کۆنترۆڵ نەکردنی ئاگرەکانی تورکیا
بەپێی ئامارە فەرمییەکان ئاگر لە ١٤٩ شوێن لە ٢٦ ناوچەی ئەو وڵاتە کەوتووەتەوە، تا ئێستا زیاتر لە ١٠ هەزار هێکتار دارستان سوتاون، حەوت دارستانی گەورە ئاگرەکانیان کۆنتڕۆڵ نەکراوە، بەو هۆیەوە کێشە لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و حکومەتی تورکیا دروستبووە، هاوڵاتیانیش حکومەت بە کەمتەرخەم دەزانن.
ناوەندی هەواڵ
لە ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕابردووە ئاگر لە ١٤٩ ناوچە و دارستانی جیاواز لە باکوری کوردستان و تورکیا کەتووەتەوە، بە تایبەت ناوچە گەشتیارییەکانی ئەنتاڵیا و کەناراوەکانی دەریای ئیجە لە موگلا، مێرسین و دێرسیم.
هەرچەندە لەلایەن حکومەتەوە بەردەوام هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکان دەدرێت، ڕۆژانە بە نزیکەیی پێنج هەزار تیمی بەرگری شارستانی، ١٦ فڕۆکە و ٨٢٨ ئۆتۆمبێلی ئاگر کوژێنەوە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن، بەڵام ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە، ئەمەش وایکردووە کە هاوڵاتیان حکومەت بە کەمتەرخەم لە ئاستی کوژاندنەوەی ئاگرەکاندا بە تایبەت لە ناوچە کوردییەکاندا بزانن.
کۆنتڕۆڵ نەکردنی ئاگرەکە، جگە لەوەی لەلای هاوڵاتیان بووەتە جێی مشتومڕ، خەڵکی تورکیا ڕەخنە لە ئەردۆغان دەگرن، بەوەی بۆ گەشتەکانی چەند کۆپتەرێک بەکاردەهێنیت، بەڵام تەنها دوو کۆپتەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە نێردراوە، لە هەمان کاتدا کێشەی لە نێوان حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا و حکومەت دروستکردووە، کە ئەوانیش حکومەت بە کەمتەرخەم دەزانن.
٥٨ کەس بریندار بوون
لە ئێستادا خەڵکی گوندەکان بەهۆی ئاگرەکەوە ماڵەکانیان چۆڵکردووە، لە ١٠ ڕۆژی ڕابردووشدا ٨ کەس بەهۆی ئاگرەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، ٥٨ کەسیش بریندارن، زیاتر لە هەزار کەسیش برینداربوون، زیاتر لە ٢٧ گەڕەکی شارۆچکەکان چۆڵکراون و نزیکەی سێ هەزار بیناش سوتاون.
ئاگرەکان زیانی دەیان ملیۆن دیناریان لە تورکیا داوە، بەپێی ئەوەی ناوچەکانی ئەنتاڵیا و مارمیس و کەناراوەکانی ئیجە لە موگڵا یەکێکن لە ناوچە گەشتیارییەکان و ساڵانە بە دەیان ملیۆن گەشتیاری بیانی ڕوویان تێدەکات.
کۆنتڕۆڵ نەکردنی ئەو ئاگرانە تورکیای خستووەتە ژێر نیشانەی پرسیارەوە
کەمتەرخەمی حکومەتی تورکیا بۆ کۆنتڕۆڵ نەکردنی ئاگرەکە و بەکار نەهێنانی فرۆکەی ئاگر کوژێنەوە، لەکاتێکدایە بۆ هێرشکردنە سەر چوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی دراوسێی چەندین جۆر چەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاردەهێنێت.
لەبەرامبەردا توانای کۆنتڕۆڵکردن ئاگری دارستانی وڵاتەکەیی نییە، هاوکات کەمتەرخەمی دەکات لە ئاست بەشێک لەو ئاگرانەی کە کەوتوونەتەوە بەتایبەت لە ناوچە کوردییەکاندا، بەشێکی دیکەش لە چاودێران پێیان وایە ئامانجی حکومەت بە بازرگانی کردنی ئەو شوێنانەیە کە سوتاون تا بیانکاتە بینا و ناوچەی بازرگانی.