"تورکیا ئامانجی تێکدان، بە تاڵانبردن و ناشرینکردنی سروشتی کوردستانە"
ژنانی ژینگەدۆست ئیدانە و شەرمەزاری بڕینەوەی دارەکانی کوردستان، گرتنەوەی ئاو، داگیرکارییەکانی تورکیا لە کوردستان دەکەن.
ژنانی ژینگەدۆست ئیدانە و شەرمەزاری بڕینەوەی دارەکانی کوردستان، گرتنەوەی ئاو، داگیرکارییەکانی تورکیا لە کوردستان دەکەن.
هەوار محەمەد
سەیدسادق- ژنانی گەنج لە ڕێکخراوی "ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە" هۆشداری بە هاوڵاتیانی کوردستان دەدەن کە چاوداخستن لە بەرامبەر کاولکاری و بڕینی درەختەکان و سوتانی ژینگەی کوردستان لەلایەن دەوڵەتانی دراوسێی داگیرکار و تایبەت تورکیا، لە داهاتوو کارەسات دەخوڵقێنێت، داوا لە ژنان و گەورە و بچوکی هاوڵاتیانی کوردستان و لایەنە بەرپرسەکان دەکەن ژینگەی کوردستانیان خۆشبوێت و بیپارێزن.
دەوڵەتی تورکیا لە دوای ساڵی ١٩٩١ و دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەردەوام لە هەوڵی تێکدان و داگیرکردنی باشوری کوردستاندا بووە، بە سوتانی گوند، ڕەز و باخ و زەوییە کشتوکاڵییەکان، تۆپبارانی بەردەوام و لە ناوبردنی مەڕ و ماڵاتی گوندنشینان و ناچارکردنی گوندنشینان بە چۆڵکردنی گوندەکانیان، ئاوارەکردنیان، داگیرکردنی کەلتوری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی لە باشوری کوردستان، ماوەی دوو ساڵیشە بە بەردەوامی ڕۆژانە بڕی ٤٥٠ تۆن دار لە سنووری زاخۆ، بەرواری باڵا، گوندەکانی دەرییە داودییە، دەشتی بەشیر ئاغا، کەشان، باس ئاغا، کانی قەزە، گوندە مەسیحییەکان، ناوچەی خانتوور و هەفتانین دەبڕدرێتەوە و بەرەو تورکیا بە تاڵانی دەبات و بازرگانی پێوە دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگا بۆ هاتن و چوونی سەربازان دروست دەکات و بنکە و بارەگای خۆی لە بەشێک لەو ناوچانە جێگیردەکات.
دوای ئۆپەراسیۆنەی دەوڵەتی تورکیا لە ٢٣ی نیسانیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بێدەنگ بوون لە ئاست داگیرکارییەکان و نەیانتوانی هەڵوێستی خۆیان دژ بە هێرشەلامن بخەنە ڕوو، ژنانیش نیگەرانی خۆیان لە بێ هەڵوێستی لایەنە بەرپرسەکان دەردەبڕن و بێدەنگییان شەرمەزار دەکەن، داواش دەکەن ڕێ لە بڕینەوەی درەختەکان و داگیرکارییەکانی تورکیا بگرن.
لەم ڕاپۆرتەدا ژنانی گەنجی ژینگەدۆست لە ڕێکخراوی "ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە" لە قەزای پێنجوێن ئیدانەی ئەو کارە نامرۆڤانەی تورکیا دەکەن و بۆ ژنها دەدوێن.
"کوردستان ماڵی هەمووانە"
نیان لەتیف ئەندام لە ڕێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە وتی: ئەو کارەی تورکیا ئەنجامی دەدات لە بڕینەوەی دارەکان و سوتان و بە تاڵانبردن و گرتنەوەی ئاو کارێکی زۆر نامرۆڤانەیە، دژی ژینگە و هاوڵاتی ئەم هەرێمەیە، هەروەها کوردستان بە ماڵی هەمووان پێناسە دەکات و دەڵێت "ئەگەر ئێمە خۆمان بە خاوەنی ئەم وڵاتە بزانین، دەبێت هەرکەسێک هێرش بکاتە سەر ماڵەکەمان هیچ یەکێک لە ئێمە قبوڵی نەکات، بۆیە ئەم وڵاتەش ماڵی ئێمەیە و پێویستە هەڵوێستمان هەبێت و دژی ئەم داگیرکارییە بووەستینەوە.
