نەمامگەی "شەهید ڕۆژەنگ": پڕۆژەیەک بۆ بەرزکردنەوەی کەشی سەوز لە کۆبانێ
گرنگیدان بە کەشی سەوز نیشاندەری هۆشیاری ژینگەیی کۆمەڵگەیەکە، لە کۆبانێ نەمامگەی "شەهید ڕۆژەنگ" وەک یەکێک لە گەورەترین نەمامگەکان دیارە کە جۆرەها نەمام و گوڵی جیاواز بۆ شارەکە دابین دەکات.
نورشان عەبدی
کۆبانێ-نەمامگەی "شەهید ڕۆژەنگ" بە ئامانجی فراوانکردنی کەشی سەوزایی و بەرەوپێشبردنی کولتووری پاک و خاوێنی ژینگەیی، وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ دارستان و نەمام، هەروەها جۆرەها گوڵی جیاواز، بەشدارە لە جوانکردنی کۆبانێ و پاڵپشتیکردنی ڕووەکەکانی.
بوونی نەمامگە لە شارەکاندا هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی ژینگە، بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی بەرچاویان لە زیادکردنی شوێنە سەوزەکان و باشترکردنی کوالیتی هەوا و دیمەنی گشتی شارەکان، هەروەها ئەم دامەزراوانە بەشدارن لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی و هاندانی بەشداری کۆمەڵگە لە پڕۆژەکانی دارستانکردن و چاندنی گوڵ بۆ جوانکردنی شارەکان و بەرزکردنەوەی سیمای شارستانییان.
لەو چوارچێوەیەدا، دەسەڵاتی ژینگەی کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٤دا نەمامگەی "شەهید ڕۆژەنگ جودی"ی کردەوە، کە نوێنەرایەتی زیادکردنێکی بەنرخ دەکات بۆ هەوڵەکانی ژینگەپارێزی لە ناوچەکەدا، ١٣ دۆنم لەناو دارستانی کۆبانێدا دەگرێتەوە، نەمامگەکە هەزاران نەمام و دارستانی تێدایە، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە گوڵی دیکەی جۆرە جیاوازەکان، ئەمەش وایکردووە ببێتە ناوەندێکی گرنگ بۆ بەرهەمهێنانی نەمام و پاڵپشتیکردنی دەستپێشخەرییەکانی دارستانسازی ناوخۆیی.
"نەمامگەی ڕۆژەنگ سۆزێکی تایبەت بە شارەکە دەبەخشێت"
جیهان محەمەد، بەڕێوەبەری نەمامگەکە وتی: باسکردنی گوڵ وێنەی ژیان و سروشت بیردەهێنێتەوە، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین نەمامگەکانی گوڵ و نەمامەکان وەک بەهەشت وایە لەسەر زەوی.
ڕووینیکردەوە، دەسەڵاتی ژینگە گرنگییەکی زۆر بە فراوانکردنی کەشی سەوزایی و زیادکردنی ژمارەی نەمامگەکانی کۆبانێ دەدات، هەر بۆیەش، سێ ساڵ لەمەوبەر، نەمامگەی "شەهید ڕۆژەنگ جودی"ی کردەوە کە دەکەوێتە دارستانی کۆبانێ.
نەمامگەکە هەزاران نەمامو دارستانی تێدایە، لەگەڵ هەزاران گوڵی دیکە، چ ئەوانەی لە ژوورەوە گەشە دەکەن، وەک لە ساڵۆنەکاندا، چ ئەوانەی لە تیشکی خۆردا گەشە دەکەن.
ئاماژە بەوە دەکات، کە بەرهەمەکانی نەمامگە نەک هەر دەفرۆشرێن بەڵکو بەبێ بەرامبەر دەدرێت بە دانیشتووان، هەزاران گوڵ و نامام دابەش دەکرێت بۆ ئەوەی لە ماڵ و باخەکانیاندا بیچێنن، ئامانج لێی زیادکردنی شوێنی سەوزاییە لە شەقام و ڕێگاکانی شارەکە و باشترکردنی سیمای گشتییە، نەمامگەکە هەزاران جۆری ڕووەکی تێدایە، کە ئەمەش وایکردووە ببێتە بەردی بناغەی بەرزکردنەوەی ژینگە و جوانی کۆبانێ.
جیهان محەمەد وتی: هەموو لقێکی سەوز، هەر گوڵێک و هەر نەمامێک کە لەم نەمامگە یان هەر شوێنێکی دیکەی شاردا دەچێنرێت، بە ناو و ڕۆحی شەهیدانی ئازادییەوە دەچێنرێت، لە پەیامێکدا کە پەیوەندی نێوان ژیان و یادەوەری و بەرخۆدان دووپات دەکاتەوە.
بە وردی باس لە هۆکارەکانی ناونانی نەمامگەکە دەکات، بۆ یادی هەر ژنێک کە ژیانی خۆی لە پێناو ئازادی نیشتمان و بونیادنانی ژیانێکی شکۆمەندانە بەخت کرد و بە تایبەتی بۆ یادی شەهید ڕۆژەنگ جودی کە ژیانی خۆی لە پێناو ئازادیی ئێمەدا بەخت کرد.
ڕۆژنگ جودی “ڕۆژەنگ حاجی کەرخۆ”، کچی شاری کۆبانێ، بۆ بەشداریکردن لە بونیادنانی ژیانێکی ئازاد و کەرامەت پەیوەندی بە تەڤگەری پەکەکە کردبوو، لەسەر ئەو ڕێبازەش ڕۆژی ١٢ی تەمووزی ٢٠١٩ لە ناوچەی گارێ لە هەرێمی کوردستان شەهید بوو.
"ژنان پەیوەندییەکی تایبەتیان بە سروشتەوە هەیە"
جیهان محەمەد ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو ژنانەی لە نەمامگە کاردەکەن بەشێکی سەرەکی گروپەکەن، چ لە بەڕێوەبردن و چ لە چاندنی گوڵ و ڕووەک و نەمام، هەروەها ئەو ژنە کرێکارانە هەوڵێکی زۆر دەدەن لە چاودێریکردنی ڕۆژانەی ڕووەکەکاندا، بە وردبینییەوە مامەڵە لەگەڵ نەمام و گەڵ و ڕووەکەکان دەکەن کە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونیانە بە سەرکەوتنی کارە ژینگەییەکان لە نەمامگەدا.
دووپاتی کردەوە، ئەو دە ژنەی کە لە نەمامگەکە کاردەکەن و ڕۆژانە ئاگاداری گوڵ و نەمامەکانن، بوونییان بۆتە بەشێکی گرنگ لە بەردەوامی و پاڵپشتیکردنی ئەم پڕۆژە ژینگەپارێزییە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، جیهان محەمەد، کارگێڕی نەمامگەکە وتی: نەمامگەی "شەهید ڕۆژەنگ جودی" پڕۆژەیەکە کە جوانی شارەکە بەرز دەکاتەوە و خزمەتگوزاری ڕاستەوخۆ پێشکەش بە دانیشتووانی شارەکە دەکات، هەروەها ئەوانەی ئارەزووی کڕینی گوڵیان هەیە، بەزۆری دەچنە ئەم نەمامگەیە بەهۆی جۆراوجۆری و کوالیتیەی پێشکەشی دەکات، دروستکردنی نیشتمانێکی جوان لە پاراستنی ژینگە و سروشت و زیادکردنی کەشی سەوزایی لە کۆبانێ دەستپێدەکات، چاندنی گوڵ سۆزێکی جیاواز بە شارەکە دەبەخشێت و زیندووتری دەکاتەوە.