ژنان دەستی باڵایان لە پاراستنی ژینگەدا هەیە؛ پاسکیل و سیستمی وزەی خۆرو ئاوی خۆڵەمێشیی

ژنان هەمیشە بۆ پاراستنی ژینگە ڕێگەی نوێ دەگرنەبەر، بە وتەی حوسنا مەحمەد، سەرپەرشتیاری ماڵەکە یەکێک لە چالاکییەکان ژنان فێری پاسکیل دەکەن تا پیسبوون بەهۆی ئۆتۆمبێل کەمبکرێتەوە.

میهرەبان سەلام

 

هەڵەبجە-لە ئێستادا ژینگە ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو گەرم بوون و پیس بوون دەچێت، جا هاوڵاتیان هەول دەدەن بتوانن لە پێناو پاراستنی ژینگە چەندین ڕێگای جیاواز بگرنە بەر، لەهەڵەبجە ماڵی ژینگەدۆستی هەڵەبجە دروست کراوە کەسەرجەم پێداویستیەکانی دۆستی ژینگەن و دەتوانرێت بە تیچوویەکی کەم ئەو هاوڵاتیەی خوازیارە ماڵێکی نموونەییان هەبێت، دەتوانن سەردانی ماڵی ژینگەدۆستی هەڵەبجە بکەن، تاوەکو سوود لە ئەزموونەکانیان وەربگرن و دووبارەی بکەنەوە لە خانووی نیشتەجێبوونیان.

 

حوسنا مەحمود، لێپرسراوی بەشی ژینگە لە ڕێکخراوی نوێ کە سەرپەرشتی مالی ژینگەدۆستی هەڵەبجە دەکات قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: وەکو بەشی ژینگەی ڕێکخراوی نوێ لەم ماڵە ژینگەییەدا، ڕۆژانە کۆمەڵێک چالاکیمان هەیە لەوانە دوورینی کیسەی خام، بە بەردەوامی کە زیاتر لە پێنج ساڵە لەم پرۆژەیەدا کار دەکەین و تورەکەی خام دەدورین و لە ناوەندەکانی خویندن و گوندەکانی دەورووبەری هەڵەبجە بەبێ بەرامبەر دابەشی دەکەین، هەروەها گەنجان و منداڵانمان زیاتر حەزو خولیایان هەبێت کیسە خامەکانمان نەخشاند بۆ ئەوەی بەو جۆرەی خۆیان ئدەیانەوێت نەخشاندنمان بەتایبەت، زیانی نییەو دەتوانرێت رۆژانە بەکار بهێندرێت، بەنرخێکی هەرزان دەیفرۆشینەوە لە پێناو کەمکردنەوەی نایلۆن لە ژینگەدا و ناوەندی شاری هەڵەبجەو گوندەکانی دەوروبەریش کە ئەمە سنووری هەڵەبجەو شارەزوورو هەورامانمان بڕیوەو بەبەردەوام و بێبەرامبەر کیسەکانمان دابەش کردووە.

 

ماڵی ژینگەدۆستی سەرجەم ڕێکارەکانی پاراستنی ژینگەی تیادایە

حوسنا مەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، یەکێکی تر لەو کارو چالاکیانەی کە لە ماڵی ژینگەدۆستی هەڵەبجە دەکرێت ئەوەیە دووبارە بەکار هێنانەوەی پاشماوەی پلاستیکی خەڵکە وبەتایبەت ئەوەی فڕێ دەدرێتە ژینگە، ئەمە زیان بە خاک و ئاوی هەڵەبجە دەگەیەنیت وتی: بڕیارماندا بە پێی توانامان کەلوپەلە زیادەکان و جلوبەرگی بەکارهیندراو هەروەها هەر جلێک پەڵەیەک یان سووتاوی لەسەرە یان گڵۆپێکی سووتاو کە فڕێ بدرێت کە بچێتە ژینگەو لەناو ژینگە شی نابێنتەوەو زیان دەگەیەنێت، هەروەها تەپەدۆرو موقەباو پارچە فەرش و پلاستیک کۆدەکرێتەوە کاری هونەری و تابلۆی هونەری و کاری دەستی لێ دروست دەکرێت و نموونەی هەلدەواسین و بەکاری دەهێنین، ئەو کەسانەی دێن نموونەی کارەکانمان دەبینن و دەبێت بزانن کارێکی هونەری جوان بخوڵقینن و هەڵی بواسن، هەروەها چالاکی تر کردنەوەی خولی دروومان لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبێت.

 

"بەکارهێنانی  پاسکیل سواری بەشێکە لە ژینگەپارێزی"

یەکێکی کە لە چالاکیەکان کە حوسنا مەحمود ئاماژەی پێدەدات ئەوەیە کە سەرچاوەی سەرەکی پیس بوونی ژینگە ئۆتۆمبێلە، بەڵام ئەمان لە ماڵی ژینگە لەهەوڵی فیرکردنی ژناندان تا بتوانن ژنان بە سێ جۆر پاسکیل فێر بکەن و بتوانن راهێنەری تایبەت بکەن و ژنان خۆیان فێر ببن، ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی ئۆتۆمبیل لەناو شاردا لە پیناو پاراستنی ژینگەدا

 

لە کۆتایی قسەکانیدا حوسنا مەحمود وتی: ماڵی ژینگەدۆستی هەڵەبجە جگە لە سیستمی سۆلار پەنال بۆ وەرگرتنی وزەی خۆر لەهەمانکاتدا سیستمی ئاوی خۆلەمیشی هەیە، دەتوانن لە ئاوی دەستشۆرو چیشتخانە پاش فلتەر کردن و پاڵاوتن ژینگەی ماڵەکەی پێ سەوز بکرێت، ئەم ماڵە ژینگەییە لە خزمەت هاوڵاتیاندایەو دەتوانن سەردان بکەن تاوەکو سوودمەند بن لە بیرۆکەکانیان.