لە ڕۆژی جیهانی ژینگەدا گفتوگۆیەکی کراوە لەسەر ژینگە بەڕێوەچوو چالاکوانانیش باس لە ژینگە دەکەن

گفتوگۆیەکی کراوە سەبارەت بە پاراستنی ژینگە و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاک، هەروەها دەربارەی چۆنیەتی ڕووبەڕوو بوونەوەی وشکەساڵی لە شاری هەڵەبجە بەڕێوەچوو.

هەڵەبجە

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری هەڵەبجە تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە لەگەڵ ژووری هەماهەنگی قەیرانەکان گفتوگۆیەکی کراوەیان سەبارەت بە قەیرانی وشکەساڵی و پاراستنی ژینگە ڕێکخست، لە گفتوگۆکەدا هەریەک لە چالاکوانان، ڕۆشنبیران، مامۆستایانی ئاینی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ڕاو بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە گرتنەبەری ڕێکارەکان و هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بە دابەشکردنی پرۆشەر و چۆنیتی بەکارهێنانی ئاو لەلایەن هاوڵاتیانەوە خستەڕوو.

 

دەربارەی زیاتر گرنگیدان بە ژینگە و وشکەساڵی، بڕینەوەی دارستانەکان و شێواندی ژینگەی  ناوچە سنورییەکانی کوردستان، شیلان سدیق لە تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە بۆ ژنها دوا و وتی: سروشت موڵکی هەمووانە، موڵکی تاکە کەسێک و حکومەتێک و حزبێک نییە، چۆن پارێزگاری لە ماڵی خۆمان دەکەین پێویستە بەو شێوەیەش گرنگی بە سروشتی خاک و وڵات بدەین، ئێمە نیگەرانین بەوەی ڕۆژی پێشوو لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دارەکان بڕدرانەوە و بۆ خزمەتی خۆیان بەکارییان دەهێنن، ئەمە لە کیمیاباران و ئەنفالکردن کەمتر نەبوو، چونکە مرۆڤ کوشتن و دار بڕین لای من وەک یەک سەیر دەکرێت.

 

مامۆستا شیلان باسیشی لەوەکرد: خاکی کوردستان لە خاک، ئاو و هەوای دراوسێکانمان گەرمترە، ئەگەر بێت و پارێزگاری لەو دار و درەخت و خاکە نەکەین‌ ئەوا ئێمە تاک بە تاکی خۆمان لەناو دەبەین، بۆیە دەبێت حکومەت و دەوڵەت و حزب لە خزمەت ئەو خاکەدا بین.

 

لەسەر کاریگەری وشکەساڵی لەسەر باشوری کوردستان ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەدا: دەوڵەتی تورکیا و ئێران ئاوەکان دەگرنەوە، نەبوونی بەنداو هۆکارە بۆ وشکەساڵی، بێدەنگی حکومەت هۆکارە بۆ بڕینەوەی دار و داوا لە حکومەت دەکەین بەدەم داواکانمانەوە بێت و سنورێک بۆ شێواندنی ژینگە دابنرێت، ڕێگریش لە سوتانی پوش و پاوان و سوتانی زەوییەکان بگرن.

 

شارا عەبدول کەریم لە یەکێتی ژنانی کوردستان بە نیگەرانییەوە باسی لە قەیرانی ئاو کرد و وتی: پێویستە هەنگاوی جدی بنێین بۆ ئەوەی سروشت و خاکی کوردستان بپارێزین، بەداخەوە ڕژێمی تورکیا لە سەرەتاوە کاری لەسەر تێکدانی سروشتی کوردستان کردووە و دەستی بە بڕینەوە و شێواندنی سروشتی کوردستان کردووە، پێویستە حکومەت و وەزارەتەکان ڕووبەڕووی ئەم تاڵانکارییە ببنەوە.

 

شارا ئاماژەی بەوەدا: دەوڵەتانی داگیرکار چۆن کاریان لەسەر شێواندنی نەخشەی کوردستان کردووە، هەوڵەدەدەن بە هەمان شێوە ژینگەی کوردستانیش تێک بدەن، بۆیە پێویستە لەسەر ئاستی جیهان کاری لەسەر بکرێت، پێویستە هاوڵاتیان دەست بە هەڵمەتی گشتی بکەن تا بتوانین خاکەکەمان بپارێزین.

 

ت.پ