چۆن جەنگەکان کاریگەری لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە دەبێت؟

وڵاتان ڕێژەی ڕاستەقینەی بڵاوبوونەوەی ئەو گازەی کە لە تەکنەلۆجیای سەربازییەوە دەبێتە هۆی گەرمبوونی زەوی لە ئەنجامی جەنگەکانەوە بڵاوناکەنەوە، جەنگەکان دەتوانێت ٩٠٪ی ئاژەڵە کێوییەکان لە ناوچەیەکدا بکوژێت و هەمەجۆری زیندەوەران بۆ ساڵانێکی درێژ لەناوبەرێت.

بێریڤان کەمال

 

ناوەندی هەواڵ- لە هەموو جیهاندا جەنگەکان وێرانکاری، ئاوارەبوون، گۆڕانی کەشوهەوا دروستدەکات و هەموجۆری زیندەوەران لەناودەبات، نوێترین نمونە شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیایە کە چەندین قەیرانی ژینگەیی دروستکردووە وەک پیسبوونی ئاسمان، ئاوی ژێرزەوی، لەناوچوونی ئاژەڵە کێوییەکان و زیندەوەران و سوتاندنی کێڵگە ڕووەکیەکان، کە بووەتە دروستکەری قەیرانی خۆراکی و ئەم قەیرانانە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، هێرش و بۆردومان و بەکارهێنانی چەکی کیمیاییش لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆسەر خاکی کوردستان بەشێکی ئەو زیانانەیە بەر ژینگە دەکەوێت.

 

بەردەوامبوونی شەڕ توانای وڵاتان کەمدەکاتەوە بۆ زاڵبوون و چارەسەرکردنی گۆڕانە ژینگەییەکان و ئاوارەبوون و قەیرانە خۆراکییەکان، لە هەمانکاتدا قەیرانی سوتەمەنی بووەتە کێشەیەکی دیکەی وڵاتەکان، کە کوردستان لێی بێبەش نییە.

 

گەرمبوونی جیهانی دەرەنجامی بەکارهێنانی چەک و تەقەمەنییە

لە کاتی دروستبوونی جەنگ سەربازەکان بڕێکی زۆر سووتەمەنی خاو بەکاردەهێنن کە ڕاستەوخۆ یارمەتی گەرمبوونی جیهانی دەدات، بۆمبارانکردن و شێوازی تری جەنگی مۆدێرن ڕاستەوخۆ زیان بە ژیانی کێوی و هەمەجۆریی چەندەها ئاژەڵ و زیندەوەر دەگەیەنێت کە دەتوانێت تا ٩٠٪ ئاژەڵە کێوییەکان لە ناوچەیەکدا بکوژێت، پیسبوونی ژینگەیی لە ئەنجامی جەنگ، ئاو و خاک و هەوا پیس دەکات و ئەو ناوچانە دەکاتە ناسەلامەت بۆ خەڵک کە تیایدا بژین، هەروەها کەشتییە جەنگییەکان پاشماوەکان و مادە سوتەمەنییەکان فڕێدەدەنە ناو ئاو پیسی دەکەن.

 

زۆربەی وڵاتان ڕێژەی ڕاستەقینەی بڵاوبوونەوەی ئەو گازەی کە لە تەکنەلۆجیای سەربازییەوە دەبێتە هۆی گەرمبوونی زەوی لە ئەنجامی جەنگەکانەوە بڵاوناکەنەوە، کە بە نزیکەیی ٪٦ خەمڵاندوویانە، تەنانەت لە کاتی ئاشتیشدا میلیتارە سەربازییەکان بڕێکی زۆر وزەی پیس فڕێدەدەنە هەوا، بۆ نموونە ٥٦٦،٠٠٠ بینای وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ٤٠٪ سووتەمەنیی خاو بەکاردەهێنێت، کە بریتین لە بینای ڕاهێنان، بەشە ناوخۆییەکان، کارگەی دروستکردن و بیناکانی دیکە کە نزیکەی ٨٠٠ بنکەیە لە جیهاندا.

 

وڵاتانی وەک سویسرا و بەریتانیا، وەزارەتەکانی بەرگری بە هەمان شێوە زۆرترین سووتەمەنیی لەناو دەزگاکانی حکومەتدا بەکاردەهێنن، ئەو وڵاتانەی کە بنکەی سەربازی گەورەیان هەیە وەک: چین، سعودیە، ڕوسیا و ئیسرائیل کۆی وزەی پیسی ناو ژینگە ڕاپۆرت ناکەن.

 

زیادبوونی جەنگ ڕێژەی بەکارهێنانی سوتەمەنی خاو بەرز دەکاتەوە

لەکاتێکدا کە وڵاتانی جیهان پارەی زیاتر دەدەن لەپێناو دروستکردنی هێزی سەربازی گەورەتر، بەکارهێنانی سووتەمەنی خاو زیاد دەکات و لەگەڵیدا ناکۆکی نێوان وڵاتان بەرز دەکاتەوە، لە کاتێکدا پاراستنی سەربازی بەشداری دەکات لە گۆڕانی کەشوهەوا و جەنگ چالاکبوونی ئەم توانایە زیاتر دەکات.

 

هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٣٧ هەزار بۆمب و موشەکیان بۆ سەر وڵاتانی دیکە تەقاندوەتەوە، ئەو فڕۆکانەی هەڵگری ئەو چەکانەن دەتوانن بڕی ٤.٢٨ گالۆن بەنزین بۆ هەر میلێک بسوتێنن و هەر تەقاندنەوەیەک گازی زیادە بڵاودەکاتەوە و نقومبوونی کاربۆنی سروشتی وەک خاک و سەوزە و دار لەناودەبات.

