سیاسەتی ژینگەیی لە باکووری کوردستان خەریکە دەبێتە ئامرازێک بۆ دووبارە داڕشتنەوەی کۆمەڵگە
پرۆژەی بەنداو، کانگا، گەرمی زەوی (JES)، وزەی خۆر (GES)، وێستگەی کارەبای ئاو (HES) لە باکووری کوردستان بوونەتە جۆرێک لە لەناوبردنی سیستەمی ژینگەیی.
ئەکین ستێرک
ئامەد- لەم ساڵانەی دواییدا جوگرافیای باکووری کوردستان نەک تەنها گفتوگۆی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵکو قەیرانی ژینگەیی بە خێرایی پەرەسەندنی بەخۆیەوە بینیوە، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی داواکارییەکانی هەڵسەنگاندنی کاریگەریی ژینگەیی (EIA) و پێدانی مۆڵەتی نوێی کانگاکان و پەرەپێدانی پڕۆژەکانی وزە، چیا و دارستان و سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچەکە بوونەتە ئامانج بۆ وەبەرهێنانی سەرمایە.
تاڵانکردنی سروشت لە باکووری کوردستان بەردەوامە، بەتایبەتی لە ماوەی گفتوگۆی بەردەوام سەبارەت بە "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک".
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، لە ساڵانی ڕابردوودا سەدان مۆڵەتی کانگاکردن دراوە، جگە لە جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی وێستگەی کارەبای بەنداو و کارەبای ئاو و گەرمی زەوی، لە نێوان ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤و ٩ی ئابی ٢٠٢٥، کۆی گشتی ٢٢٠٧داواکاری هەڵسەنگاندنی کاریگەریی ژینگەیی (EIA) پێشکەش بە وەزارەتی ژینگە و پلاندانانی شار و گۆڕانی کەشوهەوا لە سەرانسەری پارێزگا لە ٢٤شاری باکووری کوردستان کراوە.
لەو داواکاریانە، ٦٢٥ پڕۆژە بڕیاری "بێ هەڵسەنگاندنی کاریگەرییە ژینگەییەکان"یان وەرگرتووە، لە کاتێکدا ١٤٩ پڕۆژە ڕەزامەندی هەڵسەنگاندنی کاریگەرییە ژینگەییەکانیان وەرگرتووە، لە شارەکانی سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان لانیکەم ٦٨وێستگەی کارەبای زەوی (JES) و ٧٧٦ وێستگەی کارەبای ئاو (HES) هەیە، لەکاتێکدا ژمارەی وردی پڕۆژەکانی وزەی خۆر (GES) نادیارە.
ئامانجکردنی یادەوەری کۆمەڵگە

گوڵشان بیرەر، چالاکوانی ژینگە، خەڵکی ئامەد لە باکووری کوردستان، هەڵسەنگاندنەکانی سەبارەت بە تێکدانی ژینگەیی بەردەوام لە ناوچەکە پێشکەش کرد، وتی: پڕۆژەکانی بەنداو و وزە و کانگا کە لە ژێر پەردەی سیاسەتی ئەمنیدا جێبەجێ دەکرێن، وێرانکارییەکی بەرچاوی ژینگەیی لێدەکەوێتەوە، هەرەها ئەم سیاسەتانە یادەوەری بەکۆمەڵیش دەکەنە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دروستکردنی بەنداوەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لە دوای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە، بە پلەی یەکەم لەسەر بنەمای سیاسەتی ئەمنی بووە، میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردنی ڕووبارەکان، گەڕان بەدوای نەوت و کانزاکان و وێستگەکانی کارەبای گەرمی زەوی (JES)، وزەی خۆر(GES) و کارەبای ئاو (HES) لە ژێر ئاڵای "وزەی سەوزدا" ڕەوا بوون، ئەم پڕۆژانە بوونەتە هۆی لەناوبردنی سیستماتیکی سروشت و ورتی: بەم شێوەیە کوردستان تووشی جینۆسایدی ژینگەیی سیستماتیک بووە.
جەختی لەوە کردەوە، کە سەردەمی سەرمایەداری مافی پێکهاتە ناوخۆییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی سامانە سروشتییەکانیان سنووردار دەکات و دەستێوەردانی سەرمایەداری لە ناوچەکەدا لەم ساڵانەی دواییدا زیادی کردووە، کە ئەمەش بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان سەبارەت بە پرۆسەکانی دیموکراتی.
"کاڵاکردنی سروشت"
ئاماژەی بەوەشکرد، چالاکوانان و کرێکارانی ژینگە چاودێری چەندین پڕۆژە دەکەن لەسەر بنەمای داواکاری ناوخۆیی، هەڵسەنگاندنی کاریگەریی ژینگەیی (EIA) بەبێ ستانداردی زانستی و بە شێوەیەکی لایەنگری ئەنجام دەدرێت و سروشت بووەتە ئامرازێکی قازانج، لەگەڵیدا، ئەو قازانجەی بەدەست دێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وزەی دانیشتووان بەکارناهێنرێت، بەڵکو بۆ دەوڵەمەندکردنی کۆمپانیا تایبەتەکان بەکاردێت.
