وشکەساڵی چین دەگرێتەوە.. زیانی ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری پێگەیاندووە

چین ئەمساڵ یەکەم ئاگادارکردنەوەی نیشتمانیی خۆی لەبارەی وشکەساڵیی دەرکرد، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و وشکبوونی زیاتر لە ٦٦ ڕووبار، زیانی زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری لە پەکین داوە.

ناوەندی هەواڵ

 

درەنگانی ئێوارەی دوێنێ حکومەتی چین "ئاگاداری زەرد"ی نیشتمانیی دەرکرد، ئەوەش دوای ئەوەی چەند هەفتەیەکی گەرمای بەتین بەشێک لە سیچوان لە باشووری ڕۆژئاوا تا شەنگەهای لە دێڵتای یانگتزە گرتووەتەوە.

 

ئاگاداریی زەرد دوو پلە لە خوار جددییترین هۆشدارییەوەیە لە پێوەری چیندا، بەرپرسانی حکومەت هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا.

 

ئاژانسی هەواڵی شینخوا-ی چینیی ڕایگەیاندووە، دەریاچەی پۆیانگ کە یەکێکە لە دەریاچە گرنگەکانی سەر ڕووباری یانگتزێ لە هەرێمی جیانگشی ناوەڕاستی چین، ئێستا ڕێژەی ئاوەکەی بۆ چارەکێک لە قەبارەی ئاسایی خۆی کەمی کردووە.

 

ڕووبارەکانی چین بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا وشکی کردووە

ئەمڕۆ هەینیش تەلەفزیۆنی ناوەندیی چین ڕایگەیاند، کە ٦٦ ڕووبار لە سەرانسەری ٣٤ پارێزگای باشووری ڕۆژئاوای پارێزگای چۆنگچینگ وشکبوون.

 

بە پشتبەستن بە داتاکانی حکومەت، تەلەفزیۆنەکە ڕایگەیاندووە، بارانبارین لە شاری چۆنگچینگ ئەمساڵ بە بەراورد بە تێکڕای وەرزەکان، بەڕێژەی ٦٠٪ کەمیکردووە، هەروەها خاکی زۆرێک لە ناوچەکان بەدەست کەمیی شێ-وە دەناڵێنێت.

 

بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی کەشناسیی چین، دوێنێ پێنجشەممە پلەی گەرما لەو وڵاتە ٤٥ پلەی سیلیزیی بەخۆیەوە بینیوە، کە لە شارۆچکەی بەیبێی باکووری شاری چۆنگچینگ تۆمارکراوە.

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی شاری چۆنگچینگ لە پلەی شەشەمی ڕیزبەندی ١٠ گەرمترین ناوچەکانی چینی گرتووە، وە پلەکانی گەرما لە شاری شەنگەهای گەیشتووە ٣٧ پلەی سیلیزیی.

 

ژێرخان و خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکان لە چۆنگچینگ کەوتوونەتە ژێر فشارێکی زیاترەوە، ئاگرکوژێنەوەکان لە ئامادەباشییەکی زۆردان، چونکە ئاگرکەوتنەوە لە شاخ و دارستانەکانی سەرتاسەری ناوچەکەدا چڕبووەتەوە.

 

دوێنێش وەزارەتی فریاکەوتنی چین بڵاویکردەوە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما تەنها لە مانگی تەمموزدا بووەتە هۆی زیانێکی زۆری دارایی، کە بە ٢.٧٣ ملیۆن یوان (٤٠٠ ملیۆن دۆلار) مەزەندە کراوە.