توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز توندتر دەکات

چەند توێژینەوەیەک دەریانخستووە کە کارەساتی سروشتی و پەتاکان ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان زیاد دەکەن.

بەیروت

 

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات، ڕووداوە کارەساتبارەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا و گۆڕانەکان، هەلومەرجێک دروستدەکەن کە زۆرجار توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز توندتر دەبێت، توێژەران هۆشداری دەدەن لەوەی کە پەرەسەندنی توندوتیژی دەتوانێت لێکەوتەی دوور مەودای هەبێت.

 

توێژینەوەکە لەسەر توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی لە پێنج کیشوەر ئەنجامدراوە، لە گۆڤاریThe Lancet Planetary Health بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە توندوتیژی دژی ژنان و کچان زیادیکردووە لە دوای لافاو، زریان، وشکەساڵی و ڕووداوەکانی دیکەی کەشوهەوا کە هۆکارن بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەوی.

 

نووسەرانی توێژینەوەکە دەڵێن ئەو ڕێکخراوە مرۆییانەی کە وەڵامی کارەساتەکانی کەشوهەوا دەدەنەوە، پێویستە لە کاتی پلاندانان بۆ کارەکانیان ئاگاداری ئەم ڕەوتە نیگەرانکەرە بن، پێداچوونەوە و ڕاپۆرتە سیستماتیکەکانی پێشووش کاریگەرییەکانی کارەساتی سروشتی لەسەر توندوتیژی دژی ژنان، پەیوەندی نێوان توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی و بارودۆخی کارەسات و فریاگوزاری دیکە، لەنێویاندا کۆرۆنایان خستووەتەڕوو.

 

سارە ساڤیچ، نووسەری توێژینەوەکە و توێژەری تەندروستی گشتی لە زانکۆی سیمۆن فریزەر لە کەنەدا وتی: "کاتێک بیر لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەکەینەوە، بیر لە هەندێک شتی دیار دەکەینەوە، وەک لافاو، پچڕانی شارەکان، پچڕانی خزمەتگوزاری، کە هەموویان مەترسی ڕەوا و ڕاستەقینەن بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، بەڵام هەندێک دەرئەنجامی شاراوەش هەیە کە بە ئاسانی نابینرێت یان بە ئاسانی لێکۆڵینەوەیان لەسەر ناکرێت، یەکێک لەو شتانە توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزییە، بە تایبەت دژی ژنان"، گەڕانی سەرەتایی لە توێژینەوەکەدا لەسەر بنەمای وشە سەرەکییە بەرفراوانەکانی وەک "توندوتیژی، ژن، کەشوهەوا" بوو، زیاتر لە ٢٠ هەزار ئەنجام (٢٦ هەزار و ٣٨١ بەڵگەی نووسراو) بەدەستخرا.

 

زۆربەی توێژینەوەکان دەریانخستووە کە یەکێک یان چەند جۆرێک لە توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی لە کاتی ڕووداوە توندەکان یان دوای ڕووداوە توندەکان زیاد دەبن، کە زۆرجار پەیوەندییان بە ناسەقامگیری ئابوری، نائاسایشی خۆراک، فشاری دەروونی، ژێرخانی داڕوخاو، زیادبوونی لاوازی بەرامبەر بە پیاوان، نەریتەکان و توندبوونەوەی نایەکسانی ڕەگەزی هەیە، توێژینەوەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم دۆزینەوانە دەتوانن کاریگەری گرنگیان هەبێت لەسەر دەستێوەردان و سیاسەت و جێبەجێکردن لەسەر بنەمای ڕەگەزی.

 

سارا ساڤیچ-کالێسو سەبارەت بەم دەرئەنجامانە ئاماژەی بەوەدا هەرچەندە زۆرێک لە توێژینەوەکان کەموکوڕییان هەبوو و هەندێکیان دژایەتی یەکتریان دەکرد، بەڵام زۆربەی توێژینەوەکان باسیان لە بەرزبوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی کردووە لە دوای گۆڕان و کارەساتی ژینگەیی توند.

 

گۆڕانی کەشوهەوا

لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩-٢٠٠٠ توندی، ئاڕاستە، ماوەیی و کات و بڵاوبوونەوەی ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوادا گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە، تەنها لافاو و وشکەساڵی و زریان کاریگەری لە نزیکەی ٤ ملیار کەس لە جیهاندا کردووە و ڕووداوە توندەکانیش زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەسی ڕووبەڕووی کارەسات کردووە.

 

ڕوودانی ئەم ڕووداوە توندانە درێژەی گۆڕانکارییەکی توندە لە ساڵی ١٩٨٠-١٩٩٩، کە زیادبوونی لافاو ٪١٣٤ و زریان ٪٤٠ و ٪٢٩ش وشکەساڵی زیادکردووە، لەگەڵ شکستهێنانی جیهان لە جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی گونجاو و کەمکردنەوەی کارەساتەکان، پێشبینی دەکرێت تێچووی ئەم ڕووداوانە زیاتر بەرزبێتەوە لەگەڵ زیادبوونی گۆڕانی کەشوهەوادا.

 

گۆرانی کەشوهەوا مرۆڤ دەخاتە ژێر فشارەوە، بێ ماڵ و حاڵیان دەکات و دەکرێت ناچاریان بکات لە کەمپە فریاگوزارییە قەرەباڵغەکاندا بژین، بژێوی ژیانیان تێکبدات، جگە لە ڕۆڵی ڕەگەزی کە زۆرجار توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی لێدەکەوێتەوە، ئەم هۆکارە مەترسیدارانە وادەکات ژنان بە تایبەتی لاواز بن، بۆ نموونە، دوای لافاو، کچێک لە خێزانێکدا لەوانەیە زوو هاوسەرگیری بکات بۆ ئەوەی تێچووی خۆراکی خێزانەکە کەمتر ببێتەوە، یان زریانێک ڕەنگە فشاری دەروونی لەسەر پیاوێک بکات، ببێتە هۆی لێدان لە ژنانی خێزانەکەی.