چالاکوانانی ژینگە: پاراستنی ژینگە پێویستی بە کاری یەکگرتوویی هەیە

لە ئێستادا هێرش و داگیرکاری بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان هەیە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ژینگەی باشووری کوردستان بشێوێت و دارستانەکان ڕووبەڕووی لەناوچوون ببنەوە، جگە لەوەش هاوڵاتیان هۆشیارییان دەربارەی پاراستنی ژینگە نییە.

هێلین ئەحمەد 

 

سلێمانی- ژینگە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو تا دێت پیستر دەبێت، چەندین هۆکاری دەرەکی و ناوخۆیی هەن، داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشوور، بوونی ژمارەیەکی بەرچاو ئۆتۆمبێل و کارگەکانی نزیک شار و مۆلیدەی ناو گەڕەکان و لە سەروو هەموشییەوە ناهۆشیاری هاوڵاتیان بوونەتە هۆکار، لەگەڵ بوونی ئەو هۆکارانە حکومەت و دەسەڵات ڕێکاری پێویست بۆ پاراستن و پاک راگرتنی ژینگە ناگرنە بەر، لە کاتێکدا ژمارەیەک ڕێکخراو بە ناوی پاراستنی ژینگە کار دەکەن بەڵام نەیانتوانیوە ژینگەی کوردستان بە پێی پێویست بپارێزن، بەڵام ژنانی کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز لە کارەکانیان نەوەستاون.

 

"ژنانی ناو کۆمەڵەکە هەوڵی پاراستنی ژینگە دەدەن"

شادان ئەبوبەکر، ئەندازیاری کشتوکاڵی و بەرپرسی کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز، دەربارەی کۆمەڵەکەیان ئاماژەی بەوەکرد لە ساڵی ١٩٩١وە دامەزراوە، سەرەڕای ئەوەی لەو کاتەی وشەی ژینگە نامۆ بووە لە ناو خەڵکدا کۆمەڵێک خەڵکی ڕۆشنبیر و ژینگە دۆست ئەم کۆمەڵەیەیان دروست کردووە، لە سەرەتای دامەزرداندییەوە ئەندامی چالاکی هەبووە و کۆنگرەی تایبەت بە خۆی بەستووە و بەرنامەی تایبەتی خۆی داڕشتووە.

 

 

ئەم کۆمەڵەیە لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم ناوەندیان هەیە جگە لەوە لە ناوچەی ڕاپەڕین و خانەقینیش ناوەندیان هەیە، دەربارەی کارکردنیان لە شاری سلێمانی وتی: ئەندامانی ژن و پیاو لە سلێمانی پێکەوە کار دەکەین، ڕۆژانە کارەکانمان بەڕێوەدەبەین و ئامانجی سەرەکیمان زیادکردنی سەوزاییە لە ناو شار و دەرەوەی شار هەروەها ئامانجمان بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە دەربارەی ژینگە لای هاوڵاتیان. 

 

"هەوڵی داگیرکاری و لەناوبردنی ژینگەی کوردستان هەیە"

شادان ئەبوبەکر، باسی لەوەکرد لە ڕێگەی سیمینار و وۆرکشۆپەوە هەوڵی بڵاوکردنەوەی هۆشیار و زانیارییان بە هاوڵاتیان داوە، جگە لەوە کاری خێرخوازییان بۆ ئەو کەسانە کردووە کە لە بواری ژینگە خزمەتیان کردووە یاخود ژینگە دۆست بوون، دەربارەی کەوتنەوەی ئاگر لە ناوچە دوورە دەستەکان یاخود نزیکی شارەکان ڕوونیکردەوە، لە ناوچەکانی نزیکی شار زیاتر بە دەستی مرۆڤ ئاگر دەکەوێتەوە و ئاگر کەوتنەوەی سروشتی کەمبووەتەوە. 

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەهۆی دژایەتیکردن و هەوڵی داگیرکاری بووەتە هۆی ئەوەی ژینگە لەناو بچێت و بسوتێت چونکە لە ئێستادا هێرش و بۆردوومانەکان هەن و لە ڕێیەوە ئامانجیانە ژینگەی کوردستان لەناو ببەن، جگە لەوەش هەوڵی بڕینی دارەکانی کوردستان دەدەن، هەروەها هەندێک مرۆڤکەم تەرخەمن بەرامبەر بە ژینگە و لە هەندێک ناوچە کە نە شیاوە ئاگر دەکەنەوە یاخود جگەرە فڕێ دەدەنە ناو پوش و پاوانەکانەوە، هۆشیارییان نییە و پارێزگاری لێناکەن. 

