"کارگەکان و سووتاندنی پاشماوە پزیشکیەکان بوونەتە برینێک بەسەر ژینگەوە"

یەریڤان شاسوار، نمونەیەک لە وتەی دانیشتوانی گەڕەکی تانجەرۆ بۆ نوژنها دەهێنێتەوە و دەڵێت: بەیانیان کە لە خەو هەڵدەستین پێیەکانمان ڕەشبوون لە دووکەڵدا، زۆربەی دانیشتوانەکەش تووشی نەخۆشی ڕەبۆ بوون.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- هەموو ئەو شتانەی لە چواردەوری مرۆڤەکاندایە پێیدەوترێت ژینگە، ژینگەی تەندروست مرۆڤی تەندروست بەرهەم دەهێنێت، هەبوونی ژینگەییەکی ناتەندروست دەبێتە هۆکاری پیسبوونی هەوا و چەندین زیانی تەندروستی بۆسەر مرۆڤەکان و گیاندارەکان، هەروەها زیادبوونی کارگەکان بە بێ بەرنامە و پلاندانان لێکەوتەی خراپی بۆسەر ژینگەی شارەکان دەبێت، کارگە و شوێنە پیشەسازییەکان لە ئایندەدا داهاتویەکی خراپی دەبێت بۆ سەر دانیشتووانی شارەکان، لە ناویاندا کارگەکانی تانجەرۆ لە شاری سلێمانی هۆکارێکی سەرەکین بۆ لەناوبردنی ژینگەیەکی تەندروستی شاری سلێمانی.

 

"هەبوونی کارگەکان دەبێتە هۆی زیانێکی زۆر بۆ دانیشتووانی ناوچەی تانجەرۆ"

یەریڤان شاسوار، چالاکوانی ژینگەی و توێژەری بواری هەوا، باس لەوەدەکات، لە تانجەرۆدا هەموو ڕەگەزەکانی پیسبوونی ژینگە بەدیدەکرێت، لە کاتیکدا تانجەرۆ بە تەنها شوێنی پیشەسازی نییە و شوێنی ژیانکردنی هاوڵاتیانیشە، هەبوونی ئەو کارگانەی لە ناوچەکەدا کاردەکەن زیانێکی زۆریان بە ژینگەی خۆیان و دەوروبەریان گەیاندووە، هەروەها کارگەکان لە سەنتەری شارەکاندا بەرچاو دەکەوێت، وتیشی: هەبوونی کارگەکان لە تانجەرۆدا دەبێت هۆی زیانێکی زۆر بۆ سەر دانیشووانی ناوچەی تانجەرۆ، دەسەڵاتی ناوچەکە نەیتوانیوە بە دانیشتوانەکەی بڵێت ناوچەکەیان بۆ ژیانکردن ناشێت و دووربکەونەوە بۆ سەلامەتی ژیانیان، هەروەها هەبوونی دوکانی ئاسنگەری و فیتەری و شوێنە پیشەسازیەکان لەناو جەرگەی شارەکاندا دیسانەوە هۆکارن بۆ پیسبوونی ژینگەی شاری سلێمانی و دەورووبەری.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، کە پێویستە هۆکاری پیسبوونی ژینگە دیاری بکرێت، دەڵێت: ئیتر ئێمە پێویستمان بە بانگەشەی باڵەخانەی بەرز و ژیانێکی نوێ و پێشکەوتن نییە، پێشکەوتن بە تێکدانی ژینگە و بەرزکردنەوەی باڵەخانەکان ناکرێت، پێشکەوتن لە بەرهەمە کوردەواریەکاندایە نەک کەرەستە و پێداویستییە سەرەتایەکانمان لە وڵاتانی داگیرکەرەوە بۆ هاوردە بکرێت، لایەنی دەسەڵاتدار دەبێت لێرەدا بووەستێت، بودجەی کەرتە ناپێویستەکان بگێڕدرێتەوە و برەو بە کەرتە ژینگەیەکان بدرێت.

 

"برینە ژینگەیەکان بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە"

ئەو توێژەری بواری هەوا ئاماژەی بەوەشدا، گەورەبوونی شارەکان و نزیکبوونەوەی تانجەرۆ لە شاری سلێمانی نابێت بەو شێوازە پیس بکرێت، لەو بارەیەوە دەڵێت: کارگەکان پێویستە بە شێوەیەکی زانستیانە دابڕێژرێتەوە، نابێت کارگەکان لە نزیک شارەکان بەردەوامی بە پیشەسازی بدەن، ئەگەر ناچارن لە شوێنەکانی خۆیاندا بمێننەوە پێویستە فلتەری هەوایان بۆ دابندرێت و ئاوە پیسەکانیان پاڵاوتنی بۆ ئەنجام بدرێت، پاشان بکرێتە ئاوەکانی تانجەرۆوە، ناچار بکرێن خاشاکەکانیان ڕیسایکلینی بۆ ئەنجام بدرێت، ناکرێت کوردستان ببێتە شوێنی پیشەسازی و پیسبوونی ناوچەکەی بۆ ناردنی پیشەسازیەکان بۆ وڵاتانی دەرەوە.

 

وتیشی: تەنها بە ناوچە پیشەسازیەکانەوە نەوەستاون، لەناوبردنی پاشماوە پزیشکیەکان لە ناوچەی تانجەرۆدا دیسانەوە دەبنە هۆکاری پیسبوونی ژینگەی ناوچەکە، لە ئێستادا تانجەرۆ برینێکە بە شاری سلێمانیەوە، دەبێت بە کۆدەنگی هەوڵ بدرێت بۆ ساڕێژکردنی ئەم برینە ژینگەییە.

 

"نەخۆشە شێرپەنجەییەکان پێویستە هۆکارەکەی دەستنیشان بکرێت"

یەریڤان شاسوار، باسی لەوەشکرد، ناکرێت لە شوێنێدا چارەسەر بکرێت، لە شوێنێکی دیکەدا برینێکی دیکە دروست بکرێت، ئامارەکانی نەخۆشخانەکانی کوردستان ئامارێکی ترسناک بە هاوڵاتیان دەدەن، دەشڵێت: نەخۆشخانەی توشبوون بە نەخۆشیە شێرپەنجەییەکان دڵسۆزانە کاردەکەن لەپێناو هاوڵاتیاندا، بەڵام ئیتر کار لە چارەسەردا نەماوە، دەبێت هۆکارەکانی توشبوون بە نەخۆشیە شێرپەنجەییەکان بۆ هاوڵاتیان بخرێتەڕوو، هەروەها پێویستە کار لەسەر کەمبوونەوەی هۆکارەکانی توشبووم بە نەخۆشییەکان بکەین تا ئەرک لەسەر هەموو نەخۆشخانەکان کەم بکرێتەوە.

 

هەروەها تیشک دەخاتەسەر بنبڕکردنی هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە، کە ساڵانێکی زۆری پێ دەچێت، وتیشی: سنوردارکردنی کارگەکان و هۆکارەکانی پیسکەری ژینگە و هەوا، یاخود سنورداری لایەنە سەرمایەداریەکان لە پڕۆژە قڕکەرەکانی ژینگەیدا دەتوانێت ببێتە هۆکاری کەمبوونەوەی پیسبوونی ژینگە، هەبوونی ژینگەیەکی ناتەندروستی وەک تانجەرۆ وای لە هاوڵاتیانی ناوچەکە کردووە ڕوبەڕووی چەندین نەخۆشی ببنەوە، پێویستە کارمەندانی کارگەکانی تانجەرۆ بەردەوام لەژێر چاودێری تەندروستیدا بن، هەروەها دانیشتوانی ناوچەی تانجەرۆ دووربخرێنەوە لە ناوچەکە و شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین بکرێت، لە کاتێکدا شوێنی نیشتەجێبوون بۆ کەسانی دەرەوەی کوردستان دابین دەکرێت، بەڵام دانیشتوانی وڵاتەکەمان ژیانیان لە مەترسیدایە و شوێنێکی تەندروستیان نییە بۆ ژیانکردن.

 

"یاسا ژینگەییەکان جێبەجێ ناکرێن"

یەریڤان شاسوار، لە زاری هاوڵاتیەک لە گەڕەکی تانجەرۆدا دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "هەوای ناوچەی تانجەرۆ و گەڕەکەکانمان ئەوەندە پیسبووە شەوان کە دەخەوین و بەیانیان هەڵدەستین قاچەکانمان ڕەش بوون لە دووکەڵدا، بەردەوام پەردەی ماڵەکانمان و کەلوپەلەکانمان ڕەش و پیسن، زۆربەمان لە تەمەنێکی منداڵیەوە تووشی نەخۆشی ڕەبۆ و هەناسە تەنگی دەبین و بەردەوام نەخۆشی مەترسیدار لەناوماندا زیاد دەکات". ئەو ژینگە پارێزە دەشڵێت: نەبوونی چاودێری تەندروستی بۆ کارمەندانی کارگەکانی تانجەرۆ هۆکارێکی دیکەی زیادبووونی نەخۆشیە مەترسیدارەکانە، ئەو کارمەندانەی لە کارگەکاندا کاردەکەن ڕووبەڕووی چەندین نەخۆشی بوونەتەوە، بەڵام بەهۆی بێکاری لە ناوچەکەدا و نانبڕ نەکردنی کارمەندەکانیان بێدەنگ دەبن لەو زیانانەی بەردەوام بەریان دەکەوێت لە کارگەکاندا.

 

لە کۆتاییدا وتی: ژینگەی هەرێمی کوردستان ئەوەندە پیس بووە پێویستمان بە قسەی باق و بریق نییە، ئەو یاسایانەی دایان ناوە لە پەرلەمانی کوردستاندا جێبەجێ بکرێت بکرێنە کردار، کەسانی ئەکادیمی زۆر باشمان لە زانکۆکانی سلێمانی و سەڵاحەدین هەیە و کەسانی بێلایەنن و پێویستە لەسەر ئەم پرسە ژینگەیانە بەدەنگ بێن، دەبێ ئێمە لە پرسی ژینگەدا لەم ئاڕاستەیەدا بەجێ نەمێنین، هەروەها لەسەر ئاستی تاک پێویستیمان بە هۆشیاریی و فشاری بەردەوام هەیە، هەبوونی ژینگەیەکی تەندروست تەنها بۆ ئێمە نییە، بەڵکو بۆ نەوەکانی داهاتوو پێویستە هەوڵ بدەین.