نەبوونی ئاو، بێ پلانی حکومەتە؟ یاخود بەفیڕۆدانی ئاوە لەلایەن هاوڵاتیانەوە؟
هاوڵاتیانی شاری سلێمانی بەهۆی نەبوونی ئاو، ژیانیان سەخت بووە و بوونی قەیرانی دارایش وای کردووە توانای کڕینی ئاویان نەبێت، لە بەرامبەردا بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی دەڵێت کە کێشەی ئاو بوونی نییە بگرە هاوڵاتیان ئاوی زیادە بەفیڕۆ دەدەن.
شنیار بایز
سلێمانی_ عێراق و هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی خاوەنی چەندین ڕووبارن بەڵام یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی هاوڵاتیان نەبوونی ئاوە، بەتایبەت لەمساڵدا کە وشکەساڵی ڕووبەڕووی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بووەتەوە.
لەگەڵ ئەوەی حکومەت دەیتوانی پلانی پێشوەختەی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی وشکەساڵی و بێ ئاوی، بەڵام تا ئێستاش چارەسەرییەکی بنەڕەتی بۆ نەدۆزراوەتەوە، تەنانەت دابەشکردنی ئاویش لە نێوان گەڕەکەکانی شاری سلێمانیدا جیاوازی هەیە، هاوڵاتیانیش دەڵێن بە یەکجار ڕووبەڕووی قەیرانی ئابوری، بێ ئاو و کارەبا بوینەتەوە و توانای کڕینی بەرمیلێک ئاومان نییە تا پێی بژین.
"گەرمای هاوین و نەبوونی ئاو ژیانی سەخت کردووین"
گەوهەر سەعید، ژنێکی بەتەمەنە و لەگەڵ ئەوەی ژیانی لە دۆخێکی قورسدایە ڕووبەڕووی نەبوونی ئاویش بووەتەوە، دەڵێت: "هەفتەی تەنها یەکجار ئاوی گشتیمان یەتەوە، ئەو ئاوەش یەتەوە ڕێژەکەی هێندە کەمە بەشی پڕکردنی تەنکیەکانیان ناکات و دەبێت ئاو لە ماڵان ڕابکێشین.
گەوهەر وتی، لەم گەرمایەدا پێدانی ئەو بڕە ئاوە زۆر سەختە تا ژیانمانی پێ بەڕێبکەین، دەبێت داوا لە دراوسێکانمان بکەین ئاومان بداتێ و هاوکاریمان بکەن، توانای مادیشمان نییە تا بتوانن ئاو دابین بکەین.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا ئەگەر حکومەت توانای چارەسەرکردنی بێ ئاوی هەیە بەڵام نایکات، بە غەدرێکی گەورەش لە هاوڵاتییانی بەناوکرد.
"کە ئاو نەبوو شار واتە دێیەکی گەورە"
سروە دەروێش، ژنێکی دیکەی دانیشتوی گەڕەکی ئازادییە، ئاماژەی بەوەدا ٣ بۆ ٤ ڕۆژ جارێک ئاوی گشتیان دێتەوە، لە کاتێکدا دراوسێکەیان بە هەفتە ئاویان نییە، وتیشی: "بۆری گەڕەکەکەمان جیایە بۆیە ئێمە ئاومان هەیە و دراوسێکەمان بێ ئاون، ئەمە هەڵەی حکومەتە کە بۆری ماڵانی بەو شێوەیە دابەش کردووە.
لە درێژەی قسەکانیدا سروە جەختی لەوە کردەوە، ڕاستە سێ ڕۆژ جارێک ئاو یەتەوە، بەڵام ماوەی ١ کاتژمێر ئاو یەتەوە و هیچ بەش ناکات و کەس نازانێت بۆ کام لە پێداویستییەکان بەکاریبهێنێت.
هەروەها دەڵێت "لەگەڵ ئەوەی بێ ئاوین و ژیانمان قورس بووە، قەرزاری حکومەتیشین و پارەی کاتژمێرەکانی ئاومان پێ نادرێت".
"بیر نەبێت ژیانمان نابێت"
زەهرا حەمەئەمین، ئاماژەی بەوەدا بە گشتی هاوڵاتیان کێشەی ئاویان هەیە، داوای لە هاوڵاتیان کرد، وەک حکومەت هاوکاریمان ناکات دەبێت دراوسێکان هاوکاری یەکتری بکەن، تا ژیانی یەکتر ئاسان بکەین و بتوانین پێکەوە بژین، چونکە زۆرینەی ئەو ماڵانەی بیریان هەبووە بیرەکەیان وشکی کردووە.
