هێرۆ وەکیل؛ یەکێک لە ژنانی پاڵەوانی مافەکانی ژینگە

هێرۆ وەکیل لە بواری ژینگەدا کاردەکات، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خەڵاتی "ژنانی پاڵەوانی مافەکانی ژینگە بۆ ساڵی ٢٠٢٣"ی لەلایەن سەنتەری جنیڤ بۆ مافەکانی مرۆڤ پێبەخشرا، لە نوژنهاوە باس لە پلانی داهاتووی دەکات.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- هێرۆ وەکیل، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان، یەکێکە لەو ٤ ژنەی جیهانی کە خەڵاتی "ژنانی پاڵەوانی مافەکانی ژینگە بۆ ساڵی ٢٠٢٣"ی لەلایەن سەنتەری جنێف بۆ مافەکانی مرۆڤ پێبەخشرا، هێرۆ لە بواری ژینگەدا کار دەکات و بەڕێوەبەری ڕێکخراوێکیشە، ساڵانێکە ئامانجی پاراستنی ژینگەی هەڵەبجەیە و وەک ڕێکخراوەکەی زۆرترین کاریان لەو سنورەدا کردووە.

 

هێرۆ وەکیل، کە خۆی چالاکوانی بواری ژینگەیە، باس لەوە دەکات، کاتێک بینیویەتی کە دەتوانێت بکەوێتە ناو کێبڕکێی باشترین کار بۆ ژینگە، کە لەلایەن سەنتەری جنێف بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕێکخراوە، زانیاری تایبەتی خۆی ناردووە و وەڵام دراوەتەوە بەوەی کە زانیارییەکانی وەرگیراوە، هێرۆ وەکیل دەربارەی وەرگرتنی خەڵاتەکە وتی: بۆ ئەوەی بگەیت بە هەر کارێک هەوڵ و ماندووبوونی زۆری دەوێت.

 

هێرۆ باس لەوە دەکات، ئاگاداریان کردەوە بە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین ئامادە بن و براوەکان دەستنیشان دەکرێت، هەڵبژاردنی هێرۆ وەک یەکێک لەو چوار ژنەی شایستەی خەڵاتەکە بوون، دڵخۆشی کردووە، وتیشی: ڕاستە بە ناوی منەوە خەڵاتەکە وەرگیراوە، بەڵام ستافی ڕێکخراوی نوێ هۆکاری سەرکەوتنی کارەکانم بوون و ئەگەر هاوکارییەکانی ئەوان نەبووایە، ئەوا نەمدەتوانی ببمە براوەی خەڵاتێکی لەو شێوەیە.

 

"خەڵاتەکە پلانی داهاتووی قورستر کردووم و ئەرکە لەسەرم کە کاری زیاتر بکەم"

هێرۆ وەکیل، بەرپرسی ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژن، سەبارەت بە پلانەکانی داهاتووی وتی: ئێمە لەگەڵ پلانی داهاتوو دەبێت کار و چالاکی زیاترمان هەبێت و ڕێکخراوی نوێ سەنتەری ڕیسایکلینی هەیە، کە پێویستە زیاتر گرنگی پێبدەین، ئامانجیشمانە بەهۆی ئەو هەڕەشەیەی لەسەر ژینگە هەیە، زیاتر هەڵگرتنی تورەکە بکەین بە کولتوور و لەناو خەڵکدا بڵاوی بکەینەوە، کۆتا پلانیشمان خانووی نمونەییە، کە چۆن بتوانین لە ڕێگەی وزەی خۆر و ئاوی ئاوەڕۆوە ڕووناکی بەرهەم بهێنین.

 

جێی ئاماژەیە، خەڵاتەکانی سەنتەری جنێف بۆ مافەکانی مرۆڤ، ساڵانە لە ڕۆژی ١٠ی کانوونی یەکەمدا، کە هاوکاتی ڕۆژی جیهانیی مافەکانی مرۆڤە دابەش دەکرێن، هەوڵێکە بۆ ڕێزلێنان لە کار و ماندووبوونی ئەو کەسانەی لە بواری مافەکانی مرۆڤدا تێدەکۆشن و هاندانیانە بۆ بەردەوام بوون.