ڕوونیکردەوە، کە هەر دەستێوەردانێکی گەورە لە شوێنێکی دیاریکراودا نەک تەنها کاریگەری لەسەر ناوچەیەکی دیاریکراو هەیە، بەڵکو کاریگەری لەسەر تەواوی ئیکۆسیستەمەکە هەیە، پەرتەوازەیی شوێنی نیشتەجێبوون و گۆڕانی کەشوهەوا دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەم دەستێوەردانانەن.
"ئیکۆلۆژی زانستێکی بایۆلۆژییە"
وتیشی: ئیکۆلۆژیا لە خۆیدا تەنها کێشەیەکی ژینگەیی نییە، بەڵکو زانستی کایەی بایۆلۆژییە، کاتێک دەوترێت کایەی بایۆلۆژی مەبەستمان تەنها مرۆڤ نییە، بەڵکو مەبەستمان لە ئاژەڵ و خاک و ڕووبار و هەموو ڕێڕەوی ئاوەکانیشە، لەناوبردنی ژینگە دەستێوەردانێکی ڕاستەوخۆیە لە ژیاندا، تێکدانی ئەو هاوسەنگییە لاوازەیە کە سروشت لە ماوەیەکی زۆردا دروستی کردووە.

"ژیانی گوندنشینی پارێزگاری لە کولتوور و زمان دەکات"
ڕوونیشی کردەوە، کە ژینگە بەشێکی بناغی شوناسی کۆمەڵایەتییە، هەروەها کۆمەڵگەی کوردی خاوەنی یادەوەرییەکی ژینگەیی بەهێزە کە شاخ و ڕووبار و شوێنی نیشتەجێبوون لە قاڵب دەداتەوە، یەکێک لە ڕێگا کاریگەرەکان بۆ هەڵوەشاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگەیەک، ئامانجکردنی شوناسە ژینگەیییەکەیە، لەناوبردنی یادەوەری ژینگەیی وەک ئامرازێک بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگە زیاتر گونجاوتر و کۆنترۆڵکراو بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییە ژینگەییەکان بەرخۆدان و ئازادیش دروستدەکەن و پەیوەندی کۆمەڵگەکان بە ژینگەی سروشتی خۆیانەوە میکانیزمێکی گرنگی بەرگریکردن لە بەرامبەر جۆرەکانی ستەمکردن پێکدەهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕژێم لە شارەکاندا سەرکەوتووترە لە بەرهەمهێنانەوەی خۆیدا، لە کاتێکدا زمان و کولتوور و ژیانی ژینگەیی لە ناوچە گوندنشینەکاندا بەهێزتر دەمێنێتەوە، سیاسەتەکانی لەناوبردنی ژینگەش ئامانجیان ئاوارەکردنی دانیشتووانەکانە لە ماڵەکانیان، کە ئەمەش یادەوەری کولتووری و کۆمەڵایەتی لاواز دەکات، هێرشەکان لە ناوچە گوندنشینەکاندا چڕبوونەتەوە کە زمان و کولتوور و ناسنامە بە بەهێزترین شێوە ئامادەن، لەگەڵیشیدا،ئاماژەی بە نموونەکانی لەناوبردنی ژینگە لە ڤارتۆ و بیریجمان کرد وەک بەڵگەیەکی ڕوون.
“ئێمە خەبات لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان فراوانتر دەکەین”
دووپاتیکردەوە، کە کارکردن لەسەر پڕۆژەی نوێ بەردەوامە، ڕێکخستنی مەیدانی بەرخۆدان لە وەڵامی داواکارییەکانی دانیشتوانی ناوچەکە، کارکردن لە ڕێگەی کۆمین و ئەنجومەنەکانەوە بۆ فراوانکردنی خەباتی ژینگەیی، جگە لە ڕێکخستنی وۆرک شۆپی مەشق بۆ بونیادنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لە نێوان ناوچە گوندنشینەکان و شارەکاندا.
جەختی لەسەر پێویستی پەرەپێدانی نموونەی جێگرەوەیکردەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی شێوازی ژیانی سەپێنراو لەلایەن سیستەمی سەرمایەدارییەوە و وتی: جێگرەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتی وەڵامێکی چارەنووسساز پێشکەش بەم ڕاستیە دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کۆمەڵگەیانەی لەڕێگەی ئەنجومەن و کۆمینە ناوخۆییەکانەوە خۆیان بەڕێوەدەبەن، ئابووریی خۆیان بونیاد بنێن، دەتوانن بەرەنگاری دەستێوەردانەکانی سەرەوە بۆ خوارەوە ببنەوە، وەک بەرگریکارانی ژیان، بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی سیاسەتەکانی لەناوبردن، بەو هێزەی کە هۆشیاری ژینگەیی و میراسی مێژوویی پێمان دەبەخشێت، ڕێگە نادەین سەرکەوتووبن.