دوو چالاکی ژینگەپارێز: گەنجان ڕۆڵیان لە گەیشتن بە دادپەروەری کەشوهەوا هەیە

دوو چالاکوانی ژینگەپارێز جەختیان کردەوە کە دەردانی گازی گەرمخانەیی لە دەوروبەری زەوی، گەرمی خۆر قەتیس دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی گەرمبوونی جیهان و گۆڕانی کەشوهەوا، هۆکاریشە بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە سەرتاسەری جیهاندا.

سوزان ئەبو سەعید

 

بەیروت- ئەو گۆڕانکارییە کەشوهەوایانەی ئەم دواییە کە جیهان لە بەرزترین ئاستەوە بۆ نزمترین ئاستی بەخۆیەوە بینیوە، پشتی دەکەنەوە کە گەرمبوونی جیهان گەیشتووەتە ئاستی "کوڵانی جیهانی" و وەک ڕەنگدانەوەی ئەم ئاڵنگارییانە، بزووتنەوە ژینگەییەکان لەلایەن گەنجانەوە پەرەیان پێدراوە و لە شێوەی ڕێکخراو و کۆمەڵە و تیمی خۆبەخشدا کاردەکەن بۆ سنووردارکردنی گۆڕانکارییەکە.

 

ڕووی غاوی، چالاکوانی ژینگە دەڵێت: بە پشتبەستن بە کارەکانی لە بواری داکۆکیکردن لە ژینگە لەگەڵ چالاکوانانی ژن و پیاو لە چوارچێوەی کۆمەڵەی “شەپۆلی سەوزی لوبنان” کە لەلایەن کۆمەڵێک گەنج/ژن دامەزراون، داوای کەمکردنەوەی توندوتیژی و گەیشتن بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەردەوامیی و ڕێزگرتن لە هەمەجۆریی و ژینگە دەکات.

 

سەبارەت بەو ئاڵنگاری و ئاستەنگانەی کە لە کاتی کارەکانیدا بۆ بەرگریکردن لە ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، وتی: هاوڵاتییان لە لوبنان لە هەموو ئاستەکاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە، یەکەمیان نەبوونی کارەبایە، کە دەبێت بە شێوەیەک دابین بکرێت کە ژینگە بپارێزێت، لە وڵاتی ئێمە بۆ بەدەستهێنانی کارەبا پشت بە مۆلیدەکان دەبەستین کە پێویستیان بە سووتەمەنی بەردینی هەیە بۆ کارکردن، لە بەرامبەردا دەبێتە هۆی دەردانی دوکەڵ کە هەوا پیس دەکات، زۆرێک لە وڵاتان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پەنا بۆ وزەی خۆر دەبەن و ئەمەش لە لوبناندا هەیە، کە پانێڵی خۆر بۆ دابینکردنی کارەبا لە جیاتی مۆلیدەکان بەکاردێت، بەڵام ئەمە تەنها بۆ هەندێک کەس سنووردارە کە پارەیەکی زۆری پێدەدەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەمووان کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە، بەتایبەت گروپی گەنج، چونکە بەشێکی زۆری ژیانی خۆیان لەسەر زەوییەک دەژین کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا بارودۆخەکانیان تادێت زیاتر دەگۆڕێت، هەروەها ڕەهەندە جیاوازەکانی ژیانیان، لەوانەش ئاسایش، خۆشگوزەران و تەنانەت تەندروستی دەروونیشیان، کاریگەری نەرێنی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، هەروەها کاتێکی پێویستیان نییە، چونکە قەیرانی کەشوهەوا توندتر دەبێت و بە خێرایی گەشە دەکات.

 

ئەو جەختی لەسەر پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ژینگە و کەشوهەوا کردەوە تا ساڵی ٢٠٣٠، ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئەگەر ڕێڕەوی ئێستامان نەگۆڕین، ئەوا ئەو زەوییەی ئێستا لەسەریین تا ساڵی ٢٠٨٠ بوونی نامێنێت".

 

ئایا عەبدونی، ئەندامی تۆڕی گەنجانی ئاسیا و زەریای هێمن بۆ سەوزەکان، هاوڕایە کە گەنجان و ژنان توانا و وزەی پێویستیان هەیە بۆ گۆڕینی هاوکێشەکانی وەک کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی جیهان و گەیشتن بە دادپەروەری کەشوهەوا، جەخت لەسەر پێویستی هاودەنگی و دروستکردنی تۆڕ بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و ئاسانکاری دەستڕاگەیشتن بە پۆستەکانی بڕیاردان لە هەموو بوارەکاندا دەکاتەوە، سەبارەت بە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەڵێت: لە لوبنان بەهۆی ئەوەی پلەکانی گەرما نەگەشتووەتە ٤٠، یان لافاو و زریان هاوشێوەی لیبیا ڕووی نەدا، خۆمان بێبەری بکەین لە گۆڕانی کەشوهەوا، ئەوەی لە سەرتاسەری جیهاندا ڕوودەدات کاریگەریی هەیە لەسەر هەموو وڵاتان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی کۆچبەران و پەنابەران، ئەمە جگە لە تێکچوونی ئابووری و ژێرخانی ئابووری، کەکاریگەری لەسەر توانای ژیان دروست دەکات، لە کۆتاییدا وتیشی: پەروەردەکردنی کۆمەڵگە و فشارخستنە سەر حکومەتەکان بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردینی و کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن، لەو ڕێگایانەن کە بەشدار دەبن لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گەرمبوونی جیهان و گۆڕانی کەشوهەوا، ئێمە بێ چالاکی نامێنینەوە، ئێمە هەوڵدەدەین بۆ سنووردارکردنی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە مەترسی لەسەر داهاتووی منداڵەکانمان و نەوەکانی داهاتوو دروست دەکات.