لەنجە حسێن: چالاکی گۆی زەوی و جوڵانی بەردەوامی بوومەلەرزە دروستدەکات

جوڵەی بەردەوامی گۆی زەوی و چالاکییەکانی، وزە کۆدەکاتەوە، لەپێناو دەرکردنی ئەم وزەیەدا بوومەلەرزە ڕوودەدات و کارەساتێکی سروشتی بە دوای خۆیدا دەهەنێت، مامۆستایەکی جیۆلۆجیش دەڵێت: دەبێت دوای بوومەلەرزە لێکۆڵینەوە بکرێت بۆ کەمکردنەوەی کارەساتەکانی داهاتوو.

شنیار بایز

 

سلێمانی- کارەساتی سروشتی ڕووداوێکی زیانبەخشە، بەهۆی کرداری سروشتیی جوڵەی زەوییەکانەوە ڕوودەدات، وەک "ڕەشەبا، خۆڵبارین، گەردەلول، بوومەلەرزە و گڕکانەکان"، یەکێک لە ڕووداوی کارەساتە سروشتییەکان بوومەلەرزەیە، ئەم ڕووداوە لە ئەنجامی دەرچوونێکی لەناکاوی وزەوە دروستدەبێت و شەپۆلێکی لەرزاندنی زەوی ڕوودەدات، هەندێکجار دەبێتە هۆی جێگۆڕکێی پلێتەکانی زەوی، بۆیە زۆرکات بوومەلەرزەکان زیانێکی گەورە دروستدەکەن و لە کەم تا زۆر قوربانی گیانی و ماددی و دەروونی لێدەکەوێتەوە.

 

بوومەلەرزەکان بەپێی گۆڕانکارییەکانی سەر ڕووی زەوی دروستدەبن، بۆیە تەنها لە وشکانیدا ڕوونادەن، بەڵکو بوومەلەرزەیی دەریایش هەن، ئەمانیش زنجیرەیەک شەپۆلە لە تەنێکی ئاویدا و بەزۆری لە زەریا یان دەریاچە گەورەکاندا بەهۆی جێگۆڕکێی زۆری قەبارەی ئاوەکەیەوە ڕوودەدات، دەشێت بەهۆی بوومەلەرزەی ژێر ئاویشەوە ڕووبدات، کە مەترسی لەناوچوونی چەندین زیندەوەری دەریایی دروستدەکات.

 

"چالاکی زەوی دەبێتە هۆی دروستبوونی بوومەلەرزە"

لەنجە حسێن، مامۆستا لە بەشی جیۆلۆجی زانکۆی سلێمانی دەربارەی کارەساتە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەکرد، کارەساتە سروشتییەکان جیاوازن، هەیانە لە دەرەوەی ڕووی زەوی ڕووبەڕووی زەوی دەبێتەوە، بە پێچەوانەوە کارەساتی دیکە هەیە لە ناوەڕۆکی زەویەوە ڕوودەدات، کارەساتە سروشتییەکان زۆرن، بەڵام ئەو کارەساتانەی لە ناوچەی کوردستانەوە نزیکە بریتین لە "بوومەلەرزە، داڕمان" بەڵام گڕکانەکان، نەیزەک و شەپۆلی خۆڵبارین کەمترە لەم ناوچانەدا.

 

ڕوودانی بوومەلەرزە بە پێی ناوچەکان دەگۆڕدرێت، لەو شوێنانەی کە بوومەلەرزە ڕوودەدات، چەند زۆنێکی دیاریکراون بە تایبەت ئەو شوێنانەن کە ئەگەری بەر یەککەوتنی پلێتی زەویان زیاترە، بەردەوام ئەگەری ڕوودانی ئەو کارەساتانەیان زیاترە وەک باکووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان.

 

"ڕوودانی کارەساتی سروشتی هۆکارەکانیان جیاوازن"

لەنجە حسێن باسی لەوەکرد زۆربەی کارەساتە سروشتییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە زەوی بەردەوام لە چالاکیدایە، زەوی زیندووە، هەندێک کات بەهۆی جوڵەی بەردەوامی زەوییەوە و خۆڕێکخستنی وادەکات بۆ ماوەیەکی زۆر وزە کۆببێتەوە، لە ئەنجامدا پێویستی بە دەرپەڕاندنی ئەو وزەیە هەیە و هەژانێکی وەک بوومەلەرزە ڕوودەدات.

