وشکبوونەوەی گۆلی ورمێ مەترسی دروستبوونی زریانی خۆڵ زیاد دەکات

لەگەڵ چڕبوونەوەی وشکەساڵی و وشکبوونەوەی گۆلی ورمێ، مەترسیی زریانی خۆڵ بۆ ٥ ملیۆن کەسی دانیشتووی دەوروبەری ئەم گۆلە دروستبووە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ زیادبوونی وشکەساڵی لە ئێران و گرنگی نەدانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە نۆژەنکردنەوەی گۆلی ورمێ، ئەم دەریاچەیە زیاتر لە جاران وشک بووەتەوە و ئەو ٥ ملیۆن کەسەی لە نزیکی دەریاچەکەدا دەژین ڕووبەڕووی چەندین مەترسی وەک  زریانی تۆز بوونەتەوە.

 

مەهدی زاری، زانای بومەلەرزەزانی و لێکۆڵەر، لە یاداشتێکدا لە ژێر ناوی "پێویستی زیندووکردنەوەی گۆلی ورمێ کە وشک بووەتەوە"، ڕایگەیاندووە کە بە پێی وێنە نوێیەکانی مانگی دەستکردی ئەم دەریاچەیە، "تا ٧ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٤، بەشی باکوور و باشووری گۆلەکە وشک بووەتەوە و لە وێنەی مانگی دەستکرددا بە ڕەنگی سپی خوێ دەبینرێت".

 

ناوبراو وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، دەشڵێت: بۆ یەکەمجار ڕێک ساڵێک لەمەوبەر لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٣، گۆلی ورمێ نزیکەی تەواو وشک بووەوە، جگە لە حەوزە بچووکەکانی قووڵترین بەشی باکووری و نزیک دەمی ڕووباری باشووری ڕۆژئاوا، ئاستی گۆلەکە گەیشتە کەمترین ئاستی مێژوویی خۆی بۆ ١٢٧٠ مەتر، کە زیاتر لە ٨ مەتر کەمیکردووە بە بەراورد بە زۆرترین ئاستی ١٢٧٨.٤ مەتر لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٩٥ - بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا- ئەم گۆلە جارێکی دیکە لە بەهاری ساڵی ٢٠٢٤دا بە شێوەیەکی وەرزی ئاوی لێ دەرچوو و بە بارانبارین. تاڕادەیەکی باش لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ و سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ نزیکەی یەک ملیار مەتر سێجا ئاوی تێڕژا، بەڵام دیسانەوە لە سەرەتای هاوینی ٢٠٢٤، پرۆسەی وشکبوونەوەی چڕتر بووەوە و دیسانەوە بە تەواوی وشک بووەوە.

 

وشکبوونەوەی ئەم دەریاچەیە دانیشتوانی نزیکی گۆلەکە ڕووبەڕووی کێشەی زیاتر دەکاتەوە و یەکێکە لەوانە زریانی تۆزە.

 

جگە لەوەش لەگەڵ وشکبوونەوەی ئەم گۆلە، زۆرێک لە چالاکییە کشتوکاڵی و گەشتیارییەکانی ئەم ناوچەیە کەمبوونەتەوە و ژیانی زۆرێک لە جۆرەکانی ڕووەک و ئاژەڵ کەوتووەتە مەترسییەوە.

 

سەرەڕای داواکارییە زۆرەکانی چالاکوانانی ژینگەپارێزی بۆ زیندووکردنەوەی ئەم دەریاچەیە، دەسەڵاتداران هیچ گرنگییەکیان نیشان نەداوە و هیچ ڕێوشوێنێکیشیان بۆ ڕێگریکردن لە وشکبوونەوەی دەریاچەکە نەگرتووەتەبەر. هەندێک بەڵگە و ڕاپۆرت ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم دەریاچەیە بە ئەنقەست وشک کراوە بە مەبەستی بەکارهێنانی کانزاکان، لەوانەش لیتیۆم.