ئەندازیاری کشتوکاڵی: سروشت بەپێی بەرژەوەندی سیاسی دیزاین دەکرێت
بێریڤان عومەر، ئەندازیاری کشتوکاڵی ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی سروشت بەپێی بەرژەوەندی سیاسی بەکاردەهێنرێت و ئاسایشی ئاو و خۆراک لە جیهاندا نییە، پێویستی بە پاراستنی شۆڕشی ژنان هەیە کە یەکێکە لە بنەما ئیکۆلۆژییەکانی.
سۆرگوڵ شێخۆ
قامیشلۆ- بەپێی هەندێک زانیاری لەماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا ژمارەی خەڵک دوو هێندە زیادی کردووە، تا مانگی تەمووزی٢٠٢٢ ژمارەی خەڵک گەیشتووەتە ٧ ملیار و ٨٠٠ کەس، بۆیە پێشبینی دەکرێت تا ساڵی٢٠٥٠ ئەم ژمارەیە بگاتە١١ ملیار کەس، سەرچاوەیەکی دیکەی قەیرانی ئیکۆلۆژی ئاوی خواردنەوەیە، لە لایەکی دیکەوە کاریگەرییەکانی پیشەسازی لەسەر سروشت بووەتە هۆی لەناوچوونی زۆرێک لەڕووەکەکان.
یونسکۆ و نەتەوەیەکگرتووەکان-ئاو لەسەر کێشەی ئاو
لەڕاپۆرتێکی نوێدا کە لەلایەن یونسکۆوە لە ٢٢ی ئاداری ٢٠٢٤ بەناوی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان-ئاو(UN-Water) بڵاوکرایەوە، باس لەوە دەکات کە ئێستا ٢.٢ ملیار کەس دەستیان بە ئاوی پاکی خواردنەوە ناگات و ٥.٣ ملیار کەسیش دەستیان بە ئاوی پاک و خاوێن نەگەیشتووە، واتە ئامانجی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتنێکی گشتگیر بۆ ئەم خزمەتگوزارییانە تا ساڵی ٢٠٣٠ زۆر دوورە لە گەیشتن و هۆکارێک هەیە بۆ نیگەرانی لەوەی نایەکسانی فراوانتر بێت.
باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش بەشێکە لەم دونیایە و هەمان بەڵا و گرفتەکان بەدی دەکرێن، بێریڤان عومەر، جێگری هاوسەرۆکی دەستەی کارگێڕی خۆجێی شارەوانییەکانی کانتۆنی جزیرە و ئەندازیاری کشتوکاڵی سەبارەت بەو بابەتە قسەی لەگەڵ ئاژانسەکەمان کرد.
هۆکارەکانی کێشەی ژینگەیی
بێریڤان عومەر ئاماژەی بەوەکرد، لەماوەی١٠ ساڵی ڕابردوودا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پەیوەست بە هێرشەکانەوە، کێشەی ژینگەیی بەهەمان شێوە دەرکەوتووە، کە بەشێکیان لە هەموو شوێنێک هەیە و وتی: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەوی و وشکەساڵی یەکێکە لەو گرفتانە، ئەو کێشانەی کە لە جیهاندا گەشە دەکەن زۆرێک لە ڕووبارەکان وشک بوون و بڕی ئاوەکەمی کرد، تەنانەت کەمی بارانبارین، دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشەی تەندروستی و ئابووری خەڵک.
یەکێک لە کێشە باوەکانی هەرێمەکەمان پیسبوونی هەوا بوو، هۆکارەکانی دەگەڕێنەوە بۆ ئەو شەڕەی کە چەند ساڵێکە بەردەوامە و وێرانکردنی شارەکان، چونکە زۆربەی بیناکان بە چیمەنتۆ دروستکراون و لە کاتی ڕووخاندنیاندا ئەو غازەی لێیان دەردەچێت کاریگەری زۆری لەسەر کەشوهەوا هەیە، ئەمەش هەر خراپتر دەبێت، گەورەترین کێشە شەڕە، چونکە لەسەوزاییەوە تا ئاژەڵەکان بە مەترسیدارترین چەک دەکوژرێن، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی مەترسی لەسەر بوونی مرۆڤ و تەواوی ژینگە دروست دەکات، چونکە خاکەکە زیانی پێگەیشتووە، دووبارە گەشەکردنی قورس دەبێتەوە، بۆ ژیانی مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەک نابێت، بۆیە ئەمڕۆ جیهان پێویستی بە پاراستنی سروشت هەیە، دارستانەکان هاوسەنگی سروشت و مرۆڤەکان لەسەر زەوی دروست دەکەن، بەڵام ئەمڕۆ ٢٠%ی دارستانەکانی جیهان سووتاون، ئەگەر بە تەواوی بسوتێن، چیتر مرۆڤەکان ناتوانن لەسەر زەوی بژین.