دەشڵێت نازانین هۆکارەکەی نەبوونی پلانی حکومەتە یاخود کەمی باران بارین و هەبوونی وشکە ساڵییە.
"حکومەت گرنگی بە هیچ لایەنێکی خزمەتگوزاری نادات بۆ هاوڵاتیان"
نیشتیمان حەمەساڵح، خوێندکارێکە هۆکاری نەبوونی ئاو دەگەڕێنێتەوە بۆ بێ پلانی حکومەت و دەڵێت: "کەس بەم گەرمایە ناتوانێت بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ ئاوی نەبێت و بژی، بەڵام ئێمە بە ناچاری بە ڕێی دەکەین"، جەختی لەوە کردەوە ئەگەر حکومەت ئاو بەرباتەوە و ڕێڕەوی ئاوەکان بە یەکسانی دابەش بکات بەسەر ماڵەکاندا کەس بێ ئاو نەدەبوو.
هەروەها وتیشی نەک تەنها بۆ مەسەلەی ئاو بگرە حکومەت پلانی نییە بۆ هیچ خزمەتگوزارییەک، وەک ڕێگاوبان و کارەبا، زۆری تریش هەن، دانانی کاتژمێری ئاو کارێکی باشە، هاوڵاتی سەرپشکە لە بەکارهێنانی، بەڵام هەرکاتێک بەکاریبهێنێت پارەیەکی زۆری بۆ یەتەوە، هەر وەک نیشتیمان وتی بۆ یەک ڕۆژ ٦٢ هەزاریان بۆ هاتۆتەوە.
نیشتیمان، دروستکردنی بەنداو بە چارەسەرکردنی کێشەی کەمی ئاو دادەنێت.
"بە سێ ماڵ یەک ئاومان هەیە و توانای کڕینی ئاومان نییە"
مریەم عوسمان، دانیشتوی گەڕەکی ئازادییە و باسی لە بێ ئاوی ماڵەکەی کردوو وتی: "بەهۆی ئەوەی کار و کەسابەت نەماوە ناشتوانین ئاو بکڕین و دابینی بکەین، ماڵ و مناڵمان بەهۆی گەرماوە توشی نەخۆشی بوون، قەیرانی ئابوری هۆکارە بۆ دروستبوونی قەیرانی ئاو و کارەباش.
لەگەڵ هەموو ئەو ناڕەزاییانەی هاوڵاتیان هەیانە لەسەر نەبوونی ئاو و خراپی دۆخی ژیانیان، بەڵام بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ئاوی سلێمانی دەڵێت کە ئاو کێشەی نییە و هەموو گەڕەکەکان ئاوی پێویستیان بۆ دابین کراوە و بگرە ئاویش بەفیڕۆ دەدرێت، بەفیڕۆدانی ئاو لە ٪٣٥ ئاوی گشتی کەم دەکاتەوە.
"ئاو کێشەی نییە و بگرە هاوڵاتیان ئاو بە فیڕۆ دەدەن"
سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی، دەربارەی کێشەکانی ئاوی شاری سلێمانی بۆ ژنها وتی: "بە سێ ڕۆژ جارێک ئاو دابەش دەکەین بەسەر هاوڵاتیان و ئاو کەم نەکراوەتەوە، بەڵام خواستی بەکارهێنانی ئاو لەلایەن هاوڵاتیانەوە زیادی کردووە و بۆ ئاودێری باخ و باخاتی ناو ماڵەکانیان بەکاری دەهێنن، لەکاتێکدا پێویستە حکومەت بودخەی ئاودێری باخەکان دابین بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی گەرەکەکانی دیکە".
دەربارەی ئەو گەڕەکانەی بە تەنیشت یەکەوەن و بەشێکیان ئاوی هەیە، سەربەست عوسمان ڕایگەیاند، "هۆکاری سەرەکی خراپبوونی بۆرییەکانی ئاو لەکارکەوتنیانە، هۆکاری دیکەش هەیە وەک نەبوونی پلانی میراوەکان کە هەندێک کات لێیان تێکدەچێت سەرەی کام لە گەڕەکەکانە.
ت.پ