ڕژێمی ئێران ڕێگری لە کوژاندنەوەی ئاگری چیاکانی زاگرۆس دەکات

ساڵانە دارستانەکانی بەڕووی زاگرۆس کە بە دەیان ساڵ دەگەنە ئاستی گەشەکردنی خۆیان، لە نێو ئاگردا دەسوتێن؛ تەنیا بە خۆشەویستیی مرۆڤەکان بۆ سروشت دەتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت.

سارا پورخزری

 

کرماشان – ئەمڕۆ کاتێک سەیری سروشتی دەوروبەری خۆمان دەکەین، دەتوانین شۆپ و شوێنەواری تاریکی ئاگر و سووتان لە هەر گۆشەیەکی زاگرۆسدا ببینین. ئەو پەڵە دیارانەی کە لە جەستەی سروشتدا هەڵکۆڵراون، گوزارشت لە ئازارگەلێکی قووڵ دەکەن. بەشە گەورەکانی دارستان، لەوەڕگە و چیاکانی وڵات ساڵانە دەسوتێن و ئەو سروشتەی کە دەبوو سەرچاوەی ژیان بێت، دەبێتە دیمەنێکی وێرانکاری. بەڵام پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە کە بۆچی ئەم کارەساتە ساڵانە خۆی دووبارە دەکاتەوە و بۆچی، سەرەڕای ئەزموونە بەئازارەکان و زیانە قورسەکان، گرانیی قەیرانەکە نەک هەر کەم نابێتەوە، بەڵکو بەرفراوانتر و وێرانکەرتر دەبێت.

 

ساڵانە ئاگرکەوتنەوەکان دووبارە دەبنەوە

ساڵانە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی گەرما و وشکبوونی هێدی هێدیی ڕووەکەکان، یەکێک لە مەترسییە هەرە جدییەکان کە سەرلەنوێ سەرهەڵدەداتەوە، مەترسیی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانە. ئەم مەترسییە هەم لە سروشت خۆیەوە و هەمیش لە کەمتەرخەمی و دەستێوەردانی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت. لە ساڵانی ڕابردوودا، سروشتی ئێران و بەتایبەتی چیاکانی زاگرۆس، سییە سەوزەکەی ڕۆژاوای وڵات بووە. لەگەڵ دەستپێکردنی ڕۆژە گەرمەکاندا، ئەم سییە کەوتووەتە قۆناغێکی هەستیار و ناسکەوە. لەم کاتەدا، بچوکترین پریشک، شووشەیەک کە لەژێر خۆردا بەجێهێڵرابێت، یان بەرژەوەندییەکانی حکومەت، دەتوانن ببنە ئاگرێک کە هەڕەشە لە ژیانی هەزاران دار، ڕووەک و ئاژەڵ بکات. لەم ساڵانەدا، چیاکانی زاگرۆس چەندین جار تامی سووتانیان چەشتووە؛ ئەو دارستانانەی کە بە دەیان ساڵ بوو گەشەیان کردبوو، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بوون بە خۆڵەمێش.

 

زاگرۆس؛ قوربانیی ئاگر و بەڕێوەبردنی خراپ

سەرچاوەی ئەم کارەساتە لە تێکەڵاوبوونی هۆکارە سروشتی و مرۆییەکاندا دەبینرێتەوە، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵی هۆکارە مرۆییەکان، بەتایبەتی سیاستەکانی حکومەت، زیاتر دەرکەوتووە. هەرچەندە هۆکارە سروشتییەکان بەشداربوون لە سەرەتاکانی کەوتنەوەی ئاگرەکەدا، بەڵام پشتگوێخستنی ژینگە و نەبوونی ئامێر و کەرەستەی پێویست لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکاندا، گرانی و بڵاوبوونەوەی ئەم قەیرانەی زیاتر کردووە. لەبەر ئەمەش، لە ساڵانی ڕابردوودا حکومەت نەک هەر لە ڕێگریکردن لە کێشەکە و بەڕێوەبردنی دروستیاندا سەرنەکەوتووە، بەڵکو بە کەم نرخاندنی ئەم ناوچەیە بەشداربووە لە بەردەوامبوونی کارەساتەکەدا. بەم شێوەیە، جیا لە بارودۆخە سروشتییەکان، بەڕێوەبردنی هەڵە و داڕشتنی سیاسەتی چەوت دەکرێت وەک هۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانە سەیر بکرێن.

