پشکی ئاوی عێراق ٧٠% کەمی کردووە

پشکی ئاوی عێراق ٧٠% کەمی کردووەو وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دروستکردنی بەنداو لەلایەن تورکیا و ئێران و ڕێکارەکانیان بۆ کەمکردنەوەی پشکی ئاوی عێراق لە ڕووبارەکان، بووەتە ھۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی عێراق.

 

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئاستی داھاتی ئاو لەگەڵ کەمبوونەوەی بارانبارین و زیادبوونی خواست لەسەر ئاو بۆ ئاودێریی کشتوکاڵی لە وەرزی زستان، کەمیکردووە، بۆ ئەو مەبەستە رێکاریان بۆ بەردانەوەی بڕێکی زیاتری ئاو لە بەنداوی دوکان گرتووەتەبەر، ئەوەش بۆ پەرەپێدانی داھاتی ئاوی ڕووباری دیجلە، دڵنیاییشدا کە ئاوی پێویست لە ڕووباری دیجلە و فورات بۆ پڕکردنەوەی پێویستییە کشتوکاڵییەکان و ئاوی خواردنەوە لە بەردەستدایە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دروستکردنی بەنداو لەلایەن تورکیا و ئێران و ڕێکارەکانیان بۆ کەمکردنەوەی پشکی ئاوی عێراق لە ڕووبارەکان، بووەتە ھۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی عێراق، لەو بارەیەوە خالید شەمال وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، گلدانەوەی ئاو گەیشتووەتە ئاستێکی ھەستیار و جگە لە دیجلە و فورات، لە ڕووبارەکانی دیکەش ئاو کەمبووەتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە داھاتی ئاوی عێراق بە کرداریی ٣٠%ە و بەھۆی سیاسەتی وڵاتانی دراوسێوە ٧٠%ی پشکی ئاو ناگاتە عێراق، چونکە ڕێژەی ٧٠%ی ئاوی عێراق لە وڵاتانی تورکیا و ئێرانەوە دێت و ئە وڵاتانەش سیاسەتی تایبەتیان بۆ دروستکردنی بەنداوی گەورە و گۆڕینی ڕێڕەوی ڕووبارەکان ھەیە، لە ساڵانی ڕابردووشدا حکومەتەکانی عێراق ھیچ رێککەوتنێکیان لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە لەبارەی پشکی ئاو نەکردووە.

 

بە وتەی خالید شەمال، عێراق لە سێ ساڵی ڕابردوودا بەھۆی کەمبوونەوەی بڕی بارانبارینەوە دووچاری وشکەساڵی بووەتەوە، ئەوەش ھانیداون سوود لە ئاوی کۆگاکراو وەربگرن، بەڵام بەھۆی رێکارەکانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان لەم کابینەیەدا، ئاستی ئاوی کۆگاکراوی عێراق وەک خۆی ماوەتەوە، کە ٨ ملیار مەتر سێجایە.