دارستانەکانی مەریوان لەبەر ئاگری کینەی کۆماری ئیسلامیدان

نەبوونی یارمەتی و بێتوانایی ئیدارەی سامانە سروشتییەکان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم دواییەی دارستانەکانی ده‌ری و نێشکاش لە مەریوان گیان لەدەستدانی لێکەوتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

چەند ڕۆژێکە ئاگری دارستانەکانی گوندەکانی ده‌ری و نێشکاش سەر بە مەریوان بەردەوامە و زیاتر لە ١٠٠ هێکتار لەو دارستانانە وێران بوون، بەپێی ڕاپۆرتی كۆمەڵەی سەوزی چیا، ئاگرەکە ماوەی سێ ڕۆژە بەردەوامە و خەڵك و چالاكوانانی ژینگە هەوڵی کوژاندنەوەی دەدەن، بەڵام بە ئاسانی کۆنترۆڵ ناکرێت و ژمارەیەكی زۆر دار لەناوچوون.

 

کۆمەڵەی سەوزی چیا، بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئاگرکەوتنەوەکانی دارستانەکانی ده‌ری و نێشکاش لە پەیجی فەرمی خۆی، ئاماژەی بە بێتوانایی بەشی سامانە سروشتییەکان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاگرکەوتنەوەکان و نووسیویەتی، "ئەم دەستە و ڕێکخراوانە، بە چەندین جار پەکخستنی کارەکانیان و قەیرانەکان و ڕەشبگیریکردنی کۆمەڵەکان و ڕۆڵی خەڵک، زاگرۆسنشینەکانیان ڕووبەڕووی مەرگ کردووەتەوە".

 

ئاگرەکانی زاگرۆس کە زیاتر لەلایەن هێز و بەکرێگیراوەکانی سەر بە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران دەکەونەوە، ساڵانە درەختی هەزار ساڵەی بێشومار لە زاگرۆس لەناودەبات و بیابانبوون لەو ناوچانەدا دروستدەکات.