وشکبوونی ڕووباری قزل ئۆزان، دەبێتە هۆی قەیرانی ژینگەیی

وشکبوونی ڕووباری قزل ئۆزان دەبێتە هۆی لە ناوچوونی ڕووەک و زیندەوەرە ئاوییەکانی ناو ڕووبارەکە و لەگەڵیدا ئەو جوتیارانەی  ڕووبەرووی نیگەرانی کردوەتەوە کە ئاوی کێڵگەکانیان لە ڕووبارەکەوە دابین دەکرد.

ناوەندی هەواڵ

ڕووباری قزل ئۆزان یەکێکە لە درێژترین ڕووبارەکانی ئێران، لە نێوان سەقز و دیواندەرە لە پارێزگای کوردستان سەرچاوەی گرتووە کە لە باکووری ئێران دەڕژێت.

 

وشکەساڵی و وشک بوونی ڕووباری قزڵ ئۆزان بووەتە هۆی مردن و لەناوچوونی ماسییەکانی ناو ڕووبارەکە، ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی هۆکاری جۆراوجۆرەوە ئەم ڕووبارە لە وەرزی هاویندا لە جوڵە دەوەستێت و وشک دەبێتەوە.

ڕووباری قزل ئۆزان یەکێکە لە پڕ ئاوترین و بەرزترین ڕووبارەکانی ئێران، بە چەند پارێزگایەکدا تێدەپەڕێت، دەڕژێتە ڕووباری سپی و دواجاریش دەچێتە ناو دەریای خەزەر.

وشک بوونی ئاوی ڕووبارەکە لە ماوەی چەند مانگێکی گەرمی ساڵدا دەبێتە هۆی مردن و لەناوچوونی ژیانی زیندەوەرە ئاوییەکان و وەستانی ژیان لەم ڕووبارەدا.

 

مردنی زیندەوەر و ڕووەکە جۆراوجۆرەکانی ناو رووبارەکە کە لە جۆری خۆیاندا دەگمەنن، لەگەڵ بەردەوامبوونی وشکەساڵی، دەتوانێت ببێتە هۆی مردنی ژینگەی قزل ئۆزان.

 

گەرمای زۆر و کەمبوونەوەی بارانبارینی ساڵانە هۆکاری گرنگن بۆ وشکبوونەوەی ئەم ڕووبارە پڕ لە ئاوە و ئەمەش جگە لە مردنی ئاژەڵە ئاوییەکان، ئەو جووتیارانەی نیگەران کردووە کە لەم ڕووبارە ئاوی کێڵگەکانیان دابین دەکرد.

هەر لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە بیر لە ڕێکارێک بکرێتەوە بۆ ڕزگارکردنی ژیان لەم ڕووبارە.