لەیلا ساروخان: بەپێی دەرفەتەکانی بەردەستمان پێداویستی کشتوکاڵ دابین دەکەین

لەیلا ساروخان، هاوسەرۆکی دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دۆخی کشتوکاڵی ناوچەکەی هەڵسەنگاند و ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی کەمی بارانبارینەوە هەوڵدەدەن پرۆژەی کشتوکاڵی نوێ پەرە پێبدەن.

عەبیر محەمەد

 

حەسەکە- ماوەی سێ ساڵە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و سوریا بەهۆی کەمی بارانەوە تووشی وشکەساڵی بوون، لە ئەنجامی ئەو وشکەساڵییەدا زیان بە کێڵگە کشتوکاڵییەکان گەیشتووە، دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کەرتێکی خزمەتگوزاریە کە سەرەڕای هەموو بارودۆخەکان بنەمای ژیانە بۆ خەڵکی ناوچەکە بۆ ئەوەی هەموو پێداویستی و پێداویستیەکانی گەنم دابین بکەن.

 

لەیلا ساروخان، هاوسەرۆکی دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بارودۆخی کشتوکاڵی ناوچەکەی هەڵسەنگاند و وتی: کاتێک وشەی جزیرە دێتە سەرزمان ئەوەی سەرنجی خەڵک ڕادەکێشێت لە سەرەتادا کشتوکاڵە، چونکە ٦٠٪ی خەڵکی ئەم هەرێمە کاری کشتوکاڵی دەکەن، ناوچەی جزیرە بە گشتی کشتوکاڵی تێدا دەکرا و بەرهەمەکانی زۆر بوون، لە ماوەی ١٠ ساڵی شۆڕشدا کاریگەرییەکی زۆر لەسەر بارودۆخی کشتوکاڵی هەبوو، هەر لە سەرەتای شەڕەوە تا ئەمڕۆ کاریگەرییەکانی دەردەکەون، خودی کۆمەڵگەش لە ژێر کاریگەری دابەزینی بەرهەمداریدا بووە بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە زۆرێک لە جووتیاران زەوییەکانیان بەجێهێشت و ڕوویان لەناوچەکانی تر کرد، سەرەڕای ئەوەش قەیرانی سوریا بووەتە هۆی ئەوەی لیرەی سوریا لە بەرامبەر دۆلاردا بڕوخێت و بەهاکەی دابەزێت و ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ جووتیاران.

 

 

سێ ساڵ وشکبوون و نەبارینی باران

لەیلا ساروخان ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی کەمی ئاوەوە زەحمەتییان بینیوە و سەرەڕای سەختییەکانیان توانیویانە ٧٠٪ی پێداویستییەکان دابین بکەن و وتیشی: لەم ساڵانەی دواییدا بەتایبەتی لە سێ ساڵی ڕابردوودا وشکەساڵی زۆر ڕووی داوە، توانیمان لە ساڵی ڕابردوودا ٪٧٠ی پێداویستیی گەنم بۆ خەڵک دابین بکەین، ئەو بارانەی کە ئەمساڵیش باریوە کەمە، بەڵام ئەگەر لە مانگی ئاداردا بارانێکی باش ببارێت ئەوا کشتوکاڵی و بەرهەمهێنان باش دەبێت، ئەمە لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕوون دەبێت.

 

پاراستنی کشتوکاڵ

لەیلا ساروخان لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری کەرتێکی خزمەتگوزارییە کە پێداویستی جووتیاران و گەنم دابین دەکات، پلانی ساڵانە دادەنرێت و بەو پێیەش پێداویستییە کشتوکاڵییەکانی وەک سووتەمەنی و تۆو و سەماد دەداتە جووتیاران، لە ساڵەکانی وشکەساڵیدا پشتیوانی ئاودان دەکەین و سووتەمەنی بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکەین، هەندێک لە جووتیاران گلەیی ئەوەیان کردووە کە سووتەمەنی لەکاتی خۆیدا دابەشناکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەماهەنگییەکە لە نێوان ئێمە و دەزگای سووتەمەنی و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ ڕێگریکردن لە وەستانی کاری کشتوکاڵی لە هەرێمدا دامەزراوە، چونکە بە ڕاستی کشتوکاڵ سەرچاوەیەکی گرنگی ژیانی کۆمەڵگەیە و لە ڕێگەیەوە پارێزگاری لە ئاسایشی خۆراک دەکات.

 

بەپێی کەشوهەوای هەرێم شێوازی کشتوکاڵکردن دەدۆرێتەوە

لە کۆتایی قسەکانیدا، لەیلا ساروخان پرۆژە و پلاندانانی دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا خستەڕوو، وتی: بەشی توێژینەوەکەمان لە ئێستادا کاردەکات بۆ دۆزینەوەی شێوازی کشتوکاڵی بەپێی کەشوهەوای هەرێم، چونکە کەشوهەوای ئێمە گۆڕانکاری زۆری بەخۆوە بینیوە، لە داهاتوویەکی نزیکدا بەشی دەرمانی کشتوکاڵیمان چالاک دەکرێت بۆ شیکردنەوەی هەر دەرمانێک کە بچێتە ناو هەرێمەکانمان بۆ کشتوکاڵ بەپێی هەر چوار وەرزەکەی ساڵ، چ بۆ لۆکە و گەنمەشامی و چ سەوزەوات، بەپێی ئەو دەرفەتانەی لە دەستماندایە پێداویستیەکان دابین دەکرێت.