ماسكە بەكارهاتووەكان ژەهری كوشندەن

هەموو جۆرەكانی ماسك لەدوای بەكارهێنانیان دەبێت بخرێنە ناو خاشاكی تایبەتی داخراو و نابێت لەسەر شەقام و باخچەو شوێنە گشتییەكان و ناو روبارو دەریاكان فڕێ بدرێن، بونیان لەم شوێنانە جگە لە دیاردە نا شارستانیەتەكەی وەك ژەهریش وایە بۆ سروشت و مرۆڤ و گیانلەبەران.

ناوەندی هەواڵ 

 

دەزگا تەندروستییە جیهانییەكان و ژینگە پارێزان دەستیان بە هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوە كردوەو پێگەیەكی ئەلیكترۆنیان داناوە بۆ ئامۆژگاری خەڵك و پرسیارو وەڵام و رونكردنەوەی تایبەتی لەسەر ماسكی بەكارهاتوی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

توێژینەوەیەکی زانستی هۆڵەندی دەریخستوە كە ئەو ماسكانەی كە خەڵكی بەبێ هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و چارەنووس و ژیانی خەڵكی فڕێی دەدەن جگە لەوەی دەیان ڤایرۆسی زیانبەخشی پێوەیە هەمان كات بەو هۆیەی زۆربەیان لەمادەی پۆلی پرۆبین دروستكراون و ریشاڵێكی زۆری پلاستیكی لەپێكهاتەكەیدا هەیە كەزیانی زۆری بۆ ژینگە هەیە، كاتێك بخرێتە ناو ئاو پیسی دەكات و زیانی زۆری بە پێستی مرۆڤ و تەندروستی ئەندامانی لەشی و گیانلەبەران دەگەیەنێت، هەورەها بۆ ئەو ماسی و روەك و گیانلەبەرانەی تر كە لەناو ئاودەژین وەك ژەهری كوشندە وایەو دەیانكوژێت.

راپۆرتێكی ژینگەیی دەزگایFrontiers of Environmental Sciene  ئاشكرای دەكات ،لەهەموو جیهان لەماوەی یەك خولەکدا نزیكەی سێ ملیۆن لەو ماسكانە فڕێ دەدرێنە ناو هەواو ژینگەو ئاو و سروشت، بۆیە زەنگی مەترسیان لێداوە لەو رەفتارە ترسناكەی مرۆڤ و داوا دەكەن حكومەتەكانی جیهان سزا بەسەر ئەو كەسانەدا بسەپێنن كە ماسك فڕێ دەدەن.