 

"ژینگەدۆستان خۆیان دەهاوێژنە ناو جەرگەی ئاگرەکەوە"

مەحبووبە ڕ.، ئەندامی کۆمەڵەی ژینگەیی عەشتار لە کرماشان وتی: ڕێکخراوێکمان هەیە کە پێی دەوترێت پاراستنی ژینگە، بەڵام دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم کە هیچ پەیوەندییەکی بەو بەرپرسیارێتییەوە نییە کە گرتوویەتیە ئەستۆ. ساڵانە لەگەڵ دەستپێکردنی هاویندا، خەڵک بە کۆمەڵ کار دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوەی دار و دارستانەکان یان بۆ خۆئامادەکردن بۆیان. بەڵام توانای مرۆیی لە هەمبەر گەورەیی ئەم قەیرانەدا سنووردارە؛ ئامێرەکان بەشی ناکەن و خۆبەخشەکان بەبێ کەرەستە و بەبێ هیچ پاراستنێک، ڕاستەوخۆ خۆیان دەهاوێژنە ناو جەرگەی ئاگرەکەوە. ساڵانە دارستانەکانی بەڕووی زاگرۆس کە بە دەیان ساڵ دەگەنە ئاستی گەشەکردنی خۆیان، لە ناو ئاگردا دەسوتێن؛ تەنیا بە خۆشەویستیی مرۆڤەکان بۆ سروشت دەتوانرێت [ئاگرەکە] کۆنتڕۆڵ بکرێت. یەکەم کەسەکان کە بە سەرەتاییترین کەرەستە و بەبێ هیچ ڕێوشوێنێکی سەلامەتی ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە، ئەم مرۆڤە ژینگەدۆستانەن کە لە هێڵەکانی پێشەوەن. حکومەت لەبری ئەوەی ڕێزیان لێ بگرێت، هەوڵدەدات بێدەنگیان بکات و زەختیان لێدەکات کە لە مەیدانەکە بچنە دەرەوە، چونکە دەیەوێت کەمکوڕییەکانی خۆی بشارێتەوە و کێشەکە لە مێشکی ڕای گشتی پاک بکاتەوە.

ساڵانە لە نێوان ٩ بۆ ١٢ هەزار هێکتار لە دارستانەکانی بەڕووی زاگرۆس دەسوتێن

بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن ڕێکخراوی بەڕێوەبردنی دارستان، لەوەڕگە و ئاودێریی وڵاتەوە بڵاوکراونەتەوە، ساڵانە نزیکەی ٢١ هەزار هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی ئێران بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە زیانیان پێدەگات. ئەم ڕووبەرە نزیکەی یەکسانە بە ٣٠ هەزار یاریگای تۆپی پێ. ئەوەی زیاتر جێگای نیگەرانییە ئەوەیە کە نیوەی ئەم ئاگرکەوتنەوانە لە ناوچەی زاگرۆس ڕوودەدەن، کە بەشێکی زۆری دارستانەکانی بەڕووی ئێران لەخۆدەگرێت. بەپێی ئەم ئامارانە، چاوەڕوان دەکرێت ساڵانە لە نێوان ٩ بۆ ١٢ هەزار هێکتار لە دارستانەکانی بەڕووی زاگرۆس و سروشتی دەوروبەری بسوتێن.

 

بۆ تێگەیشتن لە قەبارەی ئەم کارەساتە، پێویستە بزانرێت کە ئەم ڕووبەرە نزیکەی بەقەد تەواوی شاری کرماشانە. واتە ساڵانە سروشتی چیاکانی زاگرۆس دەسوتێت و ڕووبەرێک بەقەد شارێکی گەورە وێران دەکات. وێرانکارییەکی ئاوا گەورە، تەنیا لەناوبردنی دارەکان نییە؛ بەڵکو مردنی تەواوی ئیکۆسیستەمێکە. بە هەزاران جۆری ڕووەک و ئاژەڵ لەم ناوچانەدا دەژین؛ کە زۆربەیان تەنیا لە چیاکانی زاگرۆسدا دەبینرێن و دووبارە بونیادنانەوەیان یان مەحاڵە یان بە دەیان ساڵ دەخایەنێت.