 

"نەبوونی دادگای تایبەت بە پاراستنی ژینگە، ژینگەی لەناو بردووە"

شادان ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەکرد، نەبوونی دادگایەکی تایبەت بە پاراستنی ژینگەیی بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر ژینگە لەناو بچێت، ئەوانەی پێشێلکاری ژینگەیی دەکەن بە بڕە پارەیەکی کەم لە سزاکەی ڕزگاریان دەبێت، یاسا ژینگەییەکان بوونیان هەیە بەڵام جێبەجێ ناکرێن و لە دادگادا کاریان پێناکرێت، وتی: کاتێک کەسێک ئاگر دەکاتەوە یاخود لە دارستانەکاندا ئاگر دەکەوێتەوە جگە لە زیانی سروشتی زیانی تەندروستیش بۆ هاوڵاتیان دروست دەکات، بۆیە هەرچەند هەوڵی باشترکردن و زیادکردنی سەوزایی بدەین هێشتا کەمە چونکە هاوڵاتیان هۆشیاریان نییە.

 

دەربارەی ئەو پڕۆژانەی لە بناری شاخەکان دروست دەکرێن و بە هۆیەوە ژینگە لە ناو دەچێت شادان ئەبوبەکر ڕوونیکردەوە، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان بێگوومان شوێنی نیشتەجێبوونی زیاتر پێویستە بەڵام نەک لەسەر بنەمای تێکدانی ژینگە بەڵکو بە پەیڕە و پلانی تایبەت بە جۆرێک زیان بە ژینگە نەگات، وتی: پێویستە ئەو زەویانەی دەکرێن بە پڕۆژە زەوی کشتوکاڵی نەبن، جگە لەوەش پێویستە بڕێکی زۆر سەوزایی لە ناو پڕۆژەکاندا هەبن. 

 

"پاراستنی ژینگە بە یەکگرتووی و کاری بە کۆمەڵ دەبێت"

لە کۆتایدا شادان ئەبوبەکر باسی لەوەکرد پەیوەندییان هەیە لەگەڵ هەموو ڕێکخراو و کۆمەڵەکانی دیکە کە تایبەتن بە پاراستنی ژینگە و لەو چوارچێوەیەدا کار دەکەن، هەوڵ دەدەن بە یەکگرتووی ژینگە بپارێزن و ژینگەیەکی تەندروست بنیاد بنێن، دەڵێت: لە ئێستادا زۆر سەرچاوە هەن بۆ پیسبوونی ژینگە، گرنگە ئێمە هەوڵ بدەین ئەو سەرچاوانە نەهێڵین، بۆ نمونە کارەبا لە وزەی خۆرەوە بەرهەم بێت و مۆلیدەی ناو گەڕەکەکان بوونیان نەمێنێت، ئۆتۆمبێل کەمببێتەوە، بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوان زیاتر چاودێری دارستانەکان بکەن، حکومەت هەوڵ بدات پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە شوێنی گونجاو دروست بکات لە سەروو هەموویەوە هاوڵاتی پێویستی بە هۆشیاری هەیە و خودی خۆیان گرنگە کە نەمام بچێنن و لە خەمی ژینگەدا بن.

 

"لە ناو چین و توێژە جیاوازەکاندا هەوڵی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریمان داوە"

شنە عەبدوڵا، لێپرسراوی ناوەندی کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز، ماوەی ٧ ساڵە بە خۆبەخشی لە کۆمەڵەکەدا کار دەکات، وەک باسی دەکات ئامانجی سەرەکیان خزمەتکردنی ژینگە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەییە، کارەکانیشیان لەو چوارچێوەیەدایە، وتی: پاراستنی ژینگە کارێکی پیرۆزە و ئەرکی هەموومانە، گرنگە تاک لە ناو کۆمەڵگەدا هەوڵی سەوزکردنی ژینگە بدات، بێگوومان ئێمەش کار بۆ ئەوە دەکەین ژینگە سەوز بکەین، تەنانەت لە ناو خوێندنگە و چین و توێژی جیاوازدا هەوڵی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریمان داوە.