەیە بێدەنگن، بەڵام هەندێک نوسەری دێرین بە شێوەیەکی ورد باس لە شێواز و گرنگی ئەم شوێنەوارە دەکەن.

دزینی شارستانییەت

لە مێژووی عێراقدا، سەدان شوێنەوار و دەیان پارچەی بە نرخی مێژوو دۆزراونەتەوە، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیری بارودۆخی ئەمنی لە وڵاتەکە و نەبوونی فەرمانڕەوایەکی دادوەر و خەمخۆر لە مێژوودا، نەتوانراوە پارێزگاریان لێ بکرێت، بۆ ئەمەش شوێنەوارەکان بەردەوام لەلایەن کەسانی بیانییەوە شیکاریان بۆ کراوە و دۆزراونەتەوە، هەر لەلایەن کەسانی بیانیشەوە دزراون بۆ مۆزەخانە بەناوبانگەکانی وڵاتانی ئەوروپی، بۆ ئەو مۆزەخانانەی کە هاونیشتیمانیانی ڕەسەنی خاکی نێوان دیجلە و فورات، پارەی سەردانێکیشیان پێ دابین ناکرێت تا بچنە مۆزەخانەکان و چاویان بە شارستانییەتی دزراویان بکەوێتەوە.

دەروازەی عەشتار

دەروازەی عەشتاریش یەکێکە لە شوێنەوارە دزراوەکانی مێژووی بابل، ئەم دەروازەیە یەكێك لە بەناوبانگترین شوێنەوارەكانی عێراق و جیھانه‌، لە ساڵی ٥٧٥ی پێش زایین لەلایەن نەبوخز نەسرەوە (وەک دەگێڕنەوە بۆ خۆشەویستی هاوژینەکەی درووست كراوە)، دیوارەکە بە چەندین شێوەی جیاواز ڕازێندراوەتەوە و وێنەی شێر و ئاژەڵی خەیاڵی لەسەرە وەکو سیمبولێکە بۆ خواوەند "مەردۆک".

ئەم دەروازەیە بەناوی ژنە خواوەند عەشتارەوە ناونراوە، وادانراوە خۆشەویستی هەریەک لە خواوەندەکانی ئینلیل و ئەنور و ئاشور بووە، بەرزییەکەی ٥٠ مەترە و پانییەکەی ٨ مەتر، سه‌رده‌مانێك یەكێك بووه‌ له‌ هه‌شت ده‌روازه‌كانى شارى بابل و بە یەکێک لە سەرسوڕهێنەرەکانی جیهان دانراوە. ئێستاش لە چوونە ژوورەوەی شوێنەوارەکان دەروازەی بابل دەبینرێت بەڵام ئەو ده‌روازە ڕازاوەی کە ئێستا هەیە، ڕاستییەکە نییە و بە شێوەیەکی بچووکتر لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەحمەد حەسەن بەکر، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق لەسەری دروستکراوەتەوە.

شوێنەوارە رەسەنەكە لە مۆزەخانەیەکە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکەوتنێکی نێوان ئەڵمانیا و دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵی ١٨٩٩ زاینی بۆ گواستنەوەی ئەو شوێنەوارە بۆ بەرلین، لەلایەن شوێنەوارناسی ئەڵمانی ڕۆبەرت کلۆدی دۆزراوەتەوە.

 ئەم شوێنەوارە تا ئێستاش لەناو گەلی عێراقدا بە مێژووییەکی دزراو دەبیندرێت کە بە ڕێککەوتنی دەوڵەتی عوسمانی و ئەڵمانیا لە خاکی بابلییەکان سەندراوەتەوە و لە مۆزەخانەی بێرگامۆن لە بەرلین نمایش دەکرێت.

 

ت.پ