گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشەیە لەسەر شوێنەوارە دێرینەکانی میزۆپۆتامیا
کەشوهوا و لێکەوتەکانی لە ئێستادا کاریگەری کردووەتە سەر شوێنەوارە دێرینەکانی عێراق، شوێنەوارناسانیش بە بەکارهێنانی تەکنیکی ٧ هەزار ساڵە هەوڵی پاراستنی شوێنەوارەکان دەدەن
بێریڤان کەمال
سلێمانی- مێژووی میزۆپۆتامیا، مێژووی ئەو ناوچانەیە لە باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا کە سەرەتاییترین شارستانیەتی جیهانی تێیدا پەرەی سەند، میزۆپۆتامیا مێژووەکەی بە چەندین داهێنانی گرنگ جیهانی گۆڕی، لەوانە چەمکی کات، بیرکاری، چەرخ، بەلەمی کەشتیوانی، نەخشە و نووسین، هەروەها میزۆپۆتامیا بە گۆڕانی یەک لە دوای یەک لە دەستە دەسەڵاتدارەکان لە ناوچە و شارە جیاوازەکانەوە پێناسە دەکرێت کە لە ماوەی هەزاران ساڵدا دەستیان بەسەر کۆنتڕۆڵدا گرتووە
پارێزگای بابل دەکەوێتە ناوەڕاستی عێراق، ڕووبەرەکەی پێنج هەزار و ١١٩ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتووانی لە ساڵی ٢٠١٨دا بە دوو ملیۆن و ٦٥ هەزار و ٤٢ کەس مەزەندە دەکرێت، پایتەختی پارێزگاکە شاری هیلایە کە بەرامبەر شاری کۆنی بابل دەکەوێتە سەر ڕووباری فورات.
پەرستگای نینماخ، دەکەوێتە نزیک دەروازەی عەشتار لەسەر شەقامی کاروانەکان لە شاری بابل، پەرستگای نینماخ چەندین جار لە سەردەمی ئیسارحەدۆن و ئەسوربانیپاڵ و نەبوخودنەسر لە سەدەی شەشەمی پێش زاییندا ئاوەدان کراوەتەوە.
نینماخ خوداوەندی دایک بووە لە میزۆپۆتامیای کۆن، نینماخ بە واتای "خانمی بەرز"، پەرستگا تایبەتەکەی بۆ یەکەمجار لەلایەن شوێنەوارناسانی گەشتی کۆلدێوی لە ساڵی ١٨٩٩ بۆ ١٩١٤ هەڵکەندرا و دواتر لەلایەن شوێنەوارناسە عێراقییەکانەوە هەڵکەندرایەوە و دووبارە دروستکرایەوە، لە هەڵکۆڵینەکەدا دەرکەوتووە کە هەر ئاوەدانکردنەوەیەک چەند مەترێک بەرزتر بووە لە پێشوو، بەرزکردنەوەی دیوارەکان بەم شێوەیە بووە هۆی پاراستنی دیوارەکانی پێشووتر.
شوێنەوارناسان تەکنیکی ٧ هەزار ساڵە بەکاردەهێنن بۆ پاراستنی شوێنەوارەکان
لە پەرستگای نینماخ، خوداوەندی دایکی سۆمەری، شوێنەوارناسە عێراقییەکان تەکنیکی ٧ هەزار ساڵە بەکاردەهێنن بۆ پاراستنی شوێنەوارەکە، و بەشەکانی دیکەی شاری بابلی دێرین، کە لە ئێستادا بەهۆی ئاوی ژێرزەوی و تێڕژانی خوێوە بۆ ناو شوێنەوارەکە هەڕەشە و مەترسی وێرانبوونی لەسەرە.
شوێنەوارناسەکان بە خشتی قوڕ کە بە وردی دروستکراوە، خەریکی چاککردنەوەی بەشە وێرانبووەکانی شوێنی میراتی جیهانی یونسکۆن، کە بەهۆی هاتنە ناوەوەی ئاوی ژێر زەوی خوێی زیاترەوە توشی داخوران بووە، کێشەکە پەیوەندی بە وشکەساڵی درێژخایەن و وشکبوونی خاکەوە هەیە لە عێراق بەهۆی گۆڕانەکانی کەشوهەوای ئەم دواییە کە ناوچەکەی گرتوەتەوە.