 

وتیشی: هەر کارەساتە و هۆکارێکی سروشتی خۆی هەیە بۆ ڕوودانی بۆ نمونە ماوەیەکی زۆر باران بارین و گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو لە هەندێک ناوچەدا و دروستبوونی کارەساتی گەورە، واتە هۆکاری ڕوودانی کارەساتە سروشتییەکان جیاوازن، هەندێکجاریش بەهێزی بوومەلەرزەکە کارەسات دروستدەکات.

 

"بەر لە دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و هەر پڕۆژەیەک لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجیناسان کارێکی گرنگە"

ئەو مامۆستایە باسی لە زیانی پاش دروستبوونی گۆڕانە سروشتییەکانی کرد و ڕوونیکردەوە، هەندێک لە کارەساتەکان کە ڕوودەدەن زیانێکی زۆر لەو ناوچانە دەدەن، هۆکاری ئەمەش نەبوونی پلانێکی تۆکمەیە لە دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوون، بەتایبەت بۆ کارەساتەکانی وەک بوومەلەرزە و لافاو، دەڵێت: بۆیە گرنگە هەر پڕۆژەیەک دروستبکرێت کەسانی شارەزا لە بواری جیۆلۆجیدا ڕاوێژیان لێوەربگیرێت، تا بتوانن سەلامەتی بۆ گیانی هاوڵاتیان دابینبکەن، لە ئێستادا هەندێک پڕۆژەی گەورە ڕاوبۆچوونی جیۆلۆجی ناسانی لێوەردەگیرێت، بەڵام ئەم ئاستە کەمە و پێویستە ببێتە شتێکی گشتی لە کۆمەڵگەدا.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە گۆڕانکاری کەشوهەوا، کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین و نەمانی بەرگی سەوزی ڕووی زەوی هەمووی کاریگەری هەیە لەسەر زەوی و ئەو ڕووداوانەی لەسەری ڕوودەدەن، "کارەساتێکی وەک بوومەلەرزە هۆکاری سەرەکی جوڵە و تەکانی زەوییە، هەروەها بوونی گڕکانەکان لەو ناوچانەی کە ڕوودەدەن ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزەی زیاترە.

 

"لێکۆڵەرەوان لە پاش ڕوودانی کارەساتێکی وەک بوومەلەرزە دەتوانن پشبینی دووبارەبوونەوەی بکەن"

لەنجە حسێن باسی لەوەکرد، کارەساتێکی وەک بوومەلەرزە کارەساتێک نییە پێشوەختە بتوانرێت پێشبینی بکرێت، بەڵام هەندێک کات نیشانەی لاوەکی هەیە کە تەنها ئاژەڵەکان هەستی پێدەکەن و مرۆڤەکان ناتوانن پێشبینی بکەن، بەڵام لە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزەیەکدا ئەگەری هەیە ڕاستەوخۆ دووەم بوومەلەرزە ڕووبداتەوە، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان ئاگاداربن و ئەو ناوچانە بەجێبهێڵن کە ڕووداوەکەی تیادا ڕوویداوە.

 

هەر ناوچەیەک بەهۆی بوومەلەرزەوە ببێتە ناوچەیەکی فشەڵ، پێویستە دانیشتوانەکەی بەجێیبهێڵن، چونکە سەلامەت نییە بۆ ژیانکردن، هەروەها ئەو شوێنانەی بوومەلەرزە تیایدا چالاکە بە شێوەیەک بیناکانی دروستبکرێت، کە هاوڵاتیان نەکەونە ژێر کاریگەری کارەساتەکەوە، لەکۆتایدا لەنجە حسێن، مامۆستای بەشی جیۆلۆجی، جەختیکردەوە، لە پاش ڕوودانی هەر کارەساتێکی وەک بوومەلەرزە، پێویستە لێکۆڵینەوە بکرێت و هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری دووبارەبوونەوەی کارەساتەکان بدرێت، بزانن ئەو ناوچانە کوێن کە زەرەرمەندن بۆ هاوڵاتیان تا تیایدا نەژین، یاخود بەشێوەیەک گرنگی بە دروستکردنیان بدرێت کە زیانی کەمتر بێت.