لە بەشێکیتری قسەکانیدا نیان ئاماژەی بەوەدا ئەگەر ئێمە بێدەنگ بین، بێدەنگییەکەمان ناشرەینتر دەبێت لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، دەربارەی بێدەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە ئاست داگیرکارییەکانی تورکیا وتی: سەرۆک و حکومەت بەرپرسی یەکەمی وڵاتن و ئەبێ هەڵوێستی هەبێت وکاتێک سەرۆک هەڵوێستی نەبێت، دەبێت لەئاست کەموکوڕیدا شەرمەزاربێت،وە شەرمەزارییە بۆ ئێمەش کاتێک بێدەنگ دەبین .
"گرنگە ژنان هەڵوێستیان هەبێت"
لەبارەی هەڵوێستی ژنانیشەوە ئەو چالاکوانە باسی لەوەکرد هەڵوێستی ژنان گرنگە و ڕەخنەش لە کۆمەڵگەی کوردی دەگرێت کە دەربارەی پرسەکانی کۆمەڵگە و نیشتمان بەتایبەت بواری ژینگەیی چاومان لە پرسەکان و وێرانکارییەکان و ناشرینکردنی ژینگەکەمان دادەخەین و نازانین چ کارەساتێکە و بێئاگاین لە چەند ساڵی داهاتودا چی شتێک ڕوودەدات.
نیان لە کۆتای لێدوانەکیدا ئاماژەی بەوەدا ئامانجی تورکیا ئەوەیە، لە بەرامبەر بێدەنگبوونی ئێمە ئەو زیاتر کار بۆ ئەوە دەکات کورد سەرشۆڕ بکات و کەم بکاتەوە، سود لە بێهەڵوێستی ئێمە وەردەگرێت کە وڵاتەکەمان وێران و ناشرین بکات و سوکایەتی بە هاوڵاتی ئەم نیشتمانە بکات.
"پێویستە ڕێگربین لە داگیرکاری و کاولکاری کوردستان"
سیڤا عەلی ژینگەپارێز و ئەندامی ڕێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگەیە و ئاماژەی بە کار و چالاکی ڕێکخراوەکەیان دا: ئامانجمان لەم ڕێکخراوەدا پاراستنی ژینگە و هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیانە بۆ پارێزگاری لە ژینگە، بەتایبەت دارستانەکان، هەروەها پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو لە کانی و کانیاوەکان، دەربارەی دارستانەکانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد بەهۆی بڕینەوەی ڕێژەی زۆری دارەکانەوە دارستانەکان بەرەو لە ناوچوون دەڕوات، پیویستە حکومەت ڕۆڵی بەرچاوی هەبێت لە پارێزگاریکردن لە سروشت و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، ڕێگەش لەو داگیرکاری و کاولکارییە بگرن کە بەرامبەر سروشت و ژینگەی کوردستان دەکرێت لەلایەن تورکیا و وڵاتانی دراوسێوە.
سیڤا عەلی دەربارەی بڕینەوەی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: ئەوە بازرگانییە کە تورکیا بەو دارانەوە دەیکات، هیچ سودێکی بۆ ئێمە نییە، جگە لەوەی کە دەبێتە هۆی تێکدانی سروشتەکە و تورکیا تەنیا ئامانجی تێکدان و بە تاڵانبردن و ناشرینکردنی سروشتی کوردستانە، داوا لە ژنانیش دەکات سروشتیان خۆشبوێت و پارێزگاری لێ بکەن.
ئەو ژینگەپارێزە دەشڵیت: ئەگەر هەروا بێدەنگ بین مەترسییە و وابڕوات لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەو سروشتە جوانەی لە کوردستاندا هەیە بوونی نامێنێت و لەناودەچێت.
ت.پ