بابل شارێکی دێرینی میزۆپۆتامیایە لەسەر ڕووباری فورات، کە سەردەمانێک ناوەندی ئیمپراتۆریەتێکی فراوان بووە، بە تاوەر و پەرستگاکانی خشتی قوڕ بەناوبانگ بووە، باخچە هەڵواسراوەکانی کە نزیکەی ٢٦٠٠ ساڵ لەمەوبەر دروستکراون، یەکێک بوون لە حەوت سەرسوڕهێنەرە کۆنەکانی جیهان.
کەشوهوا و لێکەوتەکانی لە ئێستادا کاریگەری کردووەتە سەر شوێنەوارە دێرینەکانی عێراق بە گشتی، کێشەکانی وەک دزەکردنی خوێ، پلەی گەرمی بەرز، لافاو و وشکبوون و وەرینی خاک کە بەشێکیان پەیوەندییان بە گۆڕانی کەشوهەواوە هەیە، مەترسی لەسەر شوێنە میراتییەکان لە عێراق و لە سەرانسەری جیهان دروست دەکەن، لە هونەری بەردی ڕەسەنەوە لە ئوسترالیا تا دەگاتە "شاری مزگەوت"ی سەدەی پازدەهەمی بەنگلادیش.
بەبەکارهێنانی خشتی قوڕ هەوڵی چارەسەرکردنی شوێنەوارەکان دەدرێت
لە ئێستادا تیمێکی پسپۆڕی شوێنەوارناسی سەرقاڵی چارەسەرکردنی شوێنەوارەکەن بەبەکارهێنانی خشتی قو، ئەم پڕۆسەیەش بە یەکێک لە تەکنیکە دێرینەکان دادەنرێت و کارکردنی چەند مانگێک دەخایەنێت.
سەرەتا پسپۆڕان بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک زەویەکەیان پاککردەوە پێش ئەوەی خاکێک بدۆزنەوە کە ئاستی خوێی بەرگەگرتنی هەبێت واتە ڕێژەی خوێ تیایدا لە ئاستێکی بێ زیان بێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەبوو خاکەکە بشۆردرێتەوە بۆ ئەوەی کەمترین ڕێژەی خوێی هەبێت، دواتر قوڕەکە لەگەڵ لم، چەو و پوش و ئاو تێکەڵ کرا و شێوەی بازنەیەکی گەورە کرا و بۆ ماوەی مانگێک بەجێهێڵدرا تا قوڕەکە خۆی بگرێت، ئەم پڕۆسەیش خوێی ماوە دەباتە قەراغەکانی تێکەڵەکە و پەراوێزێکی سپی و بلوری بەرهەم دەهێنێت.
دوای فڕێدانی توێکڵی خوێی نەخوازراو، پاشان ئەو شلەیەی کە ماوەتەوە لە شێوەی خشت دروست دەکرێت، دواتر لەسەر ڕاخەرێکی شێوەی حەسیر دادەنرێت کە لەلایەن ژنانی ناوچەکەوە دروستکراوە، ئەمەش نەخشێکی جیاواز بە خشتەکان دەبەخشێت.
ئەم پڕۆسەیەش بە گشتی ڕێژەی خوێ لە ناو خشتەکەدا بە ڕێژەی سێ لەسەر چوار کەمدەکاتەوە لە کاتێکدا خوێ بووەتە هەڕەشە بۆ سەر شوێنەوارە دێرینەکان، کاتێک بۆ یەک دوو ڕۆژ خشتەکان لە سێبەری دارێکدا کۆکرابوونەوە بۆ ئەوەی هەوایان بەربکەوێت، خشتەکان لەبەر خۆردا بڵاودەکرانەوە بۆ ئەوەی بۆ ماوەی مانگێک بیبرژێن پێش ئەوەی ئامادەبن بۆ بەکارهێنان.
پسپۆڕانی عێراق ڕەخنە لە حکومەت دەگرن کە تا ئێستا هیچ بڕە بودجەیەکی بۆ نۆژەنکردنەوە و پاراستنی شوێنەوارەکانی تەرخان نەکردووە، دەسەڵاتدارانی عێراق بەرامبەر مێژوو، شارستانیەت و کەلەپووری ناوچەکە بەتەواوی خەمساردن و گرنگی بە شوێنەوارەکانی وڵاتەکە نادەن کە سەرجەمیان بەشێکبوون لەو شارستانیەتەی بە درێژای مێژوو میزۆپۆتامیای پێ ناسراوە.