ڕۆژانە نزیکەی ١٥ سانتیمەتر ئاستی ئاوی ڕووباری ئەمازۆن دادەبەزێت

کەمبوونەوەی بارانبارین مەترسیی لەسەر ڕووباری ئەمازۆن دروستکردووەو ئاستی دابەزینی ئاوەکە ڕۆژانە، ١٠ بۆ ١٥ سانتیمەترە.

ناوەندی هەواڵ

 

 

ڕووباری ئەمازۆن لە یەکگرتنی ڕووبارەکانی مارانۆن، مانتارۆ و ئەپوریماک دروستدەبێت کە لە بەرزاییەکانی چیای ئەندێس، لە وڵاتی پیرۆوە سەرچاوە دەگرن، بە هەریەکە لە وڵاتانی پیرۆ، بۆلیڤیا، ڤەنزوێلا، کۆڵۆمبیا، ئیکوادۆر و بەرازیلدا تێدەپەڕێت، تاوەکو دەڕژێتە زەریای ئەتڵەسییەوە، درێژیی ڕووبارەکە نزیکەی ٦ هەزار و ٤٣٧ کیلۆمەترە و خێرایی ئاوەکەش نزیکەی ٨ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا.

 

ڕووبارەکە گرنگییەکی زۆری بۆ ئاودارکردنی دارستانی ئەمازۆن هەیە کە یەک لەسەر سێی ڕووەک و ئاژەڵ و مێرووە دۆزراوەکانی جیهانی تێدا دەژین، هەروەها بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی کە بە چەند وڵاتێکدا تێپەڕدەبێت، بەرپرسانی ئەو وڵاتانە لە هەوڵی پاراستنی ڕووبار و دارستانی ئەمازۆندان و داوای هاوکاریی نێودەوڵەتی دەکەن.

 

بە وتەی بەرپرسانی زەویناسیی بەڕازیل، بەهۆی کەمیی بارانبارین بەتایبەت لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوولدا ئاستی ڕووباری ئەمازۆن بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. 

 

هەروەها مارکۆ پاریدێس، بەرپرسی ئاژانسی کەشناسیی سینامهی لۆرینتۆ بۆ چاودێریی کەشناسی و ئاو ئاماژەی بەوەکردووە، ڕۆژانە دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەکە ١٠ بۆ ١٥ سانتیمەترە، هەموو ١٠ رۆژێک، مەترێک لە ئاوی ڕووبارەکە دادەبەزێت، ئەوەش دەکاتە سێ مەتر لە مانگێکدا.

 

بەوهۆیەوە سەنتەری ئۆپەراسیۆنی قەیرانە لەناکاوەکانی پیرۆ، داوای ڕاگرتنی جووڵانەوەی کەشتییەکان لە ڕووبارەکەدا دەکات تاوەکو ئەو کاتەی دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.