لە سلێمانی هەڵمەتیک دژی شێواندنی سروشت و چیای گۆیژە دەستیپێکردووە

لە دژی شێواندنی سروشت، بە بەشداری ژمارەیەکى زۆر لە کەسایەتى، ژینگە دۆستان، ڕۆژنامەنووسان ڕۆشنبیران دەستیەک بۆ داکۆکیکردن لە سرووشتی شاری سلێمانی و بەتایبەت چیای گۆیژە ڕاگەیەندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بناری چیای گۆیژەو ئەزمەڕ دوو بەرزایی ڕەنگین و هەوا سازگارن و بەسەر شاری سلێمانیدا دەڕوانن، تەنها ٥كم لێوەی دوورن، لە زستاناندا هاووڵاتییان لەکاتی بەفر بارین سەردانی دەكەن، هاوینانیش لەبەر فێنكی و دیمەنی دڵڕفێن رووی تێ دەكەن، هەروەها ڕێگەی هاتۆچۆی سەدان گوندە لەنێوان ناوەندی و سلێمانی و شارباژێرو چوارتاو کۆمەڵێک شوێنی دیکە.

 

لە ئێستادا لە چیای گۆیژە کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان بەمەبەستى کردنی بە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون دەستیکردوە بە بڕینی چیاکە، بەڵام ئەم کارە کاردانەوەیەکى زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و هاوڵاتییان و ڕۆشنبیران و کەسایەتییەکان و توێژەکانى شاری سلێمانی نیگەرانن و داوا دەکەن ئەو پڕۆژەیە ڕابگیرێت.

 

دەستەیەک بەناوی "دەستەى داکۆکیکردن لە سروشتى سلێمانی" بە بەشداری ژمارەیەکى زۆر لە کەسایەتى و ژینگە دۆستان و ڕۆژنامەنووسان و ئەندازیاران و ڕۆشنبیران لەدژی تێکدانى سرووشتی شاری سلێمانی و بەتایبەت تێکدان و بڕینی سرووشتی هەردوو چیای گۆیژەو ئەزمەڕ ڕاگەیەندرا.

 

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیدا ئەندامانی دەستەى داکۆکیکردن لە سروشتی سلێمانی ئاماژەیان بەوەکرد، بەپێی قسەی شارەزایان و پسپۆران ئەو پڕۆژانەى کە بڕیارە لە بناری هەردوو شاخی گۆیژە و ئەزمەڕ بکرێن، ئەوا بەتەواوی سروشتی هەردوو چیاکەو و سلێمانی تێکدەدەن، کە ئەمە پێچەوانەى ماستەرپلانی شاری سلێمانییە کە دەسەڵاتدارانى ئەمشارە پەسندیان کردوە.

 

هاوکات داوا لە داواکاری گشتیی کرا بێتە سەرخەت و ئەم کەیسە بجوڵێنێت داواش لەسەرکردایەتى یەکێتی و گۆڕان کرا کە دەسەڵاتی ئەمشارەیان بەدەستە، ڕێزی ئەو هەموو داواکاریی و نیگەرانییەى هاوڵاتییان و خەمخۆرانی شاری سلێمانی بدەنەوە و تێکدانی سروشتی سلێمانی ڕاگرن.

 

سەرەرای کاردانەوەکان تا ئێستا بەدەر لە کۆمپانیاکە بۆ ئاشکراکردنی پڕۆژەکەی هیچ لایەنێکی فەرمی و حزبی وەڵامی هاوڵاتیانی سلێمانی نەداوەتەوە.