سەحەر ڕەشید: جەنگ خاک و خۆراک پیس دەکات باشترین چارەسەر وازهێنانە لە خۆراکی هاوردە
جەنگ کاریگەری دەکاتە سەر خاک و خۆراک وایکردووە هاوڵاتیان بترسن لە کڕینی بەرووبومی بەهارەو لێکردنەوەیەوەیان، پرۆفیسۆر سەحەر ڕەشید دەڵێت: جەنگ خاک و خۆراک پیس دەکات، باشترین چارەسەر وازهێنانە لە خۆراکی هاوردە لە ئێرانەوەو گەڕانەوەیە بۆ بەرهەمی ناوخۆ.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە- شەڕ لە ڕێگەی چڕبوونەوەی فیزیکی و کانیاو و پیسبوونی کیمیایی بەهۆی کانزا قورسەکان و تەقەمەنیەکانەوە، خاک تیکدەدات و زەوی کشتوکاڵی دەکاتە بەکارنەهێنراو، زیانێکی درێژخایەن بەجێدەهێڵێت، ئەم وێرانکارییە لەگەڵ تێکچوونی ژێرخانی و تێکچوونی بەرهەمهێنان، دەبێتە هۆی نائاسایشی خۆراکی بەرفراوان و برسێتی ناوخۆیی و پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی جیهانی.
ڕژانی سووتەمەنی و پیسبوونی ماددە کیمیاییەکان کوالیتی خاک تێکدەدەن، زیانەکان دەتوانن بۆ دەیان ساڵ بەردەوام بن، وەک لە ململانێ مێژووییەکان دەبیندرێت.
سەبارەت بە شەڕی ئێران و ئیسرائیل- ئەمریکا کە کاریگەری لەسەر خاکی کوردستان هەیە، پرۆفیسۆر سەحەر رەشید، پسپۆری زانستی خۆراک بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو باسی لەکاریگەریەکانی جەنگ کرد لە سەر ژینگەو خۆراک و خاک و وتی: ئەگەر باس لە کاریگەرە ژینگەییەکانی جەنگ بکەین بزانین بە چ شێوازیک روو لە ناوچەکە کردوە بزانین کاریگەری هەیە لەسەر ژینگەمان، زنجیرەی خۆراکمان و ژیانمان ئەوا دەبێت بڵێین، جەنگ کاریگەری زۆری هەیە لەسەر ژیانمان، ژینگە بێدەنگترین قوربانی جەنگە و ئێمەی مرۆڤ کاتێک جەنگ ڕوودەدات دەتوانین خۆمان بڕۆینە پەناگایەک و بەرەو جێگەیەک ڕابکەین، کۆچ بکەین، بەڵام ژینگە بە بێدەنگی دەبێتە قوربانی.
جەنگ و کاریگەریەکانی لەسەر ژینگە
پرۆفیسۆر سەحەر ڕەشید وتیشی: ژینگەی ئیمە لە خاک و لە ئاو پێکدێت، راستەوخۆ جەنگ کاریگەری هەیە لەسەر خاک و ئاومان، لە ئێستادا کە جەنگ هەیە دوکەڵێکی ڕەش دەبینین لە ئاسمانداو کێلگە نەوتیەکان دەسووتێن و فڕۆکەکان بە بەردەوامی دێن و دەڕۆن و بە بەردەوام هۆکاری پیس بوونی هەوان، بە چ شێوازێک کاتێک دەبینین فرۆکەیەک بەبەردەوامی دێت و دەڕوات ئەو سووتەمەنییەی دەیسووتێنێت پیسیە بۆ ژینگە، هەروەها بۆردوومان کردنی کێڵگەکان و دوکەڵەکەی هەزاران کیلۆمەتر دەبڕێت، جەنگ تەنها کاریگەیری لەسەر ئەو ناوچەیە نییە بەڵکو کاریگەری هەیە بۆ سەر دەورووبەر بە چەندان کیلۆمەتر دەبڕێت، بۆیە جەنگ تەنها کاریگەری لەسەر یەک شوێن نییە بەڵکو کاریگەرییەکی دوور مەودای هەیە.
"جەنگ خاک و خۆراک پیس دەکات"
سەحەر ڕەشید بە وردی و قووڵیەوە باسی لە جەنگ و کاریگەرییەکانی کردو وتی: پاشماوەی جەنگ دەچێتە ناو خاک و پیسی دەکات و دەچێتە ناو زنجیرەی خۆراک، ئەو ماددانەی لەناو خاکن و دەچنە ناو خاک و خۆراک پیس دەبێت، چونکە دەچنە قوڵاییی خاک، ئاوو ڕووەک و گیانەوەران و دێنە ناو زنجیرەی خۆراک، هەروەها ئاو قوربانیەکی ترەو بوونی بارانی زۆر لە کوردستان بو بە ڕەحمەت، بەڵام لە و جێگایانەی جەنگ هەیە دەگۆڕێت و دەبێتە بارانی ترش، ئەمەش زیانی لەسەر کێڵگەو خۆراک و مرۆڤ هەیە، زیانی هەیە بۆ ڕووبارو زیانەکەی دریژە، بارانی ترش لەسەر خاک ماددە کیمیاییەکان دەباتە خاک و ماددە چالاکەکانی دەشواتەوەو وەکو ئەلەمنیوم خاکەکە ژەهراوی دەکات و ئەمەش وادەکات ناتوانی بۆ کشتوکال بەکاری بهێنیت، ئاوی شیرین پیس دەکات، وەک کوردستان دوورین و ڕاستە فرۆکە لە ئاسمان دەبینین بەڵام پاشماوەی جەنگ لە هەوادا هەیەو بارانەکە وایکرد بیشواتەوەو بەچڕی نەمایەوە تاوەکو مەترسیدار بێت، ئیمە دەرگایەکمان لێ داخرا بەڵام بە زۆربوونی باران دەرگایەکمان لێ کرایەوە.
"باشترین چارەسەر وازهێنانە لە خۆراکی هاوردە لە ئێرانەوە"
لە کۆتایی قسەکانیدا سەحەر ڕەشید وتی: ئێستا لە بارودۆخێکین دەبێت کاری بۆ بکەین، باشترین چارەسەر وازهێنانە لە خۆراکی هاوردە بەتایبەت ئێران، کوردستان خاوەنی خاک و ئاوی پاکیزەیەو جوتیارەکان خۆیان دەتوانن بەرهەم بهێنن. تاوەکو سفرەکانمان پاک و خاوێن بن، هەروەها لایەنی پەیوەندیدار پشتگیری جوتیار بکات، ڕووبارو ئاوەکانمان سەرچاروەی ئاوی باشن وهۆکاری سیاسی وەلا بنێن و ئاو پاشەکەوت بکەن تا سوودی لێ ببینین، بەم جۆرە کاریگەرییەکان زۆرن بەڵام کوردستان پارێزراوەو پێویستە هەر تاکێک پلان دەبڕێژێت و بگەڕێنەوە بۆ ژیان، دەتوانین لەئێستادا بگەڕێینەوە بۆ گیا بەهاریەکان و لە ڕووەکی هاوردە کراو دوور بکەوینەوە.