 

لە کوژاندنەوەی ئاگرەوە تا ڕووبەڕووبوونەوەی زەخت و گوشارەکان

ئامارەکانی سەرەوە و بەرفراوانبوونی ئاگرکەوتنەوەکان ئەوە نیشان دەدەن کە هێزە میللی و مەدەنییەکان ساڵانە ڕووبەڕووی چەندین زیان و وێرانکاری دەبنەوە. بەڵام شەڕی دژ بە ئاگرکەوتنەوەکان لەلایەن ژینگەدۆستانەوە تەنیا لایەکەی تری چیرۆکەکەیە؛ ئەوان ڕووبەڕووی دوو دوژمن دەبنەوە: یەکەم ئەو ئاگرەی کە دارستان و لەوەڕگەکان دەسوتێنێت، و دووەمیش حکومەتێک کە لەبری ئەوەی پشتگیرییان بکات، دژیان دەوەستێتەوە.

 

هەرچەندە هێزی گەل لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەدا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت و لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار شاهیدی ئەوە بووین کە چۆن ئەم خۆبەخشانە لە پێناو پاراستنی سروشتدا گیانیان بەخشیوە، بەڵام ترسی حکومەت لە بچوکترین چالاکیی سەربەخۆی مەدەنی، بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو ئەم هەوڵانە نەک وەک چالاکییەکی بەرپرسیارانە، بەڵکو وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆی ببینێت. لەژێر ئەم بارودۆخەدا، پارێزەرانی ژینگە لە شەڕێکی دوو لایەنەدان: لە لایەکەوە، ناچارن شەڕ لەگەڵ ئەو ئاگرانە بکەن کە هەر هاوینێک بەشێک لە چیاکانی زاگرۆس و دارستانەکانی بەڕوو دەکەنە خۆڵەمێش؛ لە لایەکی تریشەوە، ڕووبەڕووی زەخت، سنووردارکردن و دەستێوەردانەکانی حکومەت دەبنەوە کە مەبەست لێی پاراستنی سروشت نییە، بەڵکو بۆ شاردنەوەی کێشەکە و پەردەپۆشکردنی بێتواناییەکانی کۆمەڵگەی دەسەڵاتدارە.

 

لەبەر ئەمەش، جیا لەو ئامارە تراژیدیانەی تایبەت بەو کەسانەی کە ساڵانە لە شەڕی دژ بە ئاگردا گیانیان لەدەستدەدەن، ئەم خۆبەخشانە لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوەی ئەمنی و سنووردارکردنی بەرفراوانیش دەبنەوە.

پاراستنی سروشتیش دەبێتە تاوان

ئەم زەخت و گوشارانە تەنیا بە هۆشداریدان و هەڕەشەکردنەوە سنووردار نین؛ بەڵکو لە تۆمەتی سیاسی و ئەمنی کێشراوە تا دەگاتە دەستبەسەرکردن، لێکۆڵینەوەی درێژخایەن و سزای قورسی بەندکردن. حکومەت لەبری ئەوەی ئەم هێزە میللییانە وەک سەرمایەیەک بۆ پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان ببێنێت، بە گومانەوە سەیری بچوکترین چالاکیی سەربەخۆ دەکات.

 

لە ئەنجامدا، ئەو خۆبەخشانەی کە بە سەرەتاییترین کەرەستەکانەوە پەلە دەکەن بۆ ڕزگارکردنی دارستانەکان، لەپڕێکدا ڕووبەڕووی تۆمەتی وەک هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانی یان هاوکاری لەگەڵ گرووپە نەیارەکان دەبنەوە؛ تۆمەتگەلێک کە هیچ پەیوەندییەکیان بە چالاکییە ژینگەیییەکانیانەوە نییە و تەنیا ئامرازێکن بۆ کۆنتڕۆڵکردن و بێدەنگکردنی دەنگی کۆمەڵگەی مەدەنی.

بەم شێوەیە، چالاکوانان و ژینگەپارێزان لە ئێراندا نەک هەر ناچارن لەگەڵ ئاگرە بەرفراوانەکان و نەبوونی ئامێروکەرەستەدا ململانێ بکەن، بەڵکو دەبێت ڕووبەڕووی سیستمێکی ئەمنیش ببنەوە کە هەر جۆرە بەشدارییەکی گشتی وەک هەڕەشە دەبینێت. ئەم دۆخە دوو لایەنەیە وای لێکردوون کە هەر هەنگاوێکیان بەرەو پاراستنی ژینگە، باجێکی قورسی هەبێت.

