"ژیانمان بەندە بە ژیانی سروشتەوە"

عاشقانی سروشت، ئەوانەن کە لەڕووی ماددی و مەعنەویەوە بەبێ هیچ نیازێک خۆیان بۆ پاراستنی ژینگە تەرخان دەکەن، چونکە پێیان وایە ژیانمان بەندە بە ژیانی سروشت و زەویەوە.

هیما راد

 

سنە- مرۆڤ بەبێ گوێدانە دەرئەنجامی کردارەکانی، بەهۆی لەناوچوونی ژینگە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی درێغی ناکەن، تا ئێستا ئەگەر ژێنگه‌پارێزان نەبوایە هیچ شتێک لە ژینگە نەمابووەوە، چونکە ئەوان بە بێ هیچ بەرژەوەندییەک کات و وزەی خۆیان بۆ پاراستنی تەرخاندەکەن.

 

سۆهەیلا، چەندین ساڵ لە ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ گرنگیدان و زیندوو ڕاگرتنی سروشت، بۆ ئاژانسی نوژنها دواو وتی: من سۆهەیلا سۆلیم، عاشقی سروشتم، ماوەی ١٢ بۆ ١٣ ساڵە کاری پاراستنی ژینگەیی دەکەم و لە ساڵی ٢٠١٥ دەستم بە کارکردن کرد لە دەوروبەری ئاویه‌ر، لە سەرەتادا دوو ساڵ لەگەڵ براکەمدا بە شێوەیەکی کەسی چالاک بووین، دوای ئەوەش گروپێکمان پێکهێنا.

 

"ژمارەی نەمامەکان لە ئێستادا زیادی کردووە "

سۆهەیلا سۆلی دەڵێت: زۆر کەس دێن بۆ یارمەتیدان، بەڵام دوای ماوەیەک لە کار بێزار دەبن، هەروەها کەسانێک هەن کە جێگیرن و ئەم هەموو ساڵە پێکەوە کارمان کردووە و لەگەڵمان ماونەتەوە، ماوەی سێ ساڵە لە ڕێگەی شارەوانییەوە داواکارییەکەمان قبوڵکراوە کە بەردەوام لە ڕێگەی بۆری ئاو لە گوێزە کوێر کە یەکێکە لە شاخەکانی ئاویەر ئاوی نەمامەکان دەدرێت، ئێستاش چل و پێنج لقی ئاو هەیە بۆ ئاودانی چەند هێکتارێک زەوی.

 

سۆهەیلا سۆلی لە لیژنەی پاککردنەوەی دەوروبەری سنە و چیای ئاویەر و بەنداوی قشڵاق چالاک بووە، هەروەها لە زۆر شوێنی دیکەی ئاویەر چالاک بووە لە چاندنی نەمام، بەڵام چالاکی سەرەکی لە دەوروبەری گوێزە کوێر بووە و نەمامەکانی کە ئەوان بەکاریدەهێنن بریتین لە نەمامەکانی زاگرۆس و نزیکەی دە بۆ دوانزە جۆر لە نەمامەکانی زاگرۆس بەکاردەهێنرێن.

 

" کاری من و ئەندامانی گروپەکە خۆبەخشانەن بێ هیچ بەرژەوەندییەکی مادی"

سۆهەیلا بەهۆی گرنگیدان بە ژینگە، خەریکی خوێندنی ئەندازیاری ژینگەیە، چونکە دەیەوێت کارەکانی لە ڕوانگەی زانستییەوە وەربگیرێت و ڕەخنەیان لێ نەگیرێت، و دەڵێت: کاری من و ئەندامانی گروپەکە خۆبەخشانەیە و تەنها بۆ نۆژەنکردنەوەی سروشتە، ئێمە چەندین جار لەلایەنی خۆمانەوە پارەشمان داوە سەرباری سەختییەکانی ژیانی خۆمان بەڵام بۆ ئێمە سەختییەکانیشی چێژبەخشن.

 

 کەسانێک هەن کە نەمامەکان دەشکێنن یان بێ ڕێزی بەرامبەردەکەن، لەگەڵ ئەم هەموو خۆشی و ناخۆشییەدا ئامانجمان ئەوەیە بتوانین هەنگاوێکی بچووک بەرەو نۆژەنکردنەوەی سروشت هەڵبگرین.

 

" ئەرخەوانەکان گوڵیان کردووە، واتە ئەنجامی هەبووە "

سەبارەت بە ئامانج و خواستەکانیش سۆهەیلا دەڵێت: ئاواتی من ئەوەیە کە شارەوانی لێرە ئاودێری قه‌تره‌یی دابین بکات، چونکە لێرە ئاوێکی زۆر هەیە و دەتوانرێت بە باشترین شێوە بەکاری بهێنین، وە ئەگەر ئەمە بکرێت دەتوانین ئاگاداری بین.

 

کارەکانمان لێرە خەریکە تەواو دەبێت، چەند ساڵێکە نەمامەکان چێنراون و گوڵە ئه‌رخه‌وانه‌کان گوڵیان کردووە، واتە بەرهەمی هەیە و ئەگەر شارەوانی ئاودێری قه‌تره‌یی دابین بکات کە پێویستی بە هەوڵێکی زۆر نییە، دەتوانین بگەینە شوێنەکانی تر و هەوڵی بوژاندنەوەی بدەین.

 

مەبەست لەم کارە پارێزگاریکردنی سروشتە

سۆهەیلا لەکاتی چاندنی نەمامێکی بەڕوو دەڵێت ئەم ڕووەکە گەڵای پانی هەیە و ڕەگەکانی ئاو هەڵدەگرن و گەڵاکانی ئۆکسجین بەرهەم دەهێنن و بۆ سروشت زۆر بەسوودە، ئەم نەمامانە پێویستی بە چەند ساڵێک ئاگاداری هەیە، و دوای ئەوەی ڕەگی لە زەوییەکە پتەو دەکات چیتر پێویستیكی وه‌های نابێت، یەکێکە لە باشترین جۆرەکانی نەمام کە دەتوانرێت لە زاگرۆس بچێنرێت.

 

لە کۆتاییدا دەشڵێت: مەبەست لەم کارە خزمەتکردنی سروشتە، چونکە ژیانمان بەندە بە ژیانی سروشتەوە، ئەگەر سروشت نەبێت

مرۆڤ لەناو دەچێت.