سلێمانی، کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە ژینگەی کوردستان ئەنجامدرا

لەلایەن ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت و ڕێکخراوی سروشتی کوردستان بە بەشداری کەنەکە، کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاری سەبارەت بە ژینگەی کوردستان و گرنگی کاری پێکەوەیی بۆ پاراستنی ئەنجامدرا.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت لە سلێمانی کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری لەنێوان چالاکوانان، پسپۆڕانی ژینگە و ڕێکخراوە ژینگەییەکان بە ناونیشانی "ژینگەی کوردستان پێویستی بە کاری پێکەوەییە" ئەنجامدرا.

 

لە کۆبووەنەوەکەدا نوێنەری چەندین ڕێکخراوی ژینگەیی و مامۆستای زانکۆی بواری ژینگە تێیدا بەشداربوون، لەسەرەتاشدا لەلایەن شەهلا حەفید بەرپرسی کۆمیتەی ژینگە لە کەنەکەدا وتەی کۆنگرەی نەتەوەی کورد- کەنەکە پێشکەشکرا، تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە دەستدرێژی دوژمن کراوەتە سەر خاک، تەنانەت ئاو دەگیرێتەوە.

 

دواتر سیمینارێک بەناوی "سوتاندن و لەناوبردنی دارستانەکان و کاریگەری لەسەر ژینگە" لەلایەن د.ڕێزان عومەر پێشکەشکرا، باس لە کاریگەرییەکانی سوتانی دارستانەکان لەسەر ئاستی جیهان و هەرێمی کوردستان کرا، دواتر لەلایەن بەشداربوان گفتوگۆ کرا.

 

هاوکات باس لە دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورکیا کرا، کە ئاوی ڕووبارەکان دەگرێتەوە و دارستانەکانی باشوری کوردستان لەناو دەبات و زیانێکی زۆری بە ژینگەی کوردستان گەیاندووە، دواتر لەبارەی ئاسایشی ئاو لە باشوری کوردستان سیمیناری دوەەم پێشکەشکرا.

 

شەهلا حەفید، بەپرسی کۆمیتەی ژینگە لە کەنەکەدا  لەبارەی کۆبونەوەکە وتی: "لێرەین بە مەبەستی ئەوەی تۆڕێکی هاوبەش و هاریکاری دروست بکەین و بشبێتە نمونە بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان، پێکەوە گرێی بدەین بەوڵاتانی دراسێ کە هەمان کێشەی ژینگەیان هەیە وەک میسر و ئوردون و عێراقیش، مەبەستمان ئەوەیە کە مرۆڤیش وەک تاک کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبێت لەسەر ژینگە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دەیانەوێت هۆشیاری لەناو هاووڵاتیان بڵاوببێتەوە کە هەموو تاکێک هەست بە بەرپرسیاریەتی بکات بەرامبەر ژینگەو بیپاریزێت، نەبونی ژینگە و نەبونی ئاو ئەبێتە هۆی ئەوەی ژیانی تیا نامێنێت، بەو هۆیەشەوەی کۆچبەری زیاد دەکات و جەنگیشی لێ دەکەوێتەوە.