 

چەندین کەس لە پێناو پاراستنی سروشتدا گیانیان بەخشیوە

مەحبووبە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت: لە ساڵانی ڕابردوودا شاهیدی گیانلەدەستدانی دڵتەزینی چەندین کەس بووین لە پێناو پاراستنی سروشتدا. لە ئەندامانی ئەنجومەنی 'ژیوای پاوە'وە بگرە تا چالاکوانانی ئەنجومەنی 'چیای سەوز' و ئەو خۆبەخشانەی کە پارساڵ لە کاتی هەوڵدانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگری کۆساڵان لە سنە گیانیان بەخشیوە. ئەم کەسانە بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک، تەنیا بۆ ڕزگارکردنی دارستان و لەوەڕگە سووتاوەکان چوونە ناو جەرگەی ئاگرەکەوە. بەڵام خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە گیانلەدەستدانی ئەم کەسانە دەرئەنجامی کەمتەرخەمی یان هەڵەی مرۆیی نەبوو؛ بەپێچەوانەوە، دەکرێت وەک کوشتنی ڕاستەوخۆی حکومەت ئەژمار بکرێت. حکومەتێک کە نەک هەر لە ڕێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوەکاندا سەرنەکەوت، بەڵکو بە بێدەنگی و بێدەرەتانییەکی بەئەنقەست و نەبوونی کەرەستە، چالاکوانانی ژینگەی لە ناو ئەو ئاگرەدا گەمارۆ دا کە خۆی هۆکاری کڵپەسەندنی بوو. تەنانەت کاتێک ئەم چالاکوانانە لە مردنی حەتمیش ڕزگاریان دەبوو، حکومەت دیسان ڕەحمی پێ نەدەکردن؛ بە دۆسیەی ئەمنی، تۆمەتی سیاسی و دەستبەسەرکردنی درێژخایەن سزا دەدران. وەک بڵێی ڕزگارکردنی سروشت تاوان بێت و پاراستنی دارستانەکانیش گوناهێکی لێ خۆشنەبوو.

 

هەر چالاکییەکی پاراستن دەبێتە تاوان

لە ڕژێمە دیکتاتۆرییەکاندا، هەر شێوازێک لە یەکێتیی گەل و ڕێکخراوەیی سەربەخۆ، وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر بوون و باڵادەستیی دەسەڵات سەیر دەکرێت. ئەم جۆرە حکومەتانە زۆر باش دەزانن کە هاوکاریی خۆبەخشانەی نێوان خەڵک بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکی هاوبەش، تەنیا کارێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو نیشانەی توانای کۆمەڵگەیە بۆ کاری بەکۆمەڵ و هێزیەتی بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵات.

 

لەبەر ئەمەشە، تەنانەت بێ زیانترین کۆبوونەوە گشتییەکانیش لە لایەن ئەوانەوە بە سیاسی و ڕووخێنەر لێکدەدرێنەوە. هەمان لۆژیک لە کۆماری ئیسلامیشدا پەیڕەو دەکرێت. ترسی حکومەت لە کۆبوونەوەی خەڵک بۆ پاراستنی ژینگە لەم ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە هەر چالاکییەکی بەکۆمەڵی بەئاگا، ئەگەرچی بە ئامانجێکی تەواو مرۆیی و غەیرە سیاسییش دەست پێبکات، زوو یان درەنگ دەبێتە هۆی لێپرسینەوە لە سیستمی دەسەڵاتدار.

 

حکومەت لە بەئاگابوونەوەی کۆمەڵگە دەترسێت

حکومەتێک کە لە بچوکترین کۆبوونەوەی سەندیکایی، کولتووری یان ژینگەیی بترسێت، لە ڕاستیدا لە بەئاگابوونەوەی کۆمەڵایەتی دەترسێت. چونکە دەزانێت ئەو مرۆڤانەی کە ئەمڕۆ بۆ ڕزگارکردنی دارستان، چیا و لەوەڕگەکانیان یەکدەگرن، ڕۆژێک دێت بۆ ڕزگارکردنی خۆشیان ڕادەپەڕن. ئەو دەستانەی ئەمڕۆ ئاگری زاگرۆس دەکوژێننەوە، هەمان ئەو دەستانەن کە دەتوانن بەیانی ئاگری زوڵم و ستەم بکەن بە خۆڵەمێش. ئەم پێوەندییەی نێوان ڕزگارکردنی سروشت و ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی، ئەو شتەیە کە حکومەتە تۆتالیطار و سەرکوتکەرەکان دەترسێنێت. چونکە یەکێتیی گەل لە هەر شوێنێکدا شێوە بگرێت، زوو یان درەنگ دەبێتە هۆی سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی دەسەڵات و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتە زۆردارەکان.