گەشەسەندنی ئاگر لە کالیفۆرنیا بەردەوامی هەیە

تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا ئاماژە بەوەدەدەن ئاگر لە ناوچە دارستاناوییەکان بە بەردەوامی لە گەشەسەندندایە و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ڕێگری لە کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی کالیفۆرنیا شەوی یەکشەممە رایگەیاند، ئێستا بەهۆی ئاگرە گەورەکان بە نزیکەی زیاتر لە ١٥هەزار و ٦٠٣ دۆنم زەوی سووتاوە و هێشتا نەتوانراوە هیچ ڕووبەرێکی کۆنترۆڵ بکرێت.

ئاگرکوژێنەوەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان و تا ئێستا زیاتر لە ٦ هەزار کەس ناوچەکانیان بەجێ هێشتووە و ١٠ خانوو و بینا خاپوورکراون، وەزارەتی دارستان و پاراستن لە ئاگری کالیفۆرنیا رایگەیاندووە، ٣٢٧١ پێکهاتەی دیکە لە ماڵ، باڵەخانە، شوێنی کارکردن لە ژێر هەڕەشەدان.

ڕۆژی شەممە باری نائاسایی لە ناوچەی ماریپۆسا ڕاگەیەندرا و ڕێگە بە ویلایەتەکەدرا کە دەستی بگات بە هەندێک هاوکاری فیدراڵی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاگرەکان.

قەبارەی ئاگرەکە سەرەتایەکە بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی وەرزی ئاگرکەوتنەوەی کێوی کالیفۆرنیا و بەرپرسان هۆشداریان داوە کە  گۆڕانەکانی کەشوهەوا وەک وشکەساڵی، زیادبوونی پلەکانی گەرما و ڕووەکی گەشەسەندوو بونەتە پاڵنەری بەرچاو لە بڵاوبوونەوەی خێرای ئاگرەکە بەشێوەی بەرچاو.

زۆربەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕوبەڕووی شەپۆلێکی گەرما دەبێتەوە و هۆشدارییەکانی ڕاوێژکاری گەرما لە زیاتر لە دەیان ویلایەتدا کاری پێدەکرێت، پلەکانی گەرما لە ناوچەی ماریپۆسا لە ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە ٣٨ پلەی سیلیزی و پێشبینی دەکرێت بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو پلەکانی گەرما لە بەرزیدا بمێنێتەوە.