مەدیحە سۆفی: لەناوبردنی دارستانەکان بێلانە کردنی سەدان جۆر زیندەوەرە ...٢

ماوەی دوو ساڵە دەوڵەتی تورکیا دارەکانی کوردستان دەبڕێتەوە بۆ مەبەستی بازرگانی، لەمانگی حوزەیرانیشدا ڕۆژانە نزیکەی ٤٠٠ تۆن داری بڕیوەتەوە، مەدیحە سۆفی، دکتۆرا لەبواری ژینگە، دەڵێت ئەمە ئیکۆسایدی کوردستانە و پێویستی بە هەڵوێست لە ئاستی بەرزدا هەیە.

ماوەی دوو ساڵە دەوڵەتی تورکیا دارەکانی کوردستان دەبڕێتەوە بۆ مەبەستی بازرگانی، لەمانگی حوزەیرانیشدا ڕۆژانە نزیکەی ٤٠٠ تۆن داری بڕیوەتەوە، مەدیحە سۆفی، دکتۆرا لەبواری ژینگە، دەڵێت ئەمە ئیکۆسایدی کوردستانە  و پێویستی بە هەڵوێست لە ئاستی بەرزدا هەیە.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- دەوڵەتی تورکیا لە ٢٣ی نیسانی ئەمساڵە ئۆپەراسیۆنی بۆسەر ناوچەکانی زاپ، مەتینا و ئاڤاشین دەستپێکردووە، جیاواز لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی، لەڕێگەی بڕینەوەی دار و سوتاندنی دارستانەکانی سنوری باکور و باشوری کوردستان درێژە بە تێکدان و لەناوبردنی سروشت و ژینگەی کوردستان دەدات، بەپێی زانیارییەکان ماوەی دوو ساڵە بڕینەوەی دارەکان لەو ناوچانەدا بەردەوامە و ئەمساڵیش لەگەڵ بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی ٢٣ی نیساندا، برینەوەی دارەکان زیادی کرد و لە مانگی حوزەیراندا ڕۆژانە ٤٠٠ تۆن دار دەبڕایەوە، کە بۆ مەبەستی بازرگانی چەند کۆمپانیایەکی مۆبیلیاتی تورکیایە.

مەدیحە سۆفی، دکتۆرا لە بواری ژینگە، لە درێژەی چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوەدا کە بڕینەوەی دارەکانی هەرێمی کوردستان تازە نییە و ماوەی چەندین ساڵە تورکیا مامەڵە بە دارستانەکانی کوردستانەوە دەکات وەک ناوچەی خۆی کە داگیریکردبێت، بەڵام ئەمجارە ڕێژەی ئەوەندە زۆر بوو کەبە هاوڵاتیان گەیشت و تەقینەوەی دروستکرد، وتیشی: ئەو دەنگدانەوەی سۆشیال میدیا تەنها هەڵوێستی تاکە کەسییە، بڕینەوەی دار تاوانی نێودەوڵەتییە و پێویستە نێودەوڵەتی کاری لەسەر بکرێت، بەڵام کە نێودەوڵەتی کار ناکات پێویستە مرۆڤ لە ئاستی بەرزدا هەڵوێست بنوێنێت، چونکە ئەوە ئیکۆسایدی ژینگەی کوردستانە".

 

لەناوچوونی زیندەوەری دارستانەکان زیانی گەورە بە ژینگە دەگەیەنێت

بڕینەوەی دارەکان تەنها لەناوبردنی دارستانەکان نییە، بەڵکوو لانەی چەندەها زیندەوەر و ئاژەڵ وێران دەکرێت، مەدیحە لەو بارەیەوە دەڵێت: بڕینەوە و سوتاندنی دارستانەکان لەناوبردنی فرە زیندەوەرە، ئەگەر لێکۆڵینەوەی ژینگەیی ورد بکرێت ئەمە دەردەکەوێت، چەندەها شانەی هەنگ هەن، لە بن دارەکاندا زیندەوەری بچوک هەن کە ئەڵقەیەکن لە زنجیرەی گەشە سەندنی زیندەوەر، هەندێک زیندەوەر ماددەی زیانەخشی ژینگە لەناو دەبەن، کرداری پیتاندنی گوڵ و ڕووەک ئەنجام دەدەن کە لەناوچوونی ئەم زیندەوەرانە، زیانی گەورە بە ژینگە دەگەیەنێت.

 

سەبارەت بە دەوڵەتی عێراق و سەروەری خاکەکەی مەدیحە سۆفی، دکتۆرا لە بواری ژینگە، دەڵێت: دەوڵەتی عێراق لاوازە و ناتوانێت هەڵوێستی جدی بەرامبەر تورکیا بنوێنێت، وەکو کوردیش پێویستە بێدەنگ نەبین و هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە، لەبارەی بەفیڕۆ نەدانی ئاو، دەربارەی ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر کوردستان لەلایەن تورکیاوە، چونکە تورکیا تەنها دارەکانت نابڕێتەوە، هێرش دەکات، بۆردومانت دەکات و کۆمەڵکوژی دەکات و ئەمانە هەمووی کاریگەری لەسەر ژینگە و سروشت و ژیان هەیە، بۆیە پێویستە بە یەکگرتووی هەڵوێست هەبێت تا ئەو هێرشانە بوەستێنیتەوە.

 

مەدیحە سۆفی لە کۆتایشدا وتی: "ئێمە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا بێدەنگ نەبووین و وتمان نا، لە ئێستاشدا ئەو نا'یەی هەیە لاوازە و پێویستی بە هێز و یەکگرتووی هەیە".

 

ت.پ