"پرسە ژینگەییەکان سنووری جوگرافی و سیاسی ناناسن"
بێریڤان عومەر ئەوەشی خستەڕوو، کە کێشەی ژینگە سنووری جوگرافی و سیاسی نازانێت و وتی: کاتێک ئەو ڕۆژە هات و زیانەکانی بە سروشت گەیاند، ئەوە کاریگەری لەسەر هەموو جیهان دەبێت، بۆیە مانگی تەمووزی ٢٠٢٤ ناوی گەرمترین مانگی تەمموزی ٢٠٠ ساڵی پێشوو لێنراوە و بەو واتایەی کە هەموو جیهان ڕووبەڕووی پلەی گەرمی بووەتەوە و بووەتە هۆی مردنی مرۆڤەکان، هاوکات لەگەڵ وشکبوونەوەی ئاو و زەوی، کاریگەری لەسەر ئاسایشی خۆراکی جیهانی دەبێت و دەبێتە هۆی نەبوونی، بۆ نموونە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زۆرترین گەنم لەوێ بەرهەم دەهێنرێت، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، چیتر وەک جاران بەرهەمی نییە و ئەمەش کاریگەری لەسەر دابینکردنی نان دەبێت، بۆیە ئەم کێشەیە هەموو جیهان دەگرێتەوە، بەپێی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی پاراستنی ئاو، پێویستە ئاوی ڕووبارەکان بپارێزرێت و ئاوی ژێر زەوی کەم بەکاربهێنرێت، بەڵام بەهۆی بڕینی ئاوی ڕووبارەکان و وشکبوونی ئاوەکەی، خەڵک ڕوو لە بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی دەکەن، هەروەها سەرچاوەیەکی ناپایەدارە و دەبێت پارێزگاری لێبکرێت، چونکە سەرچاوەکانی ئاوی پاکی خواردنەوە لە جیهاندا زۆر سنووردارە، بۆیە هەڵکەندنی بیرەکان ئاوی ژێرزەوییش کەمدەکاتەوە.
ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٨٧ لە ٥٠٠ مەتر سێجا بۆ ٢٠٠ مەتر سێجا لە چرکەیەکدا!
بێریڤان عومەر سەرنجی بۆڕێککەوتنە ئاوییەکانی نێوان عێراق و سووریا و تورکیا سەبارەت بەڕووباری فورات ڕاکێشا و باسی لەو خاڵانە کرد کەڕێککەوتنیان لەسەر کرا و دواتر گۆڕانکارییان بەسەردا هات: لە ساڵی ١٩٨٧ سووریا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ تورکیا لەسەر دابەشکردنی ئاوی فورات واژۆکرد، بۆ ئەو ڕێککەوتنە، ئەنقەرە بەڵێنیدا٥٠٠ مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بە سووریا بدات، بەڵام ئەم بڕە لە ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە نیوە کەمکراوەتەوە و هەندێک جار گەیشتووەتە ٢٠٠ مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، سەرچاوەی وزەی سوریا لەڕووباری فوراتەوەیە، کاتێک ئاوەکە کەم دەبێتەوە، ناچار دەبێت مۆلیدە بۆ دابینکردنی ئاو بەکاربهێنێت و ئەمەش دیسانەوە دەبێتە هۆی پیسبوونی کەشوهەوا، تا ئێستا داوای لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورکیا نەکراوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، لەکاتێکدا ئەم کێشەیە تەنها پەیوەندی بە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە نییە، بەڵکو کێشەیەکی جیهانییە، جگە لەوەش ئەو خەڵکەی ماڵەکانیان لە دەوروبەری ڕووبارەکانە، ناچارن شوێنی خۆیان بگۆڕن و کۆچکردن ڕوودەدات، ئەمانە کێشەی مرۆڤایەتین کە لە پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا ئەگەر کێشەی سیاسیش هەبێت، دەوڵەتێک ناتوانێت ئاو وەک چەکێک لە دژی دەوڵەتێکی دیکە بەکاربهێنێت.
