گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاگرکەوتنەوە گەورەکان

ساڵانە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە، لە ئەنجامی دروست بوونی کەشێکی وشک و گەرم ئاگر کەوتنەوە گەورەکان زیاد دەکات بەتایبەتی لە ناوچە سەوزایی و دارستانەکاندا، بەڵام مرۆڤەکان دەتوانن بە چالاکییەکانیان بۆ پاراستنی ژینگە ئەم هۆکارە کەمبکەنە

ناوەندی هەواڵ

 

زانایان هەمیشە باس لەوەدەکەن کە دۆخی زەوی لە مەترسیدایە بەهۆی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و تەنانەت بە مەترسی بۆ سەر ژیانی مرۆڤایەتیش دادەنرێت بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی کە بەردەوام ڕوودەدات بە درێژایی نزیکەی ٤ ملیار ساڵ مێژووی ژیان لەسەر زەوی.

 

گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی پلەکانی گەرما هۆکاری زیادبوونی ئاگرکەوتنەوە گەورەکانن بەتایبەتی لە ناو سەوزایی و دارستانە گەورەکاندا و بەڵام کار و چالاکیەکانی مرۆڤ دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی ئەو هۆکارە و پاراستنی ژینگە، چونکە ڕاپۆرتە ژینگەییەکان بە بەردەوامی ئەوە دەخەنە ڕوو کە چالاکییەکانی مرۆڤ هۆکاری گەرمبوونی کەشوهەوا و خاک و زەریاکانن.

 

توێژینەوەیەکی نوێی زانایانی پسپۆڕ تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن مەترسی ئاگرە گەورەکان بە هۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لە ئاستی جیهاندا بەرز دەبێتەوە  بەڵام، چۆن کردار و سیاسەتەکانی مرۆڤ دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە ڕێکخستنی کاریگەرییە هەرێمییەکان.

 

توێژینەوەکە کە لەلایەن تیمێکی نێودەوڵەتی توێژەرەوە بە سەرۆکایەتی زانکۆی ڕۆژهەڵاتی ئەنگلیا (UEA) لە بەریتانیا ئەنجام دراوە، ئەنجامەکەی ئەوە نیشان دەدات کە گۆڕانی کەشوهەوای ئەنترۆپۆجینی فاکتەرێکە مەترسی ئاگرە کێویەکان لە جیهاندا زیاتر دەکات.

 

کەش و هەوای وشکی گەرم دەبێتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرە گەورەکان لە ناوچە سەوازاییەکاندا بەتایبەتی، چونکە لە ژێر گۆڕانی کەشوهەوادا ڕوو لە زیادبوون دەکات، ئەمەش مەترسی ئاگرکەوتنەوەکان زیاد دەکات بەهۆی ئەوەی دیمەنە سروشتیەکان زیاتر هەستیارن بۆ سووتاندن بە ڕێژەیەکی بەرز و توند.

 

کاریگەریەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر مەترسی ئاگرکەوتنەوە پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا بەرز ببنەوە، چونکە ئەوەی تۆمارکراوە ساڵآنە پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوەیە و لەگەڵ هەر پلەیەکی زیادکراو مەترسی ئاگرکەوتنەوە گەورەکان بەرز دەکاتەوە.

 

مۆدێلەکانی کەش و هەوا پێشنیاری ئەوە دەکەن کە لە هەندێک ناوچەی جیهان، بۆ نموونە دەریای ناوەڕاست و ئەمازۆن، فراوانبوونی دۆخی ئاووهەوای ئاگر لە سەردەمی مۆدێرندا بێوێنەیە بە بەراورد لەگەڵ کەش و هەوای مێژوویی ئەم دواییە، بەهۆی گەرمبوونی جیهانی بە نزیکەی ١.١ پلەی سیلیزی بەهۆی مرۆڤەوە.