ئەل-نینۆ دیاردە کاریگەرەکەی سەر مرۆڤایەتی

دیاردەی ئەل-نینۆ گۆڕانی کەشوهەوایە و کاریگەری لەسەر تەواوی کاروبارەکانی جیهان دەبێت، دەبێتە هۆی گەرمبوونی زەوی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، بە گشتی چەند مانگێک بۆ چەند ساڵێک دەخەیەنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

دیاردەی ئەل-نینۆ، دیاردەیەکی ئاووهەوای سروستییە کە بریتییە لە گواستنەوەی قەبارەیەکی گەورەی ئاوی گەرم لە زەریای هێمنی کەمەرەیی لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ڕووی باکووری زەریای هێمن، دەبێتە هۆی ڕوودانی گۆڕانکاری لە ئاووهەوای گۆی زەویدا، وەکو وشکبوونەوە، لافاو، لەناوبردنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، گۆڕانکاری لە پەستانی بەرگەهەوا و شێوازی با.

 

ڕووداوەکانی ئەل-نینۆ بە شێوەیەکی گشتی چەند مانگێک تا چەند ساڵێک دەخایەنن و دەتوانن کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر کەشوهەوای جیهان هەبێت.

 

خزمەتگوزاری کەشوهەوای نیشتمانی لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا ڕایگەیاند، دیاردەی ئەل-نینۆ دەستی پێکردووە و پێشبینی دەکرێت وردە وردە بەهێزتر بێت لە ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤، پێتێری تالاس، سکرتێری گشتی ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی لە بەیاننامەیەکدا لە مانگی ئایاردا وتی: پێشبینی دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا گەرمبوونی ئەل-نینۆ پەرەبستێنێت و ئەمەش لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا، بەهۆی مرۆڤەوە تێکەڵ دەبێت و پلەی گەرمی جیهان بەرز دەبێتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمە کاردانەوەی دوور مەودای دەبێت لەسەر تەندروستی، ئاسایشی خۆراک، بەڕێوەبردنی ئاو و ژینگە، بۆیە پێویستە ئامادەبین".

 

چۆن ئەل-نینۆ ڕوودەدات؟

تەوژمی گەرم کە لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژئاوا دەجوڵێت و دەگاتە کەنارەکانی ئەمریکای باشوور، دەبێتە هۆی ڕوودانی گۆڕانی گەورە لە پلەکانی گەرمی ئاودا، هەروەها زۆری بەفر بارین لە وەرزی زستاندا لە کیشوەری ئاسیادا، دەبێته هۆی ڕوودانی گۆڕان لە پلەکەکانی گەرمی لە ماوەی توانەوەی بەفر لە وەرزی هاویندا و تێکچوونی جووڵەی تەوژمی ئاوی لە زەریای هێمندا لێدەکەوێتەوە، لە ئەنجامدا دیاردەی ئەل-نینۆ ڕوودەدات.

 

 

کاریگەرییەکانی ڕوودانی دیاردەی ئەل-نینۆ؟

ئەل-نینۆ دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرفراوانی لەسەر شێوازی کەشوهەوا و سیستمی ژینگەی جیهانی هەبێت، هەندێک لە کاریگەرییە دیارەکانی ئەل-نینۆ بریتین لە، کاریگەرییە کشتوکاڵییەکان، کە دەتوانێت بەرهەمی کشتوکاڵی تێکبدات، دۆخی وشکەساڵی لە هەندێک ناوچەدا دەبێتە هۆی لەکارکەوتن و وەستانی بەرهەمەکان و لەدەستدانی ئاژەڵ، بە پێچەوانەشەوە، زیادبوونی بارانبارین لە ناوچەکانی دیکەدا دەتوانێت شێی زۆر و لافاو بهێنێتە ئاراوە و زەوییە کشتوکاڵییەکان لەناوببات، کە ئەمەش کاریگەری ئابووری بەجێدەهێڵێت و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و کەمبوونەوەی داهاتی هەناردەکردن و فشاری دارایی لەسەر جوتیاران زیاد دەکات.

 

ئەل-نینۆ دەتوانێت کەمی ئاو لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی وشکەساڵیدا زیاتر بکات، چونکە بە کەمبوونەوەی بارانبارین و ڕژانی ئاو لە کاتی ڕووداوەکانی ئەل-نینۆدا، ئاستی ئاو لە بەنداو و ڕووبارەکان و ئاوی ژێر زەویدا دادەبەزێنێت، ئەمەش دەتوانێت کاریگەری لەسەر بەردەستبوونی ئاوی خواردنەوە، ئاودێری بۆ کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی کارەبای ئاو هەبێت.

 

دیاردەی ئەل-نینۆ دەتوانێت ئیکۆسیستەمی دەریایی و ماسیگرتن تێکبدات و  گۆڕانکاری لە پلەی گەرمی و ڕەوتی زەریاکان، دەتوانێت گۆڕانکاری لە دابەشبوون و بەردەستبوونی جۆرەکانی ماسی بکات، ئەمەش کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی ماسیگرتنی بازرگانی و بژێوی دەبێت، هەروەها ئەل-نینۆ دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئیکۆسیستەمی زەوی هەبێت، لەوانەش دارستان و شوێنی ژیانی گیانلەبەرە کێوییەکان تێکبدات.

 

ئەل-نینۆ نەخۆشی بڵاودەکاتەوە

ئەل-نینۆ کاریگەری لەسەر بڵاوبوونەوەی هەندێک نەخۆشی هەیە، زیادبوونی بارانبارین و لافاو دەتوانێت بارودۆخێکی لەبار بۆ زاوزێی مێشوولە هەڵگرەکانی نەخۆشی دروستبکات، کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکانی وەک مەلاریا و تای خوێنبەربوون. بە پێچەوانەوە، بارودۆخی وشکەساڵی دەتوانێت بەشداربێت لە کەمی ئاو، ئەمەش دەبێتە هۆی ناتەواوی پاکوخاوێنی و زیادبوونی مەترسییە تەندروستییەکان.

 

 

چی بکرێت کاتێک ئەل-نینۆ ڕوودەدات؟

لەگەڵ ئەوەی دیاردەکە چەندین کاریگەری دیکەی هەیە، بەڵام چەندین ڕێکار هەیە کە تاک و کۆمەڵگە و حکومەتەکان دەتوانن بیگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان، ئەویش بە هۆشیارکردنەوەی خەڵک و دامەزراندنی سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، یان بەهێزکردنی، کە بتوانێت زانیاری لە کاتی خۆیدا سەبارەت بە مەترسییە نزیکەکانی پەیوەست بە ئەل-نینۆ وەک وشکەساڵی، لافاو، یان ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا پێشکەش بکات.

 

ئەمە دەتوانێت یارمەتی کۆمەڵگەکان و دەسەڵاتداران بدات کە ڕێوشوێنی چالاکانە بگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان و پاراستنی دانیشتوانی لاواز.