''ڕووباری فورات ڕووبارێکە کە هەمیشە بۆ مەبەستی سیاسی بەکارهاتووە''
بێریڤان عومەر ترسی بوومەلەرزەی لە کانێکی زێڕ و ڕۆیشتنی ماددەی ژەهراوی بۆڕووباری فورات لە تورکیا بەبیرهێنایەوە و وتی: ڕووباری فورات ڕووبارێکە هەمیشە بۆمەبەستی سیاسی بەکارهاتووە. هەروەها پرۆژەکان یدەوڵەتی تورکیا بۆ دروستکردنی بەنداو لەسەر ڕووبارەکە هەمیشە هەبووە، ئەوان دەیانەوێت لەگەڵ دروستکردنی بەنداو لەلایەن تورکیاوە، گوندە مێژووییەکانی کوردستان لە ژێر ئاو بهێڵێنەوە و مێژوو لە ناو ببەن، هەرچەندە بەهۆی ناڕەزایەتی ژینگەپارێزان ئەم پلانە بۆ ماوەیەکی کاتی وەستاوە، بەڵام هێشتا ئەم مەترسییە هەیە، حەسەنکێفی باکووری کوردستان یەکێکە لەو نموونانە، بۆیە ئەو ئاوەی بە دروستکردنی بەنداو لەلایەن تورکیاوە لەسەر سووریا کەم دەبێتەوە تا دەگاتە عێراق و بەپێی چاودێری ئێمەش کۆچێکی زۆر لە عێراق لە دەوروبەری ڕووبارەوە ڕوویداوە، لە پێوەندی لەگەڵ ئەم بابەتەدا، هەرچەندە پەیوەندی و ڕاپۆرت هەیە کە بۆ دەزگاکانی پەیوەندیدار بە ئاوە ناردومانە، بەڵام ڕاپۆرتەکانمان بێ وەڵام ماونەتەوە، ئێمە بەردەوامین لە بەرزکردنەوەی ناڕەزایەتی و ناردنی ڕاپۆرت و تانەدان.
"کارەساتێکی مرۆیی لە دەرگای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەدات"
بێریڤان عومەر ئاشکرایکرد، جگە لە هێرشەکان، کارەساتێکی مرۆیی لە دەروازەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادایە و وتی: ئەمڕۆ خەڵک ڕووبەڕووی کارەسات بوونەتەوە، بە وتەی شارەزایان، دابەزینی ڕێژەی ئاو دەبێتە هۆی کۆچکردن و سەختی دابینکردنی سووتەمەنی لە ناوچەکەو ئەمەش کاریگەری لەسەر بەڕێوەبردنی نەخۆشخانە و نانەواخانەکان هەیە، هەروەها وزەی مۆلیدە دەبێتە هۆی پیسبوونی کەشوهەوا، هەموو ئەمانە بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زەحمەتی گەورەن، ئەگەر دەوڵەتی تورکیا سیاسەتی ئاوی خۆی نەگۆڕێت، بۆیە ئەمڕۆ هەوڵمان هەیە بۆ زیادکردنی ڕووکاری سەوز، وەک دەزانرێت لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی داعش بۆ سەر سروشت و بڕینی هەزاران نەمام، سروشتی ناوچەکەمان زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، هەروەها ڕووبەڕووی بڕینی ئاو دەبینەوە. بەهۆی ئەوەوە سەختییەکانی پاراستنی سروشتیش زیاتر دەبن، سروشت لە هەر شوێنێک هەبێت دەبێت پارێزراو بێت، ئەمە ماف و بەرپرسیارێتییەکی نێودەوڵەتییە.
"پراکتیزەکردنی ژینگەپارێزان و چالاکوانانی ئیکۆلۆژی، پراکتیزەیەکی شەرمەزارکەرە"
بێریڤان عومەر ئاوارەبوونی خەڵکی ڕەسەنی سەرێکانی و بڕینی ئاو بۆیان دەخاتە ڕیزبەندی جینۆسایدی ئیکۆلۆژی و سروشتی وتی: جینۆسایدی ئیکۆلۆژی و سروشتی لە سیاسەتەکانی دژ بە سەرێکانی و گرێ سپی وعەفرین ئەنجام دەدرێن، دەوڵەتی داگیرکەری تورک جگە لە جینۆسایدی مرۆڤ، کۆمەڵکوژی سروشتیش ئەنجام دەدات، بڕینی دار و گواستنەوەی بۆ وڵاتانی دیکە خۆی لە خۆیدا جینۆسایدە کە لە ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا تاوانە، بەڵام کاتێک باس لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکرێت، دووڕوویی دەوڵەتەکان دێتە پێشەوە، بەپێی ئامارەکان لە عەفرین نیو ملیۆن نەمام بڕدراون و گواستراونەتەوە بۆ شارەکانی تورکیا، ئەمەش تاوانە، سەرەڕای ئەوەی کە زۆر کەس خۆیان بە ژینگەپارێز و ئیکۆلۆژیک و ژینگەپارێز دەزانن، بەڵام کاتێک مرۆڤەکان سەیری ئەو پراکتیزە دەکەن دەبینن کە دەگمەنەو پراکتیزەیەکی شەرمەزارکەرە.
"سروشت بەپێی بەرژەوەندی سیاسی دیزاین دەکرێت"
بێریڤان عومەرڕەخنەی لەو دەوڵەتانە گرت کە سروشت بەپێی بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان دیزاین دەکەن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەوڵەتی تورکیا سروشت بەپێی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆی دیزاین دەکات و ئەمە تاوانێکی گەورەیە بەرامبەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، چونکە ڕووبارەکانیش ژیانیان هەیە و ژینگە لەگەڵ مرۆڤ و ئاژەڵدا دەبێتە بەشێک لە پاراستنی سروشت، نموونەی ئەوەش ڕووباری جەقجەق و خابور کە ئێستا بوونەتە سەرچاوەی زۆرێک لە نەخۆشییە تەندروستی و دەروونییەکان، بۆیە کاتێک دەوڵەتەکان بە پێی خۆیان سروشت دیزاین دەکەن، بە دڵنیاییەوە کاردانەوە سروشتییەکان لە دژی خەڵک دێنە دەرەوە، وشکەساڵی و لافاو و بوومەلەرزەکانی ئەم دواییە هەموویان دەرئەنجامی توڕەیی سروشتن بەرامبەر بە کردەوەکانی مرۆڤ.
"لەناو شۆڕشی ژنانیشدا، شۆڕشێکی ئیکۆلۆژی هەیە"
بێریڤان عومەر ئاماژەی بەوەدا کە شۆڕشی ژنان شۆڕشێکی ئیکۆلۆژییە و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: شۆڕشێکی ئیکۆلۆژی لە شۆڕشی ژنان لەدایک بوو بۆ ئەوەی بتوانین پێوەرە ئیکۆلۆژییەکان بکەینە بنەمای ڕێوەبەری، بۆ ئەوەی هەمیشە لەدەستی هێزە هەژموونەکانی سروشتدا نەبێت، جیاوازی شۆڕشی ئێمە ئەوەیە کە ئێمە دژی مەرکەزییەتین بۆ ئەوەی کێشەی سروشتی سەرهەڵنەدات کاتێک گەل خۆی بڕیار بدات، بەهۆی گەلانی سرووشتییەوە ڕۆڵێکی کارا دەبینن لە پاراستنی سیستمی سروشتی و دەبنە بەشێک لەو سروشتە و هەموو کەس لەو پەیوەندییە تێناگەن.
لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەمیشە دەڵێین سروشت و زیندەوەران جیاواز نین لە مرۆڤ، مرۆڤ بەشێکە لێی و ناوەندی سروشت نییە، بۆیە لەگەڵ ئەو پەرەسەندنەی کە مرۆڤ ناوەندی هەموو سروشتێکە، ڕێگەی بە مرۆڤ دا هەموو شتێک بۆ خۆی بەکاربهێنێت، ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی تێکۆشان بکەین و تەواوکەری یەکتر بین لەگەڵ بوونەوەرە زیندووەکانی تر، پێویستی شۆڕش گۆڕینی نۆرمەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیە، بۆیە گرنگە شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بپارێزرێت، چونکە نموونەیەکی جیاوازە لەوەی کە چۆن مرۆڤەکان دەتوانن بڕیاری خۆیان بدەن و لەسەر خۆیان بژین و چارەنووس و داهاتووی خۆیان دیاری بکەن.