عێراق ڕووبەڕووی وشکەساڵی دەبێتەوە داوا دەکات تورکیا ئاو بەربداتەوە

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق داوای لە تورکیا کردووە، ئاوی زیاتر بەرەو ڕووباری فورات بەربداتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە قەیرانی وشکەساڵی سەخت ڕووی لە وڵاتەکەی گرتووە کە سەختترین قەیرانە لەدوای ساڵانی ١٩٣٠وە.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایگەند، وەزیرەکەیان داوای لە لایەنی تورکیا کردووە بەردانەوەی ئاوی فورات زیاد بکات و بەردەوامی بە گفتوگۆکان لەسەر ئاستی وەزاری و تەکنیکی بدرێت بۆ بەدواداچوون بۆ بەردانەوەی ئاو بەرەو عێراق و دانانی بناغەیەکی پتەو کە پشکی عێراق لە دیوی تورکیا لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات زامن بکات.

 

وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق داوای چالاککردنی ئەو یاداشتنامەیەشی کە کە لە ساڵی ٢٠٢١ بۆ لێکتێگەیشتن پەسەند کرا، کە بڕگەیەکی زۆری لەخۆگرتبوو سەبارەت بە پەرەپێدانی چوارچێوەی هاوکاریی بەرهەمدار و بنیاتنەر لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

 

لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتدا هاتووە: "هەردوولا بە ئاڵوگۆڕی شاندی تەکنیکی بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ تەکنیکیەکان بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەری گونجاو کە هەردوولا ڕازی بکات".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، کە تورکیا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دوو هێندەکردنی بەردانەوەی ئاوی ڕووباری دیجلە بۆ ماوەی یەک مانگ لە ئەنجامی دۆخی نالەباری ئاو، بەڵام پێدەچێت ئەمە بەس نەبووبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەمی ئاو لەو وڵاتەدا.

 

دۆخی عێراق بە هۆی گرتنەوەی ئاوی دیجلە و فورات لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە وەک فشارێک بۆ سەر هەرێمی کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دۆخێکی نالەباردایە و وشکەساڵی کاریگەری کردووەتە سەر کشتوکاڵ و ئاودێری و نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان بە تایبەت لە هۆڕەکان و خوارووی عێراقدا، هەروەها یەدەگی ئاوی عێراق لە دۆخێکی زۆر ناجێگیردایە، بەو پێیەی قەبارەی ئێستای لە نێوان ٧ بۆ ٧.٥ ملیار مەتر سێجادایە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩دا لە نێوان ٥٥ بۆ ٦٠ ملیار مەتر سێجا بووە کە ئەمەش جیاوازییەکی زۆر گەورەیە.

 

ماوەی چەند هەفتەیەکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕبوو لە وێنەی شۆککەری ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، کە دابەزینی بەرچاوی ئاستی ئاویان تێدا بەدیدەکرێت، ئەو ڕادەیەی ئێستا خەڵک توانای ئەوەیان هەیە بەناو ڕێڕەوی ئاوەکاندا هاتوچۆ بکەن.