 

جەنگی دژە تیرۆری ئەمریکا ١.٢ بلیۆن مەتر.تەن گازی لە کەشوهەوادا بڵاوکردوەتەوە، کە کاریگەری گەرمبوونی لەسەر هەسارەکە زیاترە لە دەرچوونی ئەو گازەی ساڵانە لە ٢٥٧ ملیۆن ئۆتۆمبێلەوە دەردەچێت.

 

لە کاتی ئاشتیشدا، ڕاهێنانی تاقیکردنەوەی سەربازی و دروستکردن دەبێتە هۆی پیسبوونی بەربڵاو بۆ ژینگە کە بە گوێرەی دەستەی بەڕێوەبەری گشتی جیهان نزیکەی ١٪ بۆ ٦٪ ی هەموو خاکەکان داگیر دەکات.

 

بەشێکی زۆری خەڵک لەو ناوچانەدا دەژین کە کەشوهەوای سەلامەت نییە

پیسبوونی هەوا لەو ناوچانەدا کە شوێنی ململانێی جەنگە لەلایەن دانیشتوانەکەیەوە هەستی پێدەکرێت، چونکە ژیان تیایدا سەلامەت نییە، خەڵکی ئەفغانستان جگە لە پیسبوون بەهۆی بێ وەستانی تەقینەوەی بۆمب ڕووبەڕووی چاڵی ئاگر و سوتانی کراوە دەبنەوە کە لەلایەن سوپاوە بەکاردێت بۆ فڕێدانی پاشەڕۆ و سوتاندنی، ئەنجامی ئەم چاڵانە دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی شێرپەنجە بۆ خەڵکی ناوچەکە، لە کاتی جەنگیشدا فڕێدانی پاشەڕۆکانی جەنگ و زیادبوون و لەناونەبردنی خاشاکی ماڵانیش نەخۆشی و ناسەلامەتی بۆ هاوڵاتیان دروستدەکات.

 

جەنگ لەناوچە شارنشینەکاندا وەک ئەوەی ئێستا لە ئۆکراینا ڕوودەدات زیانی زۆری بە بیناو ڕێگاوبان و ژێرخانی ئابووری گەیاندووە کە دەتوانێت هەوا پڕبکات لە پاشماوە و خۆڵ و خاشاک و هەناسەدانی تەندروستی بۆ خەڵک قورستر کردووە، هەروەها هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بۆ سەر ئە  "ئاسانکارییانەی کە بەهۆی ماددە کیمیاییە مەترسیدارەکانی وەک ئامۆنیا بەڕێوەدەبرێت" هەڕەشەی سەلامەتی کۆمەڵگە نزیکەکانی دەکات.

 

جەنگ ژیانی زیندەوەرە کێوییەکان و جۆرایەتی زیندەوەران لەناو دەبات

لە کاتی دروستبوونی جەنگەکاندا گیانلەبەرە کێوییەکان دەکوژرێن، ڕووەکەکان لەناو دەچن و جۆرایەتی زیندەوەران کەمدەبێتەوە، کە هەندێک جۆری دەگمەنی زیندەوەران لەناوچوون، ژمارەی ئاژەڵە کێوییەکان کە لە ناوچەیەکدا هەن بۆ٩٠٪ کەم دەبنەوە و تەنانەت یەک ساڵی شەڕ دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئاژەڵە کێوییەکان بۆ ساڵانێکی درێژ خایەن، توێژینەوەیەک دەریخستووە کە پارکی نەتەوەیی گۆرۆنگۆسا لە مۆزامبیک ٩٥٪ ی هەمەجۆری زیندەوەرەکانی لە دەستداوە لە دوای شەڕێکی ناوخۆیی درێژخایەن.

 

لە ماوەی جەنگی ڤێتنامدا زیاتر لە ٥ ملیۆن دۆنم دارستان و ٥٠٠ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی وێران بوون، لە کاتی ڕژێمی بەعسدا کێڵگەکانی عێراق بۆ ١٠٪  کەمبوونەتەوە بەبەراورد بە قەبارەی مێژووییان، ئەفغانستان نزیکەی ٩٥٪ دارستانەکانی لەدەستداوە لەم چەند دەیەی دواییدا.

 

لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٦- ٢٠١٠ کاریگەریی ئاڵۆزی و ململانێکان لە سوریا  و ڕۆژئاوای کوردستان بووەتە هۆی چۆڵبوونی زەوی کشتوکاڵیە بە پیتەکانی کە ئەمەش بە مانای لەناوچوونی بەرهەمی دانەوێڵە دێت و بەوهۆیەوە ٨٠٠ هەزار کەس داهاتیان لەدەستداوە و ٪٨٥ مەڕوماڵاتەکانی ئەو وڵاتە لەناوچوون.

 

لەکاتێکدا خەڵک بژێوی ژیانیان لەدەستدا، نرخی خۆراک بەرزبووەوە و ١.٥ ملیۆن کرێکاری گوندنشیین بۆ دۆزینەوەی کار چوونە ناو شارەکان، ژمارەیەکی زۆری خەڵک ڕووبەڕووی هەژاری بوونەوە، ئەنجامی ناکۆکییەکە بووە هۆی ئەوەی کە بە نزیکەیی ٦.٦ ملیۆن کەس لە خەڵکی سوریا ناچاربوون لە وڵاتەکەیان هەڵبێن کە بە خراپترین پەنابەربوون